بەختیار زێوەر

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-14-02:36:00 - کۆدی بابەت: 3241
بەختیار زێوەر

ناوه‌ڕۆك

بەختیار زێوەری شاعیر

ناوی ڕاستەقینەی (فایەق)ە کوڕی شاعیری بەناوبانگی کوردە زێوەرە، لە ساڵی ١٩٠٨ز لە شاری سولەیمانی لە دایکبووە. سەرەتا وەکو هەموو منداڵانی ئەو سەردەمە لە حوجرەی مزگەوتدا خوێندویەتی، پاشان چووەتە قوتابخانە و پۆلی شەشەی سەرەتای تەواو کردووە و بووتە فەرمانبەر.
لە ساڵی ١٩٤٦ز کاتێ قوتابخانەی ناوەندی شەوان لە سولەیمانی کرایەوە، شاعیر بێ گوێدانە تەمەن و ئەرکی ژیان و پلەی کۆمەڵایەتی و شاعیەرانەی، بووە قوتابی و لە ساڵی (١٩٤٨)ز پۆلی سێیەمی تەواوکردووە. هەر لەو ساڵەدا بە هۆی کۆچی دوایی باوکییەوە بە دەست نەخۆشییەکەیەوە، پەرێشان و سەرگەردانبووە، تا لە ٣١/١٢/١٩٥٢ کۆچیی دوایی کردووە و لە گۆرستانی گردی جۆگا لە سولەیمانی لە تەنیشت باوکییەوە نێژراوە.
لە گەرمەی کێشەی سەختی ژیاندا خۆی ناو دەنێت (سەرکەوتوو) لە کۆڕی نەخۆشی و زامداری و کڵۆڵیدا بەر چاوی تاریک نابێت و هیوای نابڕێت، ئازار  بە سەرچاوەی دروستبوونی ژیانی بەختیار و سەرکەوتن دەزانێ، پاشان ناوی خۆی دەنێت (بەختیار).
بەختیار زێوەر بە تەواوی پەیڕەوی زێوەری باوکی کردووە، قوتابییەکی ژیر و پێشکەوتووی ئەوە لە پەیڕەوی زانستپەروەریدا. لە ژێر باڵی ڕەشی و دواکەوتوویی و نەزانی و چەپۆکی داگیرکەردا شاعیریی زانستپەروەر خوێندن و فێربوون و زانست بە چەکی ڕزگاربوون دادەنێت.
هۆنراوەکانی زیاتر نیشتیمانپەروەری و دڵدارین، لە گەڵ ئەوەشدا خاوەنی کۆمەڵێک سروودی جوان و بەناوبانگە، وەک: (جەند شیرینە لام، برایینە لە خەو هەڵستن، گۆیژە هتد ...).

نموونەیەک لە هۆنراوەکانی

گوڵی سەربەستی 

گوڵێک شیرینتر لە خونچەی بەهار
نازکتر جوانتر لە شەوبۆی نازدار
گەشتر لە دیدەی وەنەوشەی نزار
گوڵێکە ناوی گوڵی سەربەستی
مەردە ئەو گەلەی بگاتە دەستی
گوڵی سەربەستی ئەی هێزی گیانم
ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی ژیانم
تۆم نەبێ من خۆم بە هیچ نازانم
تۆم نەبی هەرگیز ناحەسێمەوە
بێ بۆنی خۆشت نابووژێمەوە
بام تەنیا هەر تۆ شاگوڵی من بی
سەرچاوەی سۆزی بە کۆلی من بی
تۆ تاقە یاری پڕ دڵی من بی
شیعرت پیا هەڵدەم بە زوبانی خۆم
بڵێم دەمێکە بە دڵ شەیدای تۆم


سەرچاوەکان



2028 بینین