گردەکانی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-15-23:03:00 - کۆدی بابەت: 2290
گردەکانی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

گرد (تەپۆڵکە)ـکانی کوردستان

گردەکانی کوردستان بە زۆری لە زنجیرەیەکی خوارخێچی چەماوە پێک هاتووە. لە چاو چیاکانی دەوروبەریان، زۆر بەرز نیین، بەڵام ئەگەر لە نزیک ئەو چیایانەوە نەبوونایە، ئەوا هەر یەکەیان بۆ خۆی چیایەک دەبوو. ئەم گردانە کەڵکیان زۆرە، لە لایەکەوە بۆ چاندنی دەغڵودان بەکار دەهێنرێ و لە لایەکی دیکەشەوە بە دەیان مێگەلی مەڕ و ماڵاتی لێ دەلەوەڕێندرێ. هەندێ لەو گردە بەناوبانگانەی کوردستان ئەمانەن:

بایەزید 

لە باکووری ئەم گردەوە، چیاکانی ئاگری (ئارارات) گەورە و گچکە و لە باشوورەوە چیاکانی تەندروک هەیە. لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ماکۆ و خۆی درێژ دەبێتەوە، جادەی نێوان کوردستان و ئێران و تورکیا، بە نێو ئەم گردانەدا تێپەڕ دەبێ.

بەرزنجە

لە باکووری ئەم گردەوە، چەمی قەڵاچوالان و لە ڕۆژهەڵاتەوە چیاکانی هەورامان و لە باشوورەوە دەشتی شارەزوور هەڵکەوتوون، لە تەنیشت گردی بەزرنجەوە کۆمەڵە چیایەکی بڵند هەیە، کە بەرزایی هەندێکیان لە ڕووی زەریاوە، خۆی لە ٢٢٠٠ مەتر دەدات، وەکو چیاکانی کورەکاژاو، کالاکرە.

پاسینلەر

پاسینلەر دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیایەکەوە. لە باکوورەوە بە چیاکانی کارگابازار و لە باشوورەوە بە چیای پالاندۆگین (٣١٢٤ مەتر) و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بە پشتە چیاکانی تالا (٣١٣٤ مەتر)، چواردەوری دراوە. گردی پاسینلەر، لە هەندێ سەرچاوەی جوگرافیدا، بە گردی ئەرزەڕۆم تۆمار کراوە، ئەم گردە بایەخی ئابووری بۆ کوردستان زۆرە، بە تایبەتی لە بەشی بەرهەمهێنانی دە‌غڵوداندا، وەکو گەنم و جۆ، ئەمەش دوای ئەوەی هێڵی ئاسنینی نێوان ئەرزەڕۆم و ئەنقەرە ڕاکێشرا، بە تەواویی بایەخی ئابووریی ئەم گردە زیادی کرد، بەرزایی گردی پاسینلەر لەسەر ئاستی زەریاوە، دەگاتە ١٧٥٠ مەتر. لە ڕۆژهەڵاتی ئەم گردە، لە چاو ڕۆژئاوایدا بەرزترە و چەمی ئارپاچای بە نێو ئەم گردەدا دەڕوات.

پشدەر

ئاوی سیروان لە باکوورییەوە، دۆڵی سیوەیل لە باشوورییەوە، قەڵاچوالان لە ڕۆژئاوایەوە هەڵکەوتوون. چەند چیایەک لە نێو ئەم گردەدا قوت بوونەتەوە، لە هەموویان گرنگتر، چیاکانی کەنێو (٢٣١٦ مەتر) و سەرشو (٢١١٦ مەتر).

پێنجوێن

گردی پێنجوێن، لە هەر چوار لاوە بە زنجیرە چیایەکی ئاڵۆز دەورە دراوە، وەکو چیاکانی قایە و هەرزەلە و یاسمال ...تاد. بەرزایی ئەو چیایانە لە نێوان ١٥٠٠-٢٠٠٠ مەتردا دەبێ. لە ڕووی ئابوورییەوە، گردی پێنجوێن بە زۆری بۆ لەوەڕگا بەکار دەهێنرێ.

چوارتا

لە نێوان دۆڵی سیوەیل و قەڵاچولاندا هەڵ کەوتووە. چیای سەرسیر (١٥٨٩ مەتر)، بە یەکێ لە چیاکانی ئەو گردە دەژمێردرێ.

