جەنگی بۆسنە و هەرسک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-20-03:56:00 - کۆدی بابەت: 2411
جەنگی بۆسنە و هەرسک

ناوه‌ڕۆك

جەنگی بۆسنە

لە نێوان 6ی نیسانی 1992 بۆ 14ی تشرینی دووەمی 1995، جەنگێكی خوێناوی لە بۆسنە و هەرسك ڕوویدا، كە لە نێوان هێزەكانی كۆماری بۆسنە و هێزەكانی سڕبی بۆسنەیی و هێزەكانی كرواتیای بۆسنە بوو.

هەریەك لە سڕبیا و كرواتیاش لایەنگری كۆماری سڕبی بۆسنە و كرواتیای بۆسنە بوون، كە جوگرافیای جەنگەكە دابەش بووبوو بۆ (بۆشناق كە %44ی موسوڵمان بوو – سڕبی ئەرثۆزكس %31 - كرواتی كاسۆلیك %17)، لە پێشتر ڕیفراندۆمێك سازكرا بەڵام چالاكوانانی سڕبی بۆسنە لێی كشانەوە و قبوڵیان نەبوو و حكومەتێكی نوێیان بۆ خۆیان دروستكرد، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جەنگ لە تەواوی پارچەكانی وڵات.

لە پێشتردا هێزەكانی سڕب دژی بۆشناق بوون كە دەكەوتە ناوەڕاستی وڵات و زۆرینەی موسوڵمانان بوون، و هێزە كرواتییەكانیش تەنیا چاویان لەوەبوو چەند ناوچەیەكی دیاری بۆسنە و هەرسك بۆ خۆیان دیاری بكەن، دواتریش سەرۆكایەتی سڕب و كرواتی لە پەیماننامەی كاراكۆردیفۆ و گراتس ڕێككەوتن، كە بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی كرواتیاش جەنگ دژی كۆماری بۆسنە هەڵگیرسێنن.

جەنگەكەش كە هۆكارەكەی هێزە سڕبییەكان بوون بە كاولكاری و تۆپبارانی هەڕەمەكی و كوشتاری یەك لەدوای یەك دەستی پێكرد كە دیارترینیان "كوشتارگەی سربرێنیتسا" بوو لە ساڵی 1995 كە هێزە سڕبییەكان ناوچەكەیان گەمارۆدا و زیاتر لە هەشت هەزار مرۆڤی بێتاوانی موسوڵمانیان لە تەمەنی 12 بۆ 77 جینۆساید كرد.

بەرپرسیاریەتی ئەم كوشتارگە خرایە ئەستۆی ڕادۆڤان کارادیچ سەرۆکی سیاسی سڕبەکانی بۆسنە و ژەنەڕاڵ ڕاتکۆ ملادیچ سەرکردەی میلیشیاکانی سڕب  لەگەڵ ژمارەیەک سیاسی و سەربازی تر. کە تا ئێستاش زۆربەیان لەلایەن ئینتەرپۆل و ھێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە بۆسنە داوادەکرێن، ھەروەھا کەسوکاری قوربانییەکان ھێزە ھۆڵەندییەکانی ناو نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمەتبار دەکەن بەوەی بەرگرییان لە خەڵکی شارەکە نەکردووە و ھەموو ئەوانەی پەنایان پێگرتوون داویاننەتنەوە دەستی میلیشیاکانی سڕب کە دواتر ھەموویانی کوشت.

ئەم ڕووداوە لە ساڵی 2007 بە قەڵاچۆكردن ناسێنرا.

هەرچەندە سڕبەكان سەرەتا براوەی جەنگ بوون بەهۆی چەكەكانیانەوە، بەڵام دواتر بەرەو لەناوچوون ڕۆشتن بەتایبەت كاتێك لە 1994 بۆشناق و كروات یەكیانگرت دژی كۆماری سڕبی دوای دروستكردنی یەكێتی بۆسنە و هەرسك لە بەڵێننامەی واشنتۆن، بەڵام لەدوای كوشتارگەكەی ساڵی 1995، هێزەكانی ناتۆ هاتنە ناوەوە دژی هێزەكانی سڕبیا.

جەنگەكە لەدوای واژووكردنی بەڵێننامەی ئاشتی لە پاریس لە 14ی كانوونی یەكەمی 1995 بەناوی دایتۆن وەستا، كە هێزەكانی سڕبیا بە هۆكاری %90ی كوشتنەكانی جەنگ لە قەڵەمدرا، هێزەكانی كرواتیاش بە %6 و هێزە ئیسلامییەكانیش بە %4.

لە جەنگەكە 100 هەزار كەس كوژران و 20 بۆ 50 هەزار ژن و كچ دەستدرێژی سێكسییان كرایە سەر و زیاتر لە دوو ملیۆن كەس ئاوارەبوون، كە بووە گەورەترین كاولكاری ئەوروپا دوای جەنگی جیهانی دووەم.


سەرچاوەکان



1817 بینین