منداڵ تێڕوانینی بۆ خۆی هەیە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-03:02:00 - کۆدی بابەت: 2248
منداڵ تێڕوانینی بۆ خۆی هەیە

ناوه‌ڕۆك

منداڵ تێڕوانینی بۆخۆی هەیە

منداڵ تێڕوانینی بەردەوامی بۆ خۆی هەیە، هەر ئەم قۆناغەیە وا دەکات هەندێک گۆڕانی بنچینەیی لە قۆناغەکانی داهاتوویدا بنیاد بنێت، لەو ڕووەی یەکەمین قۆناغی گەشەیەتی گەر تێڕوانینەکانی لای خودی خۆی مابێتەوە یاخود دەوروبەر پێی ئاشنابن فراوانترین وەهمی هەیە بە مەبەستی ڕازیکردن و خۆ ناساندن بە دەوروبەر، ئەم فراوانیە زۆر بە ئاشکرا لە وتە و کار و کاردانەوەیدا دەبینرێت، هەڵبەت پاکی و سافی لێ چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەوەی سەرەتای ڕووبەڕوونەوەیەتی لە خێزان و لە کۆمەڵگەدا.

زۆربەی منداڵان بە شێوەیەکی باش و جوان لە خۆیان دەڕوانن بە مەرجێک ئەو منداڵە لەلایان گەورەتر لە خۆی و بەرپرسانی یەکەمەوە ڕووبەڕووی حاڵەتی دەروونی و جەستەی نەبوبێتەوە، لە نێو کۆمەلگە داخراوەکان زۆربەی کات دەوروبەر بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە ویستراوی یان نەویستراوی بەشدارن لە ئاستی تيڕوانینەکانی منداڵان پێ دەچێت لەڕێی هەندێک لە کەسانی ناشارەزاوە ڕێگەی تێڕوانینەکانیان بنەبڕ بکرێت و تێڕوانینەکان بڕیار بدرێت و بشێوێندریت کە زۆربەی کات ئەو تێڕوانینانەی بۆی دروست دەکرێت نەشیاوە چونکە بە ویستی بیرکردنەوەی ئاستی تەمەنی خۆی نییە.
هەر بۆیە لەزۆربەی منداڵاندا داڕمان و خەمۆکی دروست دەکات و وا دەکات منداڵان ڕەشبینانە و بە هەڵپە و تێکچون و بە چاوی کەم لە خۆی بڕوانێت، بەردەوام بوونی ئەم حاڵەتەش وا دەکات لە قۆناغەکانی داهاتووشدا لە بەلایی دروست ببێت لە تێڕوانینەکانیدا هەمیشە کەسایەتیەکی لاواز و بێهێزی بێنێتە گۆڕ، لێرەدا ئاماژە بە سێ لایەنی بنەڕەت دەکەین کە کاریگەرن لە ڕووی تێڕوانینەکانی منداڵەوە.

١- ئەو هۆکارانە چین کە وادەکات منداڵ تێڕوانینی باش و جوانی بۆخۆی هەبێت.
٢- پێویستە تێڕوانینەکانی منداڵ جیابکرێتەوە لەگەڵ کارو کردەوەکانی.
٣- ئەو ڕێگایانە چیە کە وادەکات گەورەکان و دەوروبەر بەشدار نەبن لە تێروانینەکانی منداڵدا، ڕێنمایی و ئامۆژگاری لە بەرەنجامی کردەوەکانی جیابکرێنەوە لەگەڵ بەشداربوون و بڕیاردان لە تێڕوانینەکانی زۆرینەی ناوەڕۆکی ئەم سی خاڵە پێکدێت لەوەی تا چەندێک دایک و باوکی منداڵ وشیارن بە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ منداڵەکانیان لەڕووی پێدانی مافە سەرەتایەکانیان لە ڕوی ماددی و مەعنەوییەوە جیاوازی لەگەڵ نەکرێت لە ڕووی بیر و ڕاکانی لە نێوان خوشک و براکانی بەو واتایە ڕێز لە هەست و بۆچونەکانی بگیرێت لەکاتی دەربڕینی قسەدا، بەو واتایەی قسەی پێ نەبڕدرێت و ڕووی تێبکرێت لە هەندێک لە حاڵەتدا بەشدار بێت و ڕای وەربگیرێت، لەهەر مانایەکی ناحاڵی بووندا ڕوونکردنەوەی بۆ بکرێت و وەڵامی پرسیارەکانی بە ئاسانی بدرێتەوە، لەکاتی کردەوەیەکی نەگونجاودا یان ڕووداوێک بەسەری دێت ڕێنمایی و ئامۆژگاری بکرێت وە بە پێچەوانەوە سزا نەدرێت و قسەی نەشیاو و ناو ناتۆرەی لێ نەدرێت، هەرکات کێشەیەکی هەبوو بە نهێنی بەتەنها لەلای خۆی نەمێنێتەوە بەڵكو پێویستە دانەبڕێت لە دایک و باوکی بە هەمان شێوە کێشەکانی دایک و باوک نەخرێتە بەرگوێی، هەوڵی بەشداری کردنی بدرێت لە بۆنە و جەژن و ئاهەنگدا ئاسانکاری بۆ بکرێت لە چوونەدەرەوە و پەیداکردنی هاوڕێ بەپێی تەمەنی، ساڵانە ئاهەنگی یادی لە دایکبوونی بۆ ئەنجام بدرێت بە پێی توانا گەر میهنەیەکی هەبوو پەرەی پێبدرێت و گەشەی تێدا بکات، یاخود بخرێتە بەر کار و بەتاڵیەکانی جگە لە کاتی پشو بۆ پربكرێتەوە، کێشەکان و کەم کورتەکانی نەخرێتە بەردەم هاوڕێکانی، مافی هاوڕێکانی نەدرێت بەسەر منداڵەکەدا، پشتگیری بکرێت لەبەرچاو هاوڕێکانی و تەریق نەکرێتەوە و بەدرۆی نەخرێتەوە، پێویستە لە خوێندندا پشت بە خۆی ببەستێت و ئاسانکاری بۆ بکرێت لە ڕووی هاتوچۆکردن، لەکاتی جێبەجی کردنی ئەرکی وانەکانی زۆری لێنەکرێت و بەپێی توانای خۆی بێت، لەکاتی سەرکەوتنیدا لەهەر کارێک خەڵات بکرێت، بەپێی ئارەزووە تایبەتەکانی خۆی بخوات و بخەوێت، ڕەنگ هەڵبژێرێت و جل و بەرگ و پێویستەکانی خۆی بەویستی خۆی بپۆشێت، واتە بەسەریدا نەسەپێنرێت.

لە کۆتاییدا پێویستە هیچ مافێکی بەرەوپێشبردنی تێڕوانینەکانی نەخرێتە چوارچێوەی نازپێدان چونکە دەرچونی لە ڕادەبەدەری مافی منداڵ بەرەو سەرکەشی دەبات منداڵێکی ڕقاویی و تۆڵەسێن و خۆبەزلزانی لێدەردەچێت و ئیرەیی تێیدا گەشە دەکات و ڕەفتاری گەورە دەکات منداڵیەکەی بونی نامێنێت، بۆیە هەمیشە ئەم جۆرە منداڵانە بە گاڵتەوە لەکارەکانی دەوروبەری دەڕوانێت.


سەرچاوەکان



956 بینین