مژینی پەنجە

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-22-20:02:00 - کۆدی بابەت: 2529
مژینی پەنجە

ناوه‌ڕۆك

مژینی پەنجە

مژینی پەنجە گەورە یان هەر پەنجەیەکی تر یەکێکە لەو خووە خراپانەی کە لەوانەیە لە تەمەنی منداڵیدا لە منداڵدا هەبێت، ئەگەر چی ئەم کارە لەوانەیە دەربڕی برسێتی و ئاگادار کردنەوەیەک بێت بۆ دایکان و باوکان بۆ ئەوەی ئاگاداری خۆراکی بن، بەڵام مانەوەی ئەم خووە بۆ پاش تەمەنی دوو تا سێ ساڵی دەتوانێت گۆڕآنکاری هەمیشەیی لە ئێسک و ددانەکانی شەویلگەی سەرەوەی هەندێ منداڵدا دروست بکات.
هەندێ لە منداڵان لە کاتی دەرهاتنی ددانەکانیاندا حەز دەکەن کە پەنجەکانیان یاخود تەنانەت دەستیشان ببەنە ناو دەمیان لەبەر ئەوەی لە کاتی دەرهاتنی ددانەکانیاندا پەستان لەسەر پووک دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی بەهۆی پەنجە یان دەستیان تا ڕادەیەک ئارامی بۆ منداڵەکانیان پەیدا دەبێت دەتوانرێت لە ئامێری پزیشکی کە بە ددانەکانەوە گیر دەبێت سوود وەرگیرێت تاوەکو منداڵ فێری پەنجە مژین نەبێت. لە ئەنجامی پەستانی بەردەوامی پەنجە یان دەست لەسەر ڕووی ددانەکان و ئێسکی پێشەوەی مەڵاشوو ئەم بەشەی شەویلگەی سەرەوە و ددانەکانیش بەرزتر لە ئاستی خۆیان دەردەچن و وردە وردە ماوەی نێوان هەردوو شەویلگەکە زیاد دەبێت، وە ددانەکانی پێشەوەی شەویلگەی سەرەوە بۆ دەرەوە و ددانەکانی پێشەوەی شەویلگەی خوارەوە بۆ ناوەوە خوار دەبن. وە لە نێوان ددانەکانی شەویلگەی خوارەوە و سەرەوەدا بۆشایی دروست دەبێت. بە شێوەیەک کە شەویلگەی سەرو خوار وە ددانەکانیشیان بە یەک ناگەن. بەم حاڵەتەش لە پزیشکی دداندا دەوترێت Open Bite ئۆپن بایت.
ئەو منداڵانەی کە دووچاری ئەم جۆرە حاڵەتە دەبن کاتی خواردنەوەی ئاو یان خواردنی خۆراک ناچار زمانیان دەخەنە ئەو بۆشاییە تاوەکو خۆراک یان ئاوی ناو دەمیان نەیەتە دەرەوە. بەستاوتنی زمان لەم بۆشاییە جگە لە ناشرینی منداڵ هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو بۆشاییەی نێوان ددانەکانی شەویلگەی سەر و خوار وە ناهەموارییەکە زیاتر دەکات.
لە لایەکی ترەوە پەستانیی پەنجە ڕێگە نادات کە بنکەی لووت بەرەو خوار گەشە بکات و بجوڵێک وە لە شوێنی دیاری کراوی خۆی بوەستێت. بەم شێوەیە مەڵاشووی مندال چاڵ دەبێت و لەوانەیە گرفت بۆ هەناسەدان دروست بکات لەم جۆرە ناهەموارییەدا لێوەکانیش بە یەک ناگەن وە شێوەیەکی سروشتیان نابێت.

 


سەرچاوەکان



1054 بینین