ڕاهێنانی سوپاس کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-21:02:00 - کۆدی بابەت: 2336
ڕاهێنانی سوپاس کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی سوپاس کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

با بزانین چ کاتێک سوپاسی خەڵک دەکەین؟ بۆچی پێویستە سوپاسی ئەو کەسانە بکەین، کە لەگەڵیان دەژین، یان لەگەڵیان هەڵس و کەوت دەکەین؟ گرنگی سوپاس کردن لە چیدایە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەمانەوێت لە ڕێگایانەوە گرنگی فێربوونی ڕاهێنانی سوپاس کردن باس بکەین.
یەکێ لەو ووشە سادە و جوانانەی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی، واتە بە جیاوازی ڕەگەز و تەمەن و نەتەو و ئاین و ئایدیا و ڕەنگەوە، حەزی لێیە گوێ بیستی بێ و هەست بە گرنگی خۆی دەکات و متمانەی بە خۆی زیاتر دەبێت، ووشەی سوپاس ئەو ووشەیە کە وا کاری جوان و باش لە کاری ناشرین و خراپ جیا دەکاتەوە، واتە کاتێک کەسێک چاکەیەکت لەگەڵدا دەکات و هاوکاریەکت پێشکەش دەکات سادەترین وەڵامی ئەو چاکەیەی لەگەڵدا دەکات و هاوکاریەکت پێشکەش دەکات سادەترین وەڵامی ئەو چاکەیەی یان ئەو هاوکاری کردنەی، بەکارهێنانی وشەی سوپاسە بەرامبەر بەو کەسە، بە پێچەوانەوەش نابینین سوپاسی ئەو کەسانە بکرێت کە وا کاری ناشرین و نابەجێ دەکەن، وەک ئەوەی کەسێک ئازاری ئەو کەسانە بدات و پێی بڵێت سوپاست دەکەم بۆ ئەو ئازاردانە، ڕەنگە هەندێ جار لە باری ناخۆش و نابەجێ ووشەی سوپاس بەکار بهێندرێت، بەڵام ئەم جۆرە بەکارهێنانە بە شێوەی توانجە، نەوەک بە شێوەی دروستی خۆی.
زۆر پێویستە ڕۆژانە ووشەی سوپاس بەرامبەر بەو کەسانە بەکار بهێنین و دەست خۆشیان لێ بکەین، کەوا کاری چاک دەکەن و هاوکاری خەڵک دەکەن. تاوەکو وەکو پاڵپشتییەکی دەروونی بێت بۆیان، هەروەها بە بیریان بهێننەوە کەوا ڕۆڵ و بوونیان لە ناو گروپ و کۆمەڵگا زۆر گرنگە، لە لایەکی ترەوە بەهۆی ئەو پێوتنەوە و بە بیرهێنانەوەیە، ئەو مرۆڤانە بەردەوامی بەو کار و چالاکییانە دەدەن، کەوا لە بەرژەوەندی خەڵک و کەسانی دەوروبەریاندایە و گرنگی ڕۆڵ و بوونی خۆیان دەچەسپێنن و جۆرە هێزێکی دەروونی لە ناخیان دروست دەبێت.
بەڵام ئەگەر هاتو کەسێک کاری چاکەی کرد و هاوکاری بەپێی توانا پێشکەش کرد و ئەو هەوڵ و ماندبووبوونەی کە دەیدا، بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ سەیر نەکرێت و سوپاسی نەکرێت لەسەر ئەو کارە چاکە یان دەسخۆشی لێ نەکرێت، ئەوا لەوانەیە جۆرە ساردبوونەوەیەک لە دەروونی ئەو کەسە دروست بێت، بەمەش تام و خۆشی لەو کار و چالاکییە نابینێت کە ئەنجامی دەدات، سەرەنجامیش وەکو کۆمەڵگا بێبەش دەبین لە توانا و هێزی ئەو کەسە.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی سوپاس کردن

هەنگاوی یەکەم

بڕیاربدە سوپاسی ئەو کەسە بکەی، کە شتێکی گوتبێت یان شتێکی کردبێت کە مایەی سوپاس کردن بێت.
واتە پێویستە سوپاسی ئەو کەسانە بکەین، کەوا نەک تەنها کاری چاک دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەی قسەی باشیش دەکەن.

هەنگاوی دووەم

کات و شوێنی گونجاو هەڵبژێرە بۆ سوپاس کردنەکە.

واتە کاتێک و شوێنێکی گونجاو هەڵبژێرە، بۆ ئەو کەسەش گونجاو بێت کە سوپاسی دەکەی، بۆ نموونە تۆ بێی سوپاسی کەسێک بکەی لە کاتژمێر دوازدەی شەو یان پێنجی بەیانی ...هتد، بەڵکو پێویستە کاتەکە گونجاو بێت، ئەگەر هاتوو لە پێش چاوی خەڵکیش بێت باشترە بۆ ئەوەی پاڵنەرێکی باشتر بێت بۆی، هەروەها لەوانەیە خەڵکێکیش چاوی لێ بکەن بۆ ئەوەی هەمان گوفتاری یان کرداری باش بکەن.

هەنگاوی سێیەم

بیر لە ڕێگای جیاواز بکەوە بۆ سوپاس کردنەکەت و ڕێگایەکی گونجاو هەڵبژێرە..

واتە شێواز و ڕێگای دەربڕینی سوپاس کردنەکەت چۆنە؟ بە شێوەی نامە نووسینە بۆ ئەو کەسەی دەتەوێت سوپاسی بکەیت، تەلەفۆن کردنە بۆی، تەوقەکردن و ماچ کردنیەتی، دیاری بۆ دەکڕی ...هتد.

هەنگاوی چوارەم

هۆی سوپاس کردنەکەتی پێ بڵێ.

واتە بە بیر هێنانەوەی ئەو کارەی کە کەسەکە کردوویەتی، یان بە بیرهێنانەوەی ئەو قسەیەی کە کەسەکە کردوویەتی، بۆ ئەوەی بەدەوام بێت لەسەر ئەم جۆرە کار و قسانە و بەردەوامیان پێبدات.

تێبینی

زۆر گرینگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە پێویستە سوپاس کردنەکە بە زمانێکی شێرین و ڕووێکی خۆش بێت و کەسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش گوێی گرتبێ.


سەرچاوەکان



1327 بینین