ڕاهێنانی هاوکاری کردنی خەڵک بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-23:04:00 - کۆدی بابەت: 2342
ڕاهێنانی هاوکاری کردنی خەڵک بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی هاوکاری کردنی خەڵک بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

لەوانەیە هەندی کەس بپرسن و بڵێن گرنگی ئەنجامندانی ڕاهێنانی هاوکاری کردنی خەڵک چییە؟ یان بۆچی گرنگە هاوکاری خەڵک بکەین؟
لێرەدا دەمەوێت باسی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش بکەم کەوا گرنگی هاوکاری کردنی خەڵک دەردەخات.

چیرۆکی هاوکاری کردنی خەڵک و چوکلێتە بەتامەکە

گەلی ئەلکیشوا لە دارستانە باراناوییەکانی وڵاتی دیکوادۆر دەژین، کار و پیشە ئەم گەلە چاندنی جۆرە دانەوێڵەیەکە کەوا چوکلێت و شیرنەمەنی لێ دروست دەکرێت، بۆ ساڵانێکی زۆر نرخی یەک کیلۆ دانەوێڵەیان دەفرۆشت بە (٢٠) بیست سەنتی ئەمەریکی بە بازرگانێک و ئەویش بە کارگەی دروست کردنی چوکلێتی دەفرۆشت، بەمەش گەلی ئەلکیشوا پارەیەکی کەمیان دەست دەکەوت و نەیاندەزانی چۆن گەشە بە سەرمایەی خۆیان بدەن و قازانجێکی زیاتر بکەن، تاوەکو ئافرەتێکی ئەمریکی بە ناوی (جودی لوجباک) کە وەکو خۆبەخشێک لە ڕێکخراوی (هاوکاربە لە ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر) کاری دەکرد سەردانی کردن.
یەکەم کاری ئەو ئافرەتە لە یارمەتیدانی گەلی ئەلکیشوا بریتی بوو لەوەی خۆیان دانەوێڵە ببەن بۆ بازاڕ و بیفرۆشن، بەمەش توانیان نرخی کیلۆیەک دانەوێڵە لە (٢٠)بیست سەنت بۆ (٤٨) سەنت بەرز بکەنەوە، ئەمە تا ڕادەیەک بۆیان باش بوو، بەڵام پاش چەند ساڵێک گەلی ئەلکیشوا ویستیان زیاتر گەشە بە کارەکەیان بدەن و زیاتریان دەسکەوێت.
خاتوو جودی هەڵسا بەهێنانی شارەزایەکی کشتوکاڵی، بۆ ئەوەی گەلی ئەلکیشوا فێری ترشاندنی دانەوێڵە بکات، پاشانیش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەسێکی شارەزای لە بواری دروست کردنی چوکلێت و شیرنەمەنی هێنا، بۆ ئەوەی فێری دروست کردنی شیرنەمەنیان بکات، لەگەڵ ئەمەش کەسێکی بۆ دۆزینەوە پارەیان بە قەرز پێ بدات بۆ ئەوەی بتوانن بازرگانی هێنان و بردنی چوکلێتی پێ بکەن، سەرەنجامی ئەم هاوکاری کردنە (٨٥٠) هەشت سەد و پەنجا خێزان سوودمەند بوون لەم پڕۆژەیە و کۆمەڵەیەکیان پێکهێناوە، ئێستا ئەم کۆمەڵەیە دانەوێڵە لە جوتیارەکان دەکڕێت بە نرخی (٢٠٠) سەنت واتە دوو دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر کیلۆیەک لە دانەوێڵەی کاکاو چوکلێت، بەمەش جیاوازییەکی یەکجار زۆری دروست کرد کە نزیکەی (١٠) دە بەرامبەر نرخی جارانە.
ئێستە ئەم کۆمەڵەیە جۆرە چوکلێتێک دروست دەکەن بە ناوی (کالاری) و لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت.

لەم چیرۆکەی باسمان کرد ئەوە دەبینی، کەوا هاوکاری کردنی کەسێک بووە گۆڕنی ژیانی هەزارەها خەڵک و خۆشەویستی و ڕێزێکی بێ پایانی بۆ دروست بوو لە لای ئەم گەلە، بە بێ ئەوەی چاوەڕێی پاداشتێک و چاکەیەک بێت لێیان.
بەڵام لەوانەیە پرسیارێک بێتە پێشەوە و بڵێن باشە بۆ کەسێکی وەکو جودی لوجباک هاوکاری خەڵک دەکات، بە بێ ئەوەی چاوەڕێی پاداشت و سوپاس کردن بێت، لێرەدا دەمانەوێت لە ڕێگای باس کردنی ئاستەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە.

بە شێوەیەکی گشتی چوار جۆرە مرۆڤمان هەیە لە بیرکردنەوەدا

 ١- ئاستی یەکەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ زۆر لاوازە، مرۆڤەکان لەم ئاستە خۆیان بە هەموو شتێک دەزانن، وا بیر دەکەنەوە خودا لەبەر خاتری ئەوان دونیای دروست کردووە، هەروەها هەردەم حەق و ڕەوایەتی بە خاوەن هێز دەدەن، وا دەزانن هەموو کات خاوەن هێز لەسەر حەق و ڕاستییە، بۆ نموونە: منداڵ کاتێک دایک و باوکی لێی دەدەن، دەبینین ڕەوایەتی بە دایک و باوکی دەبینێ چونکە لەو بەهێزترن، یان ئەگەر سەیری کێشەی نێوان بەهێز و بێهێزێک بکەین یان بەدەسەڵات و بێدەسەلاتێک بکەین لە کۆمەڵگای خۆمان، ئەوا زۆربەی کات خەڵک لایەنگری کەسە بەهێزەکە یان کەسە بە دەسەڵاتەکە دەکەن، یان لە فەرمانگەیەک کاتێک کێشەیەک دەکەوێتە نێوان بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێک، دەبینین چەند کەس لایەنگری بەڕێوەبەر دەگرێت و دڵی دەدەنەوە و چەند کەسیش خۆی لە فەرمانبەرەکە دەگرێت و سەرزەنشتی دەکات ... ئیتر بەم شێوەیە.

