چاوەڕوانیکردنی دایک و باوک لە منداڵ بەدەر لە تواناکانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-13:53:00 - کۆدی بابەت: 1981
چاوەڕوانیکردنی دایک و باوک لە منداڵ بەدەر لە تواناکانی

ناوه‌ڕۆك

چاوەڕوانیکردنی دایک و باوک لە منداڵ بەدەر لە تواناکانی

توانای هەر کەسێک، بە منداڵیشەوە سنووردارە، واتە هەر کەسێک توانا و هێزێکی سنوورداری هەیە و ناتوانێ هەموو سنوورەکان تێپەڕێنی و هەر شتێکی گەرەکی بێت ئەنجامی بدات.
بەڵام زۆرێک لە دایکان و باوکان، لەم ڕاستییە حاشآ هەڵنەگرە تێناگەن، بۆەی ئەم هەڵەیە دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجام دەدەن و شتێک لە منداڵەکانیان دەخوازن، کە بەدەربێت لە تواناکانیان و نەتوانن جێبەجێی بکەن.
زۆر دایک و باوکی وا هەن زیاد لە ئەندازە چاوەڕوانییان لە منداڵەکانیان هەیە و گەرەکیانە لە هەموو کارێک، نەخاسمە لە بواری خوێندندا، پلەیەکی بەرز و شەهادەیەکی باڵا بەدەست بهێنن و لە کەسە هەرە باڵاکان و بلیمەتەکان بن! بۆیە فشارێکی زۆر دەخەنە سەریان، بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە و بابەتییانە و واقعبینانە بۆ توانا و بەهرەکانیان بکەن و بەبێ ئەوەی ڕەچاوی جیاتاکی بکەن و بزانن ئاخۆ منداڵەکانیان توانای ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانەیان هەیە یاخود نا؟!

هۆکاری ئەمەش بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ئاشنا نەبوون بە تواناکانی منداڵ.
  • نەخوێندەواری و نزمی ئاستی دایک و باوک.
  • هەبوونی چاوەڕوانییەکی زیاد لە منداڵ.
  • هەبوونی حەزی خۆسەپاندن و تاکڕەوی.
  • هەبوونی حەزی خۆدەرخستن و ناوداری.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زاستنی و پەروەردەییەکان.
  • ئاشنا نەبوون بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ.

ئەڵبەتە چاوەڕوانیکردنی دایک و باوک لە منداڵ بەدەر لە تواناکانی، زیانێکی زۆر بە منداڵ دەگەیەنێت، لەم چەند خاڵانەدا دەیخەینە ڕوو:

  • منداڵ دووچاری نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەروونی دەبێ.
  • بڕوا و متمانەی بەخۆی نامێنێ و ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت.
  • دووچاری هیلاکی و شەکەتییەکی زۆری هزر و جەستەیی دەبێ.
  • ناتوانێ ژیرانە بڕیاری خۆی بدات.
  • هزی تۆڵەسەندنەوە لە دەروونیدا گەشە دەکات.
  • فێرە درۆکردن دەبێ و پاساو بۆ بێ توانایی خۆی دەدۆزێتەوە.
  • لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی ڕادەکات.
  • هەست بە فشاریكی زۆری جەستەیی و دەروونی دەکات.
  • نابێتە کەسێکی داهێنەر و ئافرندە.
  • لە کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێ.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

پێویستە دایک و باوکەکان، توانا و بەهرەکانی منداڵەکانیان بناسن و لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ناسینە سەرەدەریان لەگەڵدا بکەن و فشار نەخەنە سەر منداڵ و باری شانی قورس نەکەن، تاکو لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو بێ، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • دەبێ دایک و باوک بەرپرسانە سەردەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتیانە و واقعبینانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵ بکەن.
  • دەبێ منداڵ بۆ دایک و باوک چەق بێت.
  • پێویستە دایک و باوک بزانن توانای هەر منداڵێک سنوردارە، بۆیە نابێ بەدەر لەو توانایەی کە هەیەتی، لە منداڵ چاوەڕوان بکرێت.
  • پیویستە دایک و باوک ڕێز لە بەهرە و توانا تایبەتمەندەکانی منداڵەکانیان بگرن و بە کەمی نەزانن.
  • پێویستە هاوکار بن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان پەی بە توانا شاراوەکانیان ببەن.
  • پێویستە دایک و باوک وەک چرایەک بۆ ڕۆشنکردنەوەی گۆشە تاریکەکانی ژیانی منداڵەکانیان و کردنەوەی گرێ کوێرەکانیان.
  • دەبێ دایک و باوک ڕێخۆشکەر بن بۆ گەشەدان بە توانا و بەهرەکانی منداڵەکانیان.


سەرچاوەکان



841 بینین