ڕاهێنانی پرسیار کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-21:16:00 - کۆدی بابەت: 2337
ڕاهێنانی پرسیار کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی پرسیار کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

یەکێ لەو ڕێگایانەی مرۆڤ بەهۆیەوە فێری زانست و زانیاری دەبێت، پرسیار کردنە، چونکە هەموو مرۆڤێک خەزێنەیەکی زانیاری تایبەت بە خۆی پێیە، جیاوازە لە خەزێنەی زانیاری کەسێکی تر، ئەمیش بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە جیاوازی تەمەن، ئاستی خوێندەواری، ئەو ژینگەیەی تێدا ژیاوە، ئەو خێزانەی تێیدا گەورە بووە، دۆست و برادەر، ئاستی ڕۆشنبیری ..هتد.
بە هۆی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە گشت بوارێکەوە، بە تایبەتی لە ڕووی زانست و تەکنەلۆجیاوە، سەردەم پسپۆڕایەتییە و هەر کەس لە بوارێک پسپۆڕی وەردەگرێت، ئەگەر هاتوو دەرفەتی بۆ ڕەخسا لە بوارێکی تریش خەریکی وەرگرتنی زانیاری دەبێت، بۆ ئەوەی پسپۆڕایەتی لێوەرگرێت، ئەمیش لە لقێکی نەوەک لە هەموو لقەکانی بوارەکە، بۆ نموونە کەسێک دەبێتە پزیشکی ئێسک، واتە پسپۆڕایەتی لە ئێسکەکانی لەشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام زانیاری نییە لەسەر ددان هەرچەندە ئەویش ئێسکە، یان یەکێکی تر لە چاو ئەوی تریان لەسەر هەناو... هتد، واتە زانیاریان لە لقێکی بوارەکەیە نەوەک هەموو زانستەکە کە زانستی پزیشکییە، دەتوانم بڵێم ئەو قسەی سەرەوە بۆ هەموو زانستەکانی تر ڕاست دەبێت، ئەگەر بێت و باسیان بکەین.
مرۆڤ بە هۆی وەرگرتنی زانیاری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان، دەتوانێت توانای کۆمەڵایەتی خۆی بەهێز بکات و سوود لە زانیاری ئەو کەسانە وەربگرێت کە زانیاریان هەیە و تەجروبەیەکی زۆریان دیوە، بەمەش دەتوانێت، پەیوەندی کۆمەڵایەتی گەشە پێبدات، ئاسوودەیی دەروونی وەربگرێت، چارەسەر بۆ کێشە و گیر و گرفتەکانی بدۆزێتەوە، هاوکاری خەڵک و دەوروبەری بکات، گفتوگۆ و قسە بکات لە ناو خەڵک، متمانەی بە خۆی دەبێت، ڕێزێکی زۆر پەیدا دەکات...هتد. وەرگرتنی ئەم زانیاریەش بەشێکی لە ڕێگای خوێندن و خوێنەوە دەبێت، بەشێکی تریشی لە ڕێگای پرسیارکردن و گوێ لێ بوون دەبێت، جا بۆ ئەوەی بزانین بە چ شێوازێکی دروست پرسیار دەکەین و زانیاری دروست و تەواو وەردەگرین، پێویستە هەنگاوەکانی ڕاهێنانی پرسیارکردن ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە کەسایەتیمان.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی پرسیارکردن

هەنگاوی یەکەم:   بڕیاربدە چ شتێک حەزدەکەی زیاتر زانیاری دەربارەی بزانی، واتە یەکەم هەنگاو دەبێت بڕیارت لەسەر شتێک دابێ، کە دەتەوێ پرسیاری دەربارەی بکەی، جا ئایا ئەو شتە تەنها گوێت لێ بووە و هیچ زانیاریت دەربارەی نییە، یان هەندێک زانیاریت دەربارەی هەیە و دەتەوێ زانیاری زیاتر وەرگری.

هەنگاوی دووەم

بڕیار بدە لە چ کەسێک پرسیار دەکەی.

