بێکەس

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-14-05:08:00 - کۆدی بابەت: 3258
بێکەس

ناوه‌ڕۆك

بێکەسی شاعیر

ژیانی پڕ لە دەردەسەی و کول و کۆڤان و مشەختی و دەربەدەری بووە، بەهۆی ئەوە (فایق عەبدوڵڵا بەگ) نازناوی (بێکەس)ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و لەناو خەڵک هەر بەو ناوە ناسراوە. (فایق) لە ساڵی ١٩٠٥ز لە گوندی (سیتەک) کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سولەیمانی لە دایک بووە لە منداڵییەوە لە حوجرەی فەقێیان خوێندوویەتی. ماوەی چەند ساڵێک لە بەغدا ژیاوە، پاشان باوکی ڕوو لە تورکیا دەکات، دایکیشی دوای ئەوە هەر لە بەغدا کۆچی دوایی دەکات، بۆیە فایق لە ساڵی (١٩١٨)ز دێتەوە سولەیمانی لای مامی و لەوێ دەچێتە بەر خوێندن. دووبارە لە (١٩٢٤)ز دەچیتەوە بەغداد و دوای یەک دوو ساڵ دەگەڕێتەوە. ماوەیەک لە (ئەشغاڵ) کاردەکات، ئینجا دەبێتە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەکان.
بێکەس شاعیرێکی کوردپەروەر و وڵات پارێز بووە، چەند جار لەبەر بزاڤی ڕامیاری تووشی گرتن و لە کاردەرکردن بووە، چاونەرتس و ئازا بووە، بەشداری لە ڕاپەڕینەکەی شەشی ئەیلولی (١٩٣٠)ز بەردەرکی سەرا لە سولەیمانی کردووە و تیایدا بریندار بوو، هیچ کاتێک گوێی بە پلە و پایە و پارە و پول ناداوە، نزیک بووە لە بزاڤە ڕامیارەکانی ئەو کاتە وەک بزاڤی (ژێ کاف) پاشان (پارتی دیموکراتی کوردستان). شیعرەکانی بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەی تەرخانکردووە، بەشی زۆری هۆنراوەکانی باس لە کوردایەