زانستی زیندەوەرزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-17-23:59:00 - کۆدی بابەت: 1412
زانستی زیندەوەرزانی

ناوه‌ڕۆك

زانستی زیندەزانی

زیندەزانی، یان زانستی بونەوەرە زیندووەكان بە ئینگلیزی (Biology)، لە دوو وشەی یۆنانی وەرگیراوە، ئەوانیش: (Bios) كە بە واتای ژیان و (Logos) كە بە واتای خوێندن و لێكۆڵینەوە دێت، ئەم زانستە گرنگی دەدات بە زیندەوەرە تاك خانەكانی وەك بەكتریا، و كارەكانی نێو ناوك و بچووكترین پێكهاتەكانی زیندەوەر، و زیندەوەرە فرەخانەكان، وەك ئاژەڵان و ڕووەك و كەڕووەكان، لەگەڵ پۆلێنكردن و شێوازی ژیان و گەشەكردن و پەرەسەندن و كاریگەرییان لەگەڵ ژینگەی دەرەوەیان.

پۆلەكانی زانستی زیندەزانی

زیندەزانی لە چەند پۆلێك پێكدێت، كە ئەوانیش لەگەڵ یەكتری بەندن و پەیوەستن پێكەوە بۆ تێگەشتنێكی تەواو، ئەوانیش:

* كیمیای ژیان(Biochemstry): لێكۆڵینەوە لە زیندەوەرەكان لەڕووی ئەو پێكهاتانەی كە لێیانەوە دروست بوون.

* زانستی ڕووەك(Botany): ورد دەبێتەوە لە خوێندنی زانستی ڕووەك و كێلگەكان.

* زیندەزانی خانەكان(Cellular Biology): لێكۆڵینەوە لە خانەكان، كە بە یەكەی سەرەكی پێكهاتنی زیندەوەرەكان دادەنرێت.

* زانستی ژینگە(Ecology): لێكۆڵینەوە لە زیندەوەرەكان لەڕێی چۆنیەتی كاریگەرییان لەسەر یەكتری و شێوازی خۆ گونجاندنیان لەگەڵ ژینگەكەیان.

* زانستی زیندەیی پەرەسەندن(Evolutionary Biology): ورد دەبێتەوە لە پەرەسەندن، و جۆراوجۆری بوونەوەرە زیندووەكان لە ڕابردوودا، لەگەڵ ئەسڵەكانیان.

* زانستی بۆماوەیی(Genetics): لێكۆڵینەوە لە زیندەوەرەكان لەڕووی سیفەتە بۆماوەییەكانیان.

* زیندەزانی گەردیلەكان(Moleculer Biology): لێكۆڵینەوە لە زیندەوەرەكان لەڕووی پێكهاتە بیۆلۆجییەكان كە لێی پێكهاتوون.

* زانستی ئەركی پەلەكان(Physiology): لێكۆڵینەوە لە زیندەوەرەكان لەڕووی پەلەكانیان(پارچەكانیان)، و ئەركەكانیان.

* زانستی ئاژەڵ(Zoology): لێكۆڵینەوە لەبارەی ئاژەڵان و هەڵسوكەوتەكانیان دەكات.

مێژووی زانستی زیندەزانی

زیندەزانی بە زۆر ڕووداوی مێژوویی گرنگدا تێپەڕیووە، كە دەكرێت بەسەر چەند سەردەمێكدا دابەش بكرێن، ئەوانیش:

سەردەمی سەرەتایی

نوسراوە سەرەتاكانی پزیشكی لە چەند شوێنێك دەستیان پێكرد، ئەوانیش: چین( كە دەگەڕێتەوە بۆ 2500 ساڵ پێش زایین)، هەروەها وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەكە( لە ساڵی 2112 پێش زایین)، هەروەها لە 1800 ساڵ پێش زایین لە میسڕ، مرۆڤەكان لەو سەردەمەدا پێویستیان بووە لەسەر ئاژەڵان و ڕووەكەكان زانیاری كۆبكەنەوە و بزانن، هەروەها لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونیان و چۆنیەتی دەستكەوتنی خۆراكیان.

سەردەمی كلاسیكی

سەرەتاییترین لێكۆڵینەوە زانستیەكانی ئاژەڵان و زیندەوەرە ئاوییەكان و ڕووەكەكان ئەرستۆ كردی، دواتر یەكەمین كتێبە ڕووەكییەكان نوسرانەوە، كە زانیاری لەسەر شێوازی ڕووەكەكان و ماوەی ژیانیان و چۆنیەتی بەكارهێنانیان هەبوو لەلایەن ثیوفراستۆس لە 300 ساڵ پێش زایین كە قوتابی ئەرستۆ بوو، دواتر جالینۆس لە 158 پێش زایین بابەتە نەشتەرگەرییەكانی نووسیەوە.