کەرکووک

گردی کەرکووک لە نزیک ڕووباری دیالەوە دەست پێ دەکات و بەرەو ڕۆژئاوا درێژ دەبێتەوە، هەتاوەکوو دەگاتە دەشتی هەولێر، بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە،لە نێوان ٦٠٠-١٠٠٠ مەتردایە. ئەم گردە لای ڕۆژئاوای (٥٠٠ مەتر)، لە چاو ڕۆژهەڵاتیدا (٣٠٠ مەترە)، بەرزترە. پەیدابوونی گردی کەرکووک، بۆ بەرزبوونەوەی زەوی دەگەڕێتەوە. چیاکانی ڕۆژئاوایان، زۆربەیان لە ئەنجامی بزوتنەوەیەکی پێچاوپێچی چەماوەدا دروست بوون، کە لەم چیایانە پێک هاتوون: تساق، خەڵخاڵان و ...هتد. چیاکانی ڕۆژهەڵاتیش، وەکوو باسکی زەنوور و ئۆمەردەلی ....هتد.
زێی گەورە و لقەکانی ڕووباری عوزێم (خاسە، تاوغ، ئاوەسپی) گردی کەرکووکیان لە زۆر جێگادا بڕیوە و بوونەتە هۆی پەیدابوونی چەندین گرد و شیو، لە نێوان ئەم گردانەدا، چەند دەشتێکی تەسک هەن، وەکو دەشتی ئاوەسپی.

کواندە

کەوتۆتە باکووری شاری دهۆکەوە. بەرزاییەکەی لەسەر ڕووی زەریاوە، لە نێوان ٢١٠٠-٢٤٣٠ مەتردایە. گردی کواندە بەردەڵانە و بە چیای بڵند و ڕک دەورە دراوە، کە لە زستاناندا بەفرێکی یەکجار زۆریان لێ دەبارێ.

گەوەر

بەرزایی ئەم گردە لە ڕووی زەریاوە، ٢٠٠٠ مەتر دەبێ. ڕووبەرەکەی ٢٥٠ کچگە، کە لە ١٥٪ی زەلکاوە، چیای جیلو (٤١٦٨ مەتر) لە باکوورییەوە هەڵکەوتووە. بەرزترین چیای ئەو نێوچەیە و بە درێژایی ساڵ، بەفر لەسەر لوتکەکانی ناتوێتەوە.

مەلاتیە

لە باشووری چیای بۆزەوە (٢٥٨١ مەتر) هەڵکەوتووە، زەوییەکەی بە زۆری لە قوڕ و زیخ پێک هاتووە. لە هەندێ شوێنیدا کشتوکاڵی لێ دەکرێت، بە تایبەتی گەنم و جۆ. هەندێ شوێنی دیکەش بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات زۆر باشە.

مەلازکیرت

چیای بینگۆڵ (٣١١١ مەتر) دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای و چیای سیپان (٤٠٥٨ مەتر) لە باشووری ڕۆژهەڵاتییەوەیە، ئەم گردە بەرزاییەکەی ١٥٠٠ مەتر لە ڕووی زەریاوە دەبێ، خاکەکەی لە مەتیریاڵە نیشتووەکانی زەلکاوی بازیلت پێک هاتووە. لە باشووری مەلازگددا، دوو گۆمی گچکە هەن، یەکەمیان پێی دەوترێ هاچلی (١٦ کچگ)، بەرزاییەکەی ١٥٨٣ مەترە و دووەمیشیان ناوی نازیکە (٤٨ کچگ)، کە بەرزاییەکەی ١٨١٢ مەتر دەبێت.

موسڵ

لە ڕۆژهەڵاتییەوە زێی گەورە و لە ڕۆژئاواوە چیاکانی شەنگار، برایم و عەتەشانە. بەرزاییەکەی لە نێوان ٣٠٠-٤٥٠ مەتردایە. ڕووبەرەکەی ناڕێکە و گەلێک چیا و گردی نزمی تێدایە، بەڵام بەرزاییەکانیان لە ٣٠٠ مەتر لەسەر ئاستی زەریاوە، زیاتر نین، جگە لە چیای مەقلوب، کە بەرزاییەکەی ١٠٥٧ مەتر دەبێت.

موش

لە باکوورەوە پشتە چیاکانی بینگۆڵ (٣١١١ مەتر)، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە چیای نەمرود (٢٨٢٨ مەتر). تێکڕاوی بەرزایی گردی موش ١٤٠٠ مەترە. ڕووبەرەکەی ١٦٠٠ کچگە، خاکەکەی زۆر بە پیت و بڕشتە، لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا لە مەتیریاڵە نیشتووەکان پێک هاتووە، کە ئەستوراییەکەی لە نێوان ٨-١٠ مەتردایە. لە ڕۆژهەڵاتی ئەم گردەدا، نێوچەیەکی زەلکاو هەیە، کە ڕووبەرەکەی ٦٠ کچگ دەبێ.


سەرچاوەکان



2324 بینین