فەرمانکردن بەسەر منداڵدا لەجێی گفتوگۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-19:00:00 - کۆدی بابەت: 2031
فەرمانکردن بەسەر منداڵدا لەجێی گفتوگۆ

ناوه‌ڕۆك

فەرمانکردن بەسەر منداڵدا لە جیاتی گفتوگۆ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە فەرمانکردن بەسەر منداڵەکانیاندا، لە جیاتی دانوستان و گفتوگۆ، مخابن سەرەدەری هەندێ دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان وەک سەرەدەری ئەفسەرەکانە لەگەڵ سەربازەکانیان، واتە بەس فەرمانیان بەسەردا دەکەن و هیچ ڕێز و بەهایەک بۆ لایەنی بەرامبەر دانانێن، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە هەر لە منداڵییەوە لەسەر ئەم کارە ڕاهاتوون و گەورەکان بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون.
  • بەهۆی نەزانین و ئاشنانەبوون بە شێوازە دروستەکانی پەروەردە و فێرکردن.
  • خۆسەپاندن و خۆدەرخستن، بە تایبەتی لە ناو خەڵکدا.
  • ڕێزنەگرتن لە مافی بەرامبەر.
  • ئاشنانەبوون بە مافەکانی منداڵ.
  • نەخوێندەواری و نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.

ئەڵبەتە فەرمانکردن بەسەر منداڵدا و پەنا نەبردن بۆ دانوستان و گفتوگۆ لە کاتی سەرهەڵدانی کێشە و ئارێشەکاندا، زیانێکی زۆر بە منداڵ دەگەیەنێت و ژیانی بەرەو هەڵدێر دەبات و چارەنووسی دەخاتە مەترسییەوە، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ تووشی زەلیلی دەبێ و هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.
  • بڕوای بە خۆی نامێنێ و نەفسییەتی دەشکێت.
  • ناتوانێ پشت بە توانا و بەهرەکانی خۆی ببەستێت و لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت.
  • ڕقی لە دایک و باوک و کەسانی دیکە دەبێتەوە.
  • هەستی تۆڵەکردنەوەی لای منداڵ چەکەرە دەکات.
  • دەبێتە منداڵێکی ورەبەزیو و شکستخواردوو و ناسەرکەوتوو.
  • دەبێتە کەسێکی خۆسەپێن و تاکڕەو.
  • لە کاتی سەرهەڵدانی کێشەکام، هەمیشە لە جیاتی دانوستاندن، پەنا بۆ فەرمانکردن و دەمکوتکردن دەبات.
  • لە ژیاندا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک لەسەر بناغەیەکی ڕاست و دروست پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیان ڕێک بخەن و هاوسەنگی لە نێوان ئەرک و مافەکانیان بپارێزن، دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • پێویستە دایک و باوک خۆیان لە فەرمان کردن بپارێزن.
  • دەبێ بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک، پەنا بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ ببەن.
  • دەبێ خۆیان لە ناوزڕاندن و تەرقیکردنەوەی منداڵەکانیان بپارێزن.
  • دەبێ خۆیان لە تاکڕەوی و خۆسەپاندن بپارێزن.
  • دەبێ ڕێز لە مافی منداڵەکانیان بگرن.
  • دەبێ پردێکی پتەوی سۆز و خۆشەویستی لە نێوان خۆیان و منداڵ دروست بکەن و وەک دوو دۆستی گیانی بە گیانی بن.
  • دەبێ خۆیان لە هەر جۆرە توندوتیژییەک بپارێزن.
  • دەبێ خۆیان لە تەلقیندانی منداڵەکانیان بەدووبگرن.


سەرچاوەکان



944 بینین