سیستمی GPS چۆن کاردەکات؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-02-25-00:10:00 - کۆدی بابەت: 2622
سیستمی GPS چۆن کاردەکات؟

ناوه‌ڕۆك

سیستمی GPS چۆن كاردەكات؟

سیستمی شوێن دیاریكردنی جیهانی

سیستمی شوێن دیاریكردنی جیهانی كە ناسراوە بە GPS، سیستمێكە كە مانگە دەستكردەكان بەكاردەهێنێت بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی جیۆگرافی كەسێك یان شتێكی دیاریكراو، ئەم سیستمە یارمەتی بەرەوپێشچوونی زۆربەی بوارەكانی داوە وەك، گەشتە كێویەكان، ڕێنیشاندەری دەریایی و ئاسانكاری بۆ ئەركە سەربازییەكان، هەروەها ڕۆڵی كاریگەر دەبێنێت لە بواری ڕووپێویدا و یەكێكە لە سیستمە هەرە بەكارهاتووەكانی پێوانەكردن كە لەلایەن ئەندازیاری ڕووپێوی جیۆلۆجی بەكاردەهێنرێت.

بیرۆكەی سیستمی GPS

یەكەم بیرۆكەی GPS دەگەڕێتەوە بۆ هەڵدانی مانگە دەستكردەكان لە ساڵی 1960، كە سەرەتا ئەم سیستمە تەنها بۆ سوپای ئەمریكابوو، بەڵام لەدوای زیادبوونی ڕووداوی تێكشكانی فڕۆكەكان لە جیهاندا و بە ئەستەم دۆزینەوەی ئاسەوارەكانیان، بۆیە ئاژانسی ئەمریكا هەستا بە دروستكردنی سیستمێكی نوێ كە دەیتوانی شوێنی فڕۆكەكان دیاریبكات بەمەرجێك كە ئەم سیستمە بەردەست بكرێت بۆ هەموو كەس. لە سەرەتای ساڵی 1995 ئیدارەی ئەمریكا توانی چەند مانگێكی دەستكرد ئامادەبكات بۆ داپۆشینی هەموو جیهان.

شێوازی كاركردنی سیستمی GPS

بۆ كاركردنی سیستمی GPS بیست و چوار مانگی دەستكرد هەڵدراوەتە بۆشایی ئاسمان، هەروەها 4 مانگی دەستكردی تر لە بەرزی 20200 كیلۆمەتر لە زەویەوە جێگیركراون وەك شوێنگرەوەیەك لەكاتی لەكاركەوتنی یەكێك لە مانگە دەستكردە سەرەكییەكان. لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتووەكان چاككردنەوەی مانگە دەستكردەكانی گرتوەتە ئەستۆ لەكاتی لەكاركەوتنی.

سیستمەكە كاردەكات لە ڕێگەی وەرگرێكی تایبەتی GPSەوە، كە هەر مانگێكی دەستكرد زانیاری وەردەگرێت لە چوار مانكی دەستكردی نزیك لێیەوە، بەم شێوەیە دەتوانێت دووری نێوان مانگەكان دیاری بكات پاشان دووری لەسەر زەوی، بە شێوەیەكی گشتی دەتوانن ئەم پێوانە بكەن بە وردی نێوان 3 بۆ 50مەتر، هەروەها هەندێك سیستمی تر هەیە كە دەتوانێت دووریەكە بە میلیمەتر دیاری بكات بەڵام ئەم سیستمە بۆ هەموو كەس بەردەست نییە.

هۆكاری بەكارهێنانی چوار مانگی دەستكرد

وایدابنێ كە كەسێك لە بیابانێكدا ڕێگەی ون كردووە پاشان كەسێك دەبینێت لێیدە پرسێت كە لە كوێیە، ئەویش لەوەڵامدا پێیدەڵێت كە 500 مەتر لە شارەكەوە دوورە، ئەم زانیارییە زۆر سوودی نییە چوكە كەسەكە دەبێت بازنەیەك بەدەوری خۆیدا بكێشێت كە نیوەتیرەكەی 500 مەتر بێت، بەڵام گە بگات بە كەسێكی تر و لێی بپرسێت، لە وەڵامدا پێی بڵێت كە 550 مەتر لە شاری دووەمەوە دوورە و بەهەمان شێوە بازنەیەك بەدەوری خۆیدا دروستبكات، لەم كاتەدا دۆزینەوەی شاری یەكەم ئاسانتر دەبێت چونكە دەكەوێتە مەودای یەكتربڕینی دوو بازنەكە، بەم شێوەیە تا زانیاری زیاتر وەربگرێت دۆزینەوەی شاری یەكەم ئاسانتر دەبێت. بۆیە مانگە دەستكردەكان بەهەمانشێوە كاردەكەن لەگەڵ چوار مانگی دەستكردی چواردەوری خۆیان بۆ دیاریكردنی شوێنە جوگرافییەكە بە وردی.


سەرچاوەکان



2197 بینین