کەی واشنتۆن بوو بە پایتەخت؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-25-16:32:00 - کۆدی بابەت: 2661
کەی واشنتۆن بوو بە پایتەخت؟

ناوه‌ڕۆك

کەی واشنتۆن بوو بە پایتەخت؟

دوای شۆڕشی ئەمریکا، ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستی بە پایتەختێک هەبوو، هەڵبژاردنی شوێنەکەشی لە ئەنجامی تەبایی و لە یەک گەیشتنەوە بوو. زۆر لە ناوچە و شارەکانی ئەمریکا دەیانەویست، شەرەفی بوون بە پایتەختی وڵاتیان پێ ببڕێت. 
دوا بڕیار گەیشتە ئەوە، دەبێت شارێکی نوێ دروست بکرێت، کۆنگرێسیش لە ساڵی ١٧٩٠دا ڕەزامەندی خۆی لەسەر یاسایەک دەربڕی، بە دیاری کردنی شوێنی شاری نوێ، بەو مەرجەی نزیک بێت لە ڕووباری ''بۆتۆماک''ەوە، ڕووبەرەکەشی لە دە میلی چوارگۆشە زیاتر نەبێت ''٢٥،٩ کم دووجا''، زەویەکەش ناوبنرێت هەرێمی کۆڵۆمبیا، لەسەر ئاوی کریستۆفەر کۆڵۆمبس، شآری نوێش ناو بنرێت واشنتۆن، بە ناوی یەکەمین سەرۆکی وڵاتەوە.
لە ساڵی ١٧٩١دا جۆرج واشنتۆن ئەو شوێنەی دیاری کرد، کە ئێستا شارەکەی لەسەر دروست کراوە و بڕوای وابوو شوێنێکی باشە، لەبەر ئەوەی ڕووباری ''بۆتۆماک'' قوڵە و کەشتییەکان دەتوانن بە ئاسانی تیایدا هاتوچۆ بکەن. 
هەردوو ویلایەتی میریلاند و ڤیریجینیا، زەویان دایە حکومەتی فیدراڵی یەکگرتوو، میریلاند نزیەکی ١٦٥ کیلۆمەتری دووجا و، ڤێرجینیاش نزیکەی ٩٣ کیلۆمەتری دوجا زەوییان دا بە حکومەت. لە ساڵی ١٨٤٦ لەسەر داوای ویلایەتی ڤێرجینیا، ئەو بڕە زەویەی دابووی بە حکومەت بۆی گەڕێنرایەوە. 
سەرۆک واشنتۆن ئەندازیارێکی فەڕەنسی زۆر زیرەکی دەست نیشان کرد، کە ناوی ''میجۆر بییەر لانڤانت'' بوو بۆ دانانی نەخشەی شاری نوێ.
لانڤانتیش زۆر بە جوانی نەخشەکەی داڕشت و جادەی پان و بەرین و لە لاجادەکانیشدا دار و درەخت و بینای حکومی زۆر جوان و شوێنی پەیکەر بۆ پیاوانی گەورەی ئەمریکا دیاری کرد. 
لە ساڵی ١٨٠٠دا ماڵی سەرۆک لە تەواو بوونیدا بوو کە بینای ''کاپیتۆڵ'' دروست کرا لەسەر گردێک و ناوی لێ نرا ''کاپیتۆڵ هیڵ'' بۆ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکی تیایدا کۆبوونەوەکانی خۆی بکات.
لە ساڵی ١٨٠٠دا سەرۆک جۆن ئادەمز و ئەندامانی حکومەتەکەی، گواستیانەوە بۆ شاری فیدراڵی نوێ ''واشنتن دی سی'' واتە ''واشنتنی هەرێمی کۆڵۆمبیا''.


سەرچاوەکان



953 بینین