واتە ئەو کەسەی هەڵیدەبژێری کێیە؟ ئایا زانیاری هەیە لەو بوارەی یان لەسەر ئەو شتەی کە دەتەوێت پرسیارەی دەربارەی بکەی؟ کەسێکی هەڵەت هەڵبژاردووە؟!، بۆیە لە کاتی هەر جۆرە پرسیارکردنێک دەبێت بزانین لە چ کەسێک پرسیار دەکەین، بۆ ئەوەی بگەینە وەڵامێکی دروست.

هەنگاوی سێیەم

بیر لە ڕێگای جیاواز بکەوە بۆ پرسیار کردنەکەت و ڕێگایەکی گونجاو هەڵبژێرە.

واتە توانای کۆمەڵایەتی خۆت بە دیار بخە، بۆ ئەوەی بتوانی پرسیارەکەت لەو کەسە بگەیەنی تا بزانێ مەبەستی تۆ چییە، چونکە  ئەگەر هاتوو ئەو کەسەی پرسیاری دەربارەی بابەتێک یان شتێک لێدەکەی، بە شێوەیەکی دروست لێت تێنەگا ناتوانێت وەڵامی دروستی تۆ بداتەوە، هەروەکو عەرەب دەڵێن (فهم السؤال نصف الجواب) مانای ئەوەیە تێگەیشتنی پرسیار نیوەی وەڵامە.

هەنگاوی چوارەم

کات و شوێنی گونجاو هەڵبژێرە بۆ پرسیار کردنەکەت

واتە کاتێکد دەتەوێ پرسیار بکەی، دەبێت بزانی ئەو کەسەی پرسیاری لێ دەکەی ئاگای لە تۆیە، یان خەریکی ئیش و کاری ترە، هەروەها کاتێکی گونجاوە بۆ ئەو پرسیارە و بۆ ئەو کەسە، دەتوانێت لەو کاتە وەڵامت بداتەوە؟ یان ناتوانێت؟ ئایا نەخۆشە؟ یان لەسەر سەفەر کردنە، یان دەیەوێت بچێتە کۆبوونەوەیەک...هتد.

هەنگاوی پێنجەم

پرسیارەکەت بکە

واتە دوای ئەوەی زانیت کات و شوێنێی گونجاوە بۆ پرسیار کردن، پرسیارەکەی خۆت بکە، چونکە لەوانەیە زۆرجار بەهۆی ئەوەی نەمان توانیبێت وەڵامێکی دروست و تەواو وەربگرین، لەبەر ئەوەی کات و شوێنەکە گونجاو نەبووە، یان نەمان توانیوە پرسیارەکە دیاری بکەین لەگەڵ چ شتێك و چ بابەتێکمانە، یان زۆر جار کەسی دروست هەڵنابژێرین لە کاتی پرسیارکردن، بە نموونە کابرا پزیشکە پرسیاری شەرعی لێ دەکەین، یان مەلایە پرسیاری تەندروستی لێ دەکەین، یان دوکانداتە پرسیاری سیاسی لێ دەکەین ..هتد، بەم هۆیەوەش کاتێکی زۆرمان لەدەست دەچێت و تووشی ماندوبوونێکی زۆر دەبین، بەمەش تووشی ناڕەحەتی دەروونی و لەوانەیە زیانێکی ئابووریش ببین و نەگەینە ئەنجام،

تێبینی

زۆر گرنگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەکەی پۆزەتیڤ کۆتاییان پێ بێت، واتە مەرج نییە ئەو کەسەی دەتەوێ پرسیاری لێ بکەی زانیاری تەواوی هەبێت و بگەیتە ئەنجام، بۆ نموونە وا هەست دەکەی ئەو کەسەی دیاریت کردووە بۆ ئەوەی پرسیاری لێ بکەی هەموو شتێک دەزانێ، بەڵام ئەو ووتی ببورە زانیاریم لەسەر نییە، یان وەڵامی پرسیارەکەت نازانم، تۆ گلەی لێ بکەی بەسەر خۆیدا بشكینیەوە، یان لێی تووڕە بی، نا بەڵکو سوپاسی بکەی، چونکە تۆ بە هەڵەدا نەبردووە.


سەرچاوەکان



3440 بینین