 ٢- ئاستی دووەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ کەمێک جیاوازی هەیە لەگەڵ ئاستی یەکەم، بەڵام جیاوازییەکە زۆر نییە، ئەگەر سەیری مرۆڤەکانی ئەو ئاستە بکەین، دەبینین چاکە و هاوکاری خەڵک دەکەن، بەڵام بێ بەرامبەر نا، بەڵکو کەسی بەرامبەریش دەبێت چاکەیەکیان لەگەڵدا بکات، یان هاوکاریەکیان بکات، تاوەکو ئەمانیش چاکەکەی لەگەڵدا بکەن یان هاوکاریەکەی بکەن، واتە هاوکاری و چاکە بەرامبەر بە هاوکاری و چاکە.

 ٣- ئاستی سێیەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ، ئاستێکی بەرزە لە چاو ئاستی یەکەم و دووەم، مرۆڤەکانی ئەم ئاستە هاوکاری و چاکە دەکەن، بەڵام دەم و دەست چاوەڕێی سوپاس و پاداش ناکەن، بەلکو دوای دەخەن بۆ ڕۆژێکی نادیار، وەکو کورد گۆتەنی چاکەی بکەو بە ئاوێی دادە، یان چاکەی بکەو دێتەوە پێشت، ئەمانیش بە هیوای ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان کارێکیان بەو کەسە هەر دەبێ یان ئەگەر کاریشیان پێنەکەوت، ئەوا لە ڕۆژی دوایی لە لایەن خوداوە پاداشتیان دەدرێتەوە.

 ٤- ئاستی چوارەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ، جیاوازە لەگەڵ هەموو ئاستەکانی تر و مرۆڤ خۆی وەکو بەشێک لە مرۆڤایەتی سەیر دەکات، هیچ کاتێك چاوەڕێی سوپاس کردن و پاداشت نابێت و هیچ کاتێکیش جیاوازی مرۆڤەکان ناکات لە هەرکوێی دونیا بن، بەمەش دەتوانێت هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک بەپێی توانای خۆی هاوکاری ئەو کەسانە بکات کەوا لەگەڵی دەژین، خۆی بە بەشێک لە پێکهاتەی مرۆڤایەتی دەبینێت، بۆیە پێویستە گەشە بە ئاستی بیرکرندەوەمان بدەین و هەمیشە ئامادەیی هاوکاری کردنی کەسانی دەوروبەرمان تێدا بێت و سوودمان هەبێت بۆ مرۆڤایەتی، نەوەک تەنها ئامادەیی هاوکاری کردنی ئەو کەسانەمان هەبێت کەوا لێمان نزیکن و دەیان ناسین یان جۆرە بەژرەوەندییەک بە یەکترمان دەبەستێتەوە.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی هاوکاری کردنی خەڵک

هەنگاوی یەکەم

بزانە کەس هەیە پێویستی بە یارمەتی بێ.

واتە کاتێک بە ڕێگایەکدا دەڕۆی و دەبینی کەسێک کەوتووە، بزانە پێوستی بە یارمەتیدانی تۆ هەیە هەڵی بستێنیتەوە یاننا، ئەمیش لە ڕێگای پرسیار کردن لێی، بە بێ ئەوەی چاوەڕێی کەسانی تر بکەی بەو کارەی تۆ هەڵسن، چونکە زۆر کات وا ڕوودەدات و دەڵێین دەی ئەگەر ئێمەش یارمەتی نەدەین کەسێکی تر یارمەتی دەدات، بەڵام لەوانەی هەموو ئەو کەسانەی لەو شوێنەن بە شێوەی تۆ بیربکەنەوە و سەرەنجام کەس یارمەتی نەدات.

هەنگاوی دووەم

بیر لە ڕێگای گونجاو بکەوە بۆ یارمەتیدانەکەت.

بۆ نموونە ئەگەر نەتوانی بە تەنها هاوکاری کەسەکە بکەی، یان یارمەتی بدەی، ئەوا بیر لە ڕێگای تر بکەوە، بۆ نموونە داوای هاوکاری لە کەسێکی تر بکە یارمەتیت بدا، یان پەیوەندی بە لایەنی ڕەسمی و پەیوەندیدار بکە بۆ یارمەتی وەرگرتن، بۆ نموونە پۆلیس یان نەخۆشخانە ...هتد.

هەنگاوی سێیەم

هاوکاری کەسانی تر بکە.

واتە دوای هاوکاری کردن و یارمەتیدانی کەسێک، هەوڵبدە بەردەاوم بی لە هاوکاری کردن و یارمەتیدانی کەسانی تر و کەسانی تر، بۆ ئەوەی توانای کۆمەڵایەتیت بەهێز بێ.

تێبینی

زۆر گرینگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە ئەگەر سەرکەوتووش نەبووی لە هاوکاری کردن و یارمەتیدانی کەسێک، یان پرسیارت لێی کرد و ووتی پێویستم بە یارمەتیدانی تۆ نییە. ئەوا تووڕە مەبە و بێئومێد مەبە، لەوانەیە جارێکی تر و کەسێکی تر پێویستی بە هاوکاری و یارمەتیدانی تۆ بێ، بەمەش بەرەبەرە گەشە بە تواناکانی کۆمەڵایەتی خۆت دەدەی.


سەرچاوەکان



1336 بینین