گوێنەدان بە ترسەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-20:44:00 - کۆدی بابەت: 2133
گوێنەدان بە ترسەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

گوێ نەدان بە ترسەکانی منداڵ

منداڵ لە ژیانی ڕۆژانی خۆیدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ترس و بیمی جیاجیا دەبێتەوە، وەک: ترس لە مردن، ترس لە هاتوچۆ، ترس لە تاریکی، ترس لە جنۆکە، ترس لە هاوڕێی لاسار و کەڵەگا، ترس لە قوتابخانە، ترس لە تاقیکردنەوە و دەنەچوون و ترس لە هێنانی نمرەیەکی کەم، ترس لە ئاژەڵە دڕندەکان، ترس لە دز و ڕێگرەکان، ترس لە پۆلیس و کەسانی نامۆ و ...تاد.
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە گوی نەدان بە ترس و بیمەکانی منداڵ.
ئەلبەتە گوێ نەدانی دایک و باوک بەم هەموو ترسانەی کە لای مناڵ پەیدا دەبێت، بۆ چەندین فاکتەری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هەست نەکردنی دایک و باوک بەئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆیان.
  • خەمساردی و کەمتەرخەمی دایک و باوک.
  • ناوشیاری و بێئاگایی دایک و باوک.
  • ئاشنا نەبوونی دایک و باوک بە سروشت و تایبەتمەندییەکانی مندال.
  • گوێ نەدان بە خواستەکانی منداڵ.
  • نەبوونی کاتی پێویستە بۆ دانیشتن لەگەڵ منداڵەکانیان بەهۆی فرەکارییەوە.
  • بەهەند وەرنەگرتنی ترسەکانی منداڵ.
  • هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی.
  • پشتگوێخستنی بنەمای پرس و ڕاوێژ..
  • تێنەگەیشتن لە منداڵ.
  • نەخوێندەوەی منداڵ.
  • نزمی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • هەست نەکردن بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ترسەکانی منداڵ لەسەر گەشەی منداڵ لە گشت ڕوویەکەوە.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەگەر منداڵ ئەم هەموو ترسەی هەبێت و لە ناخییەوە هەست بە ترس و بیم بکات و دلنیا و ئاسوودە نەبێت لە ژیان و دواڕۆژی خۆی، دووچاری زیانێکی مەزن دەبێتەوە، کە دەتوانین لە چەند خاڵێکدا کورتیان کەینەوە:

  • منداڵ دەبێتە کەسێکی ترسنۆک و ورەبەزیو.
  • منداڵ ناتوانێ پشت بە توانا و شیانەکانی خۆی ببەستێت و متمانەی بە خۆی نابێت.
  • منداڵ دووچاری زیانێکی زۆری جەستەیی و هۆشی و هزری و زانستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ... تاد دەبێت.
  • منداڵ ناتوانێ بەسەر کۆسپ و ئاستەنگەکانی ژیاندا زاڵ بێت.
  • منداڵ لە گەمەكانی ژیاندا دەدۆڕێت.
  • منداڵ خۆی ل ەئەرک و کارەکانی دەدزێتەوە.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی بەدگومان و گومانی خراپ لە هەموو شتێک دەکات.
  • منداڵ متمانە و بڕوای بە دایک و باوکی نامێنێت.
  • مەودایەک دەکەوێتە نێوان دایک و باوک و منداڵەکان.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
  • خێزان و کۆمەڵگە بە گشتی، لە توانا و وزە و بەهرەکانی ئەو جۆرە منداڵانە بێبەش دەبێت.

چارەسەری ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی ترسی منداڵ بڕەوێتەوە و بتوانێ بە شێوەیەکی ئاسایی قۆناغەکانی ژیان ببڕێت، دەبێ دایک و باوکەکانی کار لەسەر نەهێشتنی هەموو ئەو ترسانە بکەن، کە بەرەو ڕووی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە ئەم هەنگاوانە بهاوێژن:

  • پێویستە بە باشی منداڵەکانیان بناسن.
  • پێویستە دایک و باوکان پلان و ئامانجیان هەبێت بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵ.
  • پێویستە لە ڕووی جەستەیی و رۆحییەوە لە منداڵەکانیان نزیک بن.
  • پێویستە لە ئاست متمانەی منداڵەکانیان بن.
  • دەبێ ترسەکانی منداڵ بەهەند وەربگرن و هیچ ترسێکی منداڵ بەبێ چارەسەر نەهێڵنەوە.
  • گەرەکە بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە سەرەدەری لەگەڵ ترسەکانی منداڵ بکەن.
  • نابێ دڵتەنگی و نیگەرانییەکانی مندال نادیدە بگرن.
  • پێویستە چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەهێشتنی ترسەاکنی منداڵ بدۆزنەوە.
  • پێویستە خۆیان هۆکار و سەرچاوەی ترس نەبن بۆ منداڵ.
  • پێویستە ئەو هۆکارانە نەهێڵن کە دەبنە هۆی دروست کردنی ترس و بیم بۆ منداڵ.
  • پێویستە هەماهەنگی و هاوکارییەکی تۆکمە لە نێوانی دایک و باوکدا هەبێت.
  • گەرەکە دایک و باوک ئاشنا بن بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکانی سەردەم.
  • پێویستە لە کاتی پێویست سەردانی کەسانی دەروونزان و پسپۆڕ و شارەزا بکرێت.
  • پێویستە دایک و باوک بزانن بۆچی و لەبەرچی منداڵ دەترسێت، چونکە دۆزینەوەی نەخۆشییەکە، نیوەی چارەسەرە و چارەسەرەکە ئاسان دەکات.
  • پێویستە دایک و باوکەکان، مندال بە تەنیا جێنەهێڵن.
  • پێویستە دایک و باوکان چاودێر بن بەسەر منداڵەکانیانەوە، بە تایبەتی لە ماڵەوە، کاتێ بەدیار تەلەفزیۆنەوە دادەنیشن، بۆ ئەوەی سەیری فیلمە ترسناکەکان نەکەن.
  • پێویستە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە منداڵ نەدرێت کەوا بە کەیفی خۆی و بە شێوەیەکی ئازادانە سوود لە ئەنتەرنێت وەربگرێت، چونکە ئەم کارە زۆر بڤە و مەترسیدارە!!
  • پێویستە دایک و باوکەکان ڕۆڵیان هەبێت لە ڕەواندنەوەی ترسە فرە جۆرەکانی منداڵ.
  • پێویستە دایک و باوکەکان ئەو هەستە بۆ منداڵ دروست بکەن کەوا جددین لە نەهێشتنی ئەو ترسانەی کە بەرەو ڕووی دەبنەوە.
  • پێویستە دایک و باوک هەمیشە بەشێک بن لە چارەسەر، بەشێک نەبن لە کێشە.
  • پێویستە هاوکاری و هەماهەنگییەکی زۆر باش لە نێوان دایک و باوکی منداڵ لە لایەک، و دایک و باوکی منداڵ لە قوتابخانە و مامۆستایان لە لایەکی دیکەوە هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە ترسەکانی منداڵ بڕەوێننەوە و چارەسەر بکەن.
  • پێویستە ڕێگە بە منداڵەکانیان بدات کەوا ئازادانە گوزارشت لە ترس و بیمەکانی خۆیان بکەن.


سەرچاوەکان



1212 بینین