مامۆستای سەرکەوتوو ڕق لە دڵ هەڵناگرێت

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-27-23:43:00 - کۆدی بابەت: 1715
مامۆستای سەرکەوتوو ڕق لە دڵ هەڵناگرێت

ناوه‌ڕۆك

مامۆستای سەرکەوتوو ڕق لە دڵ هەڵناگرێت

پەیدا بوونی کێشە و سەرهەڵدانی گرفت لە ناو پۆلدا کارێکی ئاساییە، بە تایبەتی کاتێک قوتابیەک یان پۆلێک هەڵسوکەوتێکی ناشرین و نابەجێ بەرامبەر مامۆستا ئەنجام دەدەن، سەرهەڵدانی کێشە پێویستی بە چارەسەر هەیە، پێویستیشە بۆ ڕۆژی دواتر تەواوی ڕووداوەکە لە بیر بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر تۆ کێشەیەکت لەگەڵ یەکێک لە پۆلەکان هاتە پێش، لە هەمان کاتدا تۆش پۆلەکەت هێور کردەوە و ئامۆژگاریت دا بە قوتابییەکان، بۆلەکە ئاسایی بوویەوە، یاخود لە ڕێگای بەڕێوەبەرەوە گرفتەکەتان چارەسەرکرد، پێویست ناکات بۆ ڕۆژانی تر تۆ وا سەیری ئەو   قوتابیانە بکەیت کە هێشتا تاوانبارن و کێشەکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی وا بڕوانیتە قوتابیان کە ڕۆژێکی نوێ هەڵاتووە و هیچ کاریگەریەکی دوێنێت لەسەر نەماوە، جاری وا هەیە لەبەرامبەر کارێکی ناشرینی قوتابیەک تا کۆتای ساڵ مامۆستا هەوڵی تۆڵە سەندنەوە دەدات، بە چاوێکی ئاسایی سەیری قوتابیەکە ناکات، بەڵکو گەلێ جاریش بە ئەنقەست لە وانەکەش دەری ناچووێنێ، یاخود بە گرانکردنی پرسیارەکان و زۆرکردنی ئەرکی ماڵەوە تۆڵە لە قوتابیان دەکاتەوە، هەمیشە لە فرسەتێک دەگەڕێت سزای قوتابیەکە بدات، هەموو ئەمانە لە ئاستی کەسایەتی مامۆستا کەم دەکاتەوە،جگە لەوەی ئەم ڕق هەڵگرتنە، دوورە لە ئامانجەکانی پەروەردە و فێرکردن، ئەم ساڵ لەگەڵ یەکەم رۆژی قوتابخانە چوومە پۆلێکی دوانزەی ئامادەیی، یەکێک لە قوتابییە ئامادە بووەکان زۆر بێتاقەتی پێوە دیار بوو، منیش هۆکارەکەیم پرسی، وەڵامی دامەوە گوتی ((مامۆستا چ بڵیم!! ئەو دەرسەی ڕۆیشت مامۆستایەکمان لەلابوو، لە پۆلی دەیەک هەندێ ناخۆشی لە نێوانمان ڕوویدابوو، ئەویش کە منی ناسیەوە، یەکەم قسەی ئەوە بوو پێی گووتم تۆ ئەمساڵ دەرناچی، ئەم قسەیە لە ناخەوە برینداری کردووم و توشی شۆک هاتووم)) ئەم جۆرە رق هەڵگرتنە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەرگیز لەگەڵ کەسایەتی مامۆستا یەک ناگرێتەوە چونکە بڕیار وایە مامۆستا تا سەر ئێسقان لێبووردە و لێ خۆشبوو بێت. 


سەرچاوەکان



743 بینین