توندوتیژی خێزانی بەرامبەر منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-16-20:54:00 - کۆدی بابەت: 2313
توندوتیژی خێزانی بەرامبەر منداڵ

ناوه‌ڕۆك


توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە منداڵ

دەتوانین بڵێین لە ناو کۆمەڵگای کوردستانیدا، توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە منداڵ دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری پەروەدەیی و لە ئاستێکی زۆر بەرزیشدایە، یەکێ لەو لێکۆڵینەوانەی کە لە شاری هەولێر و شاری دهۆک ئەنجام دراوە لە ساڵی ٢٠٠٦، بە ڕێژەی ٩٥٪ دایک و باوکانی بەشداربوو لە شاری دهۆک بڕوایان بە بەکارهێنانی توند و تیژییە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، هەروەها بە ڕێژەی ٨٣٪ دایکان و باوکانی بەشداربوو لە شاری هەولێر بڕوایان بە بەکارهێنانی توند و تیژییە لە پڕۆسەی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان.
دەتوانین بڵێین ترس هۆکاری گەورە و بەربڵاوی بەکارهێنان و پەنا بردنە بەر توند و تیژییە، چونکە کاتێک دیکتاتۆرێک خەڵک لەناو دەبات و خەڵک دەکوژێت لە ترسی خۆی وا دەکات، بەڵام سەبارەت بە بەکارهێنانی توند و تیژی لە ناو خێزان جیاوازە، واتە کاتێک باوکێک یان دایكێک لە منداڵی خۆی دەدات ئەوە لەبەر ترس نییە، بەڵکو لە خۆشەویستییە، ئەو دایک و باوکانە منداڵی خۆیان خۆش دەوێت بۆیە لێیان دەدەن، مەبەستیان دوورخستنەوەی ئەو منداڵەیە لە کاتی خراپ و ڕەوشتی نا ڕێک و پێک و نادروست، ئەوان ئاگایان لەوە نییە کە زیانێکی گەور بە مندالەکانیان دەگەیەنن بەهۆی بەکارهێنانی توند وتیژی بەرامبەریان، بەڵکو تەنها لایەنی پۆزەتیڤی سەرەنجامی توند و تیژی لەبەرچاو دەگرن.

بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵ دەبیتە هۆی

  • لاواز بوونی کەسایەتی منداڵ
  • باوەڕ بە خۆ نەبوون.
  • منداڵ ناتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، بەڵکو هەمیشە پشت بە کەسانی دەوروبەر دەبەستێت.
  • منداڵ توانای دەستپێشخسەری نابێت لە ئیش و کاردا.
  • منداڵ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی لاواز دەبێت.
  • ناتوانێ بڕیار بدات لەسەر چآرەنووس و شێوازی ژیانی.
  • هەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترسدا دەژی.
  • زۆربەی کات خەوی ناخۆش دەبینێ، یان لە خەو ڕادەچڵەكێ.
  • شەوانە میز بە خۆیدا دەکات.
  • ژەمی خواردن و خواردنەوەی تێک دەچێ.
  • لە خوێندن و قوتابخانە دوا دەکەوێت، ئەگەر هاتوو قوتابی بوو.
  • تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت.
  • فێری بەکارهێنانی توند و تیژی دەبێت

كە ئەمەشیان بە دوو شێوەیە:
یەکەمیان: فێربوونی ڕاستەوخۆ، واتە توندوتیژییەکە دەکەوێتە سەر خۆی، بۆ ئەوەی دەست لە ڕەفتارێک یان شتێک هەڵبگرێ.
دووەمیان: فێربوونی ناڕاستەوخۆ، واتە منداڵەکەت دەبینێت گەورەکە بە بەکارهێنانی توندوتیژی بە ئەنجامێک دەگات، یان ئامانجێکی دەپێکێ، یان بە بەکارهێنانی توندتویژی دەسکەوتێک بەدەست دەهێنێ. هەر وەکو پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێ: گەورە ئاو دەڕێژێ و بچووکیش پێی لێدەخشێنێ، واتە منداڵ هەمیشە لاسایی لە خۆی گەورەتر دەکاتەوە و شتی لێ فێر دەبێ، بۆیە سەرەنجام دەبینین لە کاتی دروست بوونی بچوکترین گرفت لە پێشی پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی توند و تیژی.

بۆ نموونە: کاتێک باوک یان دایک بە منداڵەکەی دەڵێ مەچۆ شوێنی دوور نەوەک وون بی یان بزر بی، یان یاری مەکە تا جل و بەرگت پیس نەبێ یان ئەو یارییە مەکڕە خراپە و منداڵ ئەزیەت دەدات یان دەرسەکانت بخوێنە و ئەرکی قوتابخانەت جێ بە جێ بکە ..هتد، کاتێک منداڵەکە بەگوێی دایک و باوکی نەکرد، ئەوا کاتێک چووە دەرەوە نەتتوانی بگەڕێتەوە مالەوە و ڕێگای ماڵەوە ون کرد، یان یاری کرد و جل و بەرگی پیس کرد یاخود ئەو یارییەی کڕی کە حەزی لێبوو، بەڵام دایک و باوکی ئامۆژگارییان کردبوو کە نەیکڕێت، دەبینین لە کاتی دیتنەوەی منداڵەکە دایک و باوکەکە لە جیاتی دڵخۆشی و لەباوەش گرتنی منداڵەکە بۆ ئەوەی نەترسێ یاخود دڵەڕاوکێی منداڵەکە بڕەوێننەوە، یەکسەر پەنا دەبەنە بەر توند و تیژی و منداڵەکە دەدەنە بەر شەق و سەرزەنشتی دەکەن، یاخود کاتێک منداڵەکە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان وەردەگرێتەوە و لە چەند وانەیەک کەوتووە، ئەوا ئەو دایک و باوکە لە بری ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن چ کێشەیەکی هەیە تا چارەسەری بکەن، یاخود سەردانی قوتابخانەی منداڵەکانیان بکەن و پرسیاری ئاستی منداڵەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن لە وانەکان کێشەی هەیە یان نا، یەکسەر پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی توند و تیژی و لە مندالەکە دەدەن، لەبەر ئەوەی بەگوێی دایک و باوکی نەکردووە و سەرپێچی لە قسەیانی کردووە، واتە بەکارهێنانی توند و تیژی لە لای دایک و باوک، لە پڕۆسەی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لە خۆشەویستی و ئاگا لێبوونە لە منداڵەکانیان نەوەک لەبەر ترس و ڕق لێ بوون.


سەرچاوەکان



4464 بینین