سەردەمی هەستانەوە

زۆر ڕووداو لەم سەردەمەدا ڕوویاندا، ئەوانیش:

  1. بەرهەمهێنانی ئامێری چاپكردن، و نووسینی یەكەمین كتێبەكانی زیندەزانی بە وێنەوە، كە ئەویش لەلایەن زانای ڕووەكناسی ئەڵمانی (لیۆنارد فۆكس)ـەوە لە ساڵی 1542 زایینی بوو، ئەوەش دوای ئەوەی كە كێشانی وێنەی هەڵدرین و شیكردنەوەكان لەلایەن لیۆناردۆ داڤێنشییەوە بوو.
  2. كۆكردنەوەی جۆرەكان و پۆلێنكردنیان بەپێی سیفاتەكانیان، و بەكارهێنانی ناونانی دووانی بە زمانی لاتینی، كە لەلایەن (كارلۆس لینیۆس)ـەوە ئەنجامدرا لە ساڵی 1735ی زایینی.
  3. دۆزینەوەی خانە، ئەوەش دوای ئەوەی (ڕۆبێرت هۆك) وردبینە سادەكەی بەكارهێنا بۆ پشكنینی پارچەیەك ماددەی وەرگیراو لە قەدی ڕووەك و تێبینی بوونی نموونەی ڕووەكی كرد.
  4. بڵاوكردنەوەی یەكەمین وێنەكانی بوونەوەری تاك خانە لە 1676ـی زایینی لەلایەن (ئەنتوان فۆن لیۆینهۆك)، دواتریش دۆزینەوەی خانەكانی ئاژەڵان لەلایەن (ثیۆدۆر شوان) لە ساڵی 1839ی زایینی.

سەردەمی ڤێكتۆری

ئەو ڕووداوە گرنگانەی لە سەدەی نۆزدەدا ڕوویاندا، ئەوانیش:

  1. ڕەتكردنەوەی ئەوەی كە زەوی تووشی داڕمانی یەك لەدوای یەك بووە، ئەویش لەلایەن (جۆرج كۆڤیێر) بۆ بەبەردبووەكان لە ساڵی 1812ـی زایینی.
  2. سەلماندنی ئەوەی هەموو زیندەوەرەكان پێكەوە پەیوەستن و یەك بنەچەیان هەیە، و جۆرە جیاوازەكان بەپێی تێپەڕینی كات گۆڕاون لەگەڵ كاریگەریكردنیان لەگەڵ ژینگە و بە شێوەیەكی جودا دروست نەبوون بەڵكو گۆڕاون، ئەمەش لە كتێبی (لەبارەی ڕاستی جۆرەكانەوە) كە (چارلز داروین) لە ساڵی 1859 بڵاوی كردەوە، ئەم كتێبە جیهانی گۆڕی.
  3. دۆزینەوەی زانستی بۆماوەیی، كە ئەویش مانەوەی سیفاتە لە وەچەیەكەوە بۆ وەچەیەكی تر، ئەویش لە ساڵی 1866 لەلایەن گریگۆر مەندڵەوە كە كارەكانی لە ساڵی 1900 ـدا دووبارە دۆزرانەوە.

شۆڕشی زیندەزانی

زانستی پزیشكی پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی هەردوو زانا (واتسۆن و كرێك) توانییان DNA بدۆزنەوە لە ساڵی 1953، و جۆری چارەسەری نەخۆش لەڕێی بۆهێڵی بۆماوەیی نەخۆشەكەوە گۆڕان، و پەلی دەستكرد دروستكران كە لەلایەن مێشكەوە كاری پێدەكرا، بەوشێوەیەش هەردوو زانستی تەكنەلۆژیا و زیندەزانی پێكەوە كۆكرانەوە.

بنەماكانی زانستی زیندەزانی

گرنگترین بنەماكانی زیندەزانی ئەمانەن:

  • هاوسەنگی: بوونەوەرەكان ڕكابەری دەكەن بۆ مانەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دۆخی سەقامگیری ژینگەی ئاژەڵان بكرێت.
  • پێكهاتە: هەموو زیندەوەران لە پێكهاتەدا هاوبەشن، كە هەر لە بەكتریا هەتاوەكو مرۆڤ لە خانە پێكهاتوون، كە ئەركی ئەوەیە لەگەڵ خانەی زیندەوەرانی دیكە كارلێك بكات.
  • پەرەسەندن: لیستی بەبەردبووەكان و لێكۆڵینەوە و بەراورد لە نێوان جەستە و ئەركی زیندوەران، و گۆڕانی بۆهێڵ و ناوكەترشەكانیان، هەموو ئەمانە ئەو بیرۆكەی چارلز داروین ڕووندەكەنەوە كە پێی وایە زیندەوەران بەپێی كات دەگۆڕێن.
  • جۆراوجۆری: لەكاتی گۆڕان لە ناوكەترشی زیندەوەران، یان گۆڕانی شێوەی كرۆمۆسۆمەكان، یان گۆڕانی ژمارەی كرۆمۆسۆمەكان، شێوەی جۆراوجۆر لە زیندوەران دروست دەبێت، كە ژمارەیان لە نێوان 5 ملیۆن بۆ 10 ملیۆن جۆردایە، زانایانیش جۆراوجۆری زیندوەرانیان لەسەر دوو جۆر داناوە:

1- ڕەفتار و پەیوەندی گۆڕینەوە: زانستی ژینگە یەكێكە لە زانستە گرنگەكانی زیندەزانی، چونكە لەوێدا ڕەفتار و پەیوەندی زیندوەران لێكدەدرێتەوە و لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت، هەروەها لەگەڵ ژینگەی خۆیشیاندا.

