گوێچکە گەورەکانی کەروێشک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-08-01:48:00 - کۆدی بابەت: 3059
گوێچکە گەورەکانی کەروێشک

ناوه‌ڕۆك

گوێچکە گەورەکانی کەروێشک

کەروێشک گیانلەبەرێکی بچووکی توکدارە کە لە دارستانەکاندا دەژی. تا ئێستا زانایان لێکۆڵینەوەیان لەسەر زیاتر لە پەنجا جۆر کەروێشک کردووە. کۆنترین پاشماوەش لەسەر کەروێشک کە دۆزراوەتەوە لە ئەمریکای باکوردا بووە. بەڵام لە ئێستادا دەتوانین لە هەموو شوێنێکی دونیادا کەروێشک ببینین.
بە بەراورد لەگەڵ ئەندامەکانی تری لاشەیدا، گوێچکەکانی کەروێشک زۆر گەورەن. 
دەزانن بۆچی؟
کەروێشک گیاندارێکی لاواز و ترسنۆکە و چواردەوری هەموو دوژمنە. لەبەرئەوە خودا دوو گوێی گەورەی پێ بەخشیوە، تا بچوکترین دەنگی پێ ببیستێت. گوێ گەورەکانی کەروێشک زۆربەی شەپۆلە دەنگییەکان دەبیستێت کە لە هەوادا دەگوێزرێتەوە، ئەمەش وادەکات لە کاتی خۆیدا بە دوژمنەکانی بزانێت و لێیان هەڵبێت بۆ شوێنێکی سەلامەت.
کەروێشکە کێوییەکان زۆربەی ڕۆژیان لە ژێر زەویدا بەسەر دەبەن و لە نێوان خۆرئاوابوون و خۆر هەڵاتندا بە شوێن خۆراکدا دەگەڕێن. هەروەها هەستی بۆن کردنی زۆر بەهێزە لەگەڵ قاچە بەهێزەکانی دواوەی کە خێراییەکی زۆریان دەداتێ. کەروێشک دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٦٥ کیلۆمەتر ببڕێت!
کەروێشک بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر گیا دەژێت، بەڵام ڕووەکی تریش دەخوات. زاوزێ کردنیان زۆر خێرایە و دوای زاینیان بە چل ڕۆژ جارێکی تر دەزێنەوە. سەرەڕای زۆری دوژمنەکانی بەڵام ئەم زیادکردنە بە تایبەتی وای کردووە کەروێشکەکان لەناونەچن. مێینەی کەروێشک ساڵانە دە بۆ دوانزە بەچکەی دەبێت.


سەرچاوەکان



1183 بینین