2- بەردەوامی: پاراستنی جۆراوجۆری، تەنیا بە زۆركردنی جۆرەكان دەكرێت(زاوزێ).

بەكارهێنانی زانستی زیندەزانی

زانستی زیندەزانی دەڕواتە نێو تەواوی كایەكانی ژیانی مرۆڤەوە، ئەوانیش:

1-خواردن و خواردنەوەكان: مرۆڤ خواردنی لە بەرهەمە زیندەییەكانەوە دەست دەكەوێت، كە سامانی ئاژەڵ و ڕووەكە، وەك: سەوزەواتەكان، میوەكان، ڕۆن، هەنگوین، بەڵام هەریەك لە پەنیر و كەرە و نان لەلایەن هەندێك میكرۆب و ئەنزیمەوە دروست دەكرێن، هەروەها ماددەی ئەندامی ڕووەك لەلایەن پاشەڕۆی ئاژەڵانەوە دروست دەكرێت كە ئەوەش سوودێكی ڕاستەوخۆی بۆ زەوی و ڕووەك هەیە.

2-جلوبەرگ و داپۆشین: بۆیە و ڕەنگەكان، نایلۆن، و ڕووپۆش و فەرش و سەرچەفەكان هەموویان لە ڕووەكەكانی لۆكە و كەتان و جۆرەكانی دی دروست دەكرێن، هەروەها لەگەڵ هەندێك جۆری دیكە كە لە خەڵوز دروست دەكرێن.

3-جوانی و ئاگاداری تەندرووستی: بەرهەمە پارێزەرەكانی جوانی و جوانكاری لە زانستی زیندەزانییەوە دروست دەكرێن، وەك: شامپۆ، خەنە، بۆنەكان و كەرەستەكانی جوانكاری و سابوون و جۆرەكانی دیكەی پاكۆكەرەوە.

4-گواستنەوە و خۆشگوزەرانی: مرۆڤ لەڕێی تایەی (مەتات) كاری گواستنەوە ئەنجام دەدات، هەروەها لەگەڵ بەلەمە تەختەییەكان و وەرزش لەسەر سەوزایی و گیا، هەروەها زۆرینەی كەرەستەكانی لە تەختە پێكهاتوون وەك كەرەستە موزیكییەكان.

5-باڵەخانە: تەختە، كرۆكی درەخت، و پارچەكانی دیكە لە دروستكردنی خانووبەرەدا بەكاردێن، هەروەها كاغەز و حیبر و پێنووسی دار، هەموویان لە ڕووەك دروست دەكرێن.

6-سوتەمەنی: بەنزین و گاز بەشێوەیەكی سروشتی لە گیاندارانی شیبووەوە دروست دەبن، هەروەها بە تازەیی سەرچاوەی وزە بەكاردێت بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی كاربۆن و پیسبوونی ژینگە بەهۆیەوە، كە لە قەوزەكان پێكدێن، هەروەها گەنمەشامی و گەنم و زەیتی دانەوێڵەكان و شێلم و شەكری چەوەنەر، كە بە سوتەمەنی زیندوو دادەنرێن(واتە بۆ خودی مرۆڤ).

7-چاودێری پزیشكی: زیندەزانی یارمەتی پزیشكان دەدات بۆ چارەسەری مرۆڤ و ئاژەڵان، هەروەها زۆرینەی دەرمانەكان لە ڕووەكەكان دروست دەكرێن، وەك: سلیلۆز كە ئەسپرینی لێ دروست دەكرێـت، هەروەها زۆر ڕووەكی دیكە كە دەرمانی دڵ و نەخۆشییەكانی شێرپەنجەشی لێ دروست دەكرێـت، هەروەها ڕووەكەكان برینپێچەكانیان لێ دروست دەكرێت.

ئەركەكانی زیندەزانی

زانستی زیندەزانی بۆ زۆر كەلێنی ژیان بەكاردێت، وەك:

1-لێكۆڵینەوە.

2-چاودێری پزیشكی

3-بەڕێوبردنی ژینگە و پارێزگاری لێی

4-فێركردن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، هەروەها لە قوتابخانە ناوەندی و سەرەتاییەكان.

5-تەكنەلۆژیای نوێ.

6-نووسینی ووتاری زانستی.

7-زانستی پزیشكی شەرعی.

8-دابەشكاری سیاسی لە لێكۆڵینەوە پزیشكییە زیندووەكان.

9-بەشی كار و بونیاندان.

10-ئابووری.

11-بیركاری.

12-هونەر، و كێشانی وێنەی ڕوونكردنەوە، و بواری زانستی.


سەرچاوەکان



4864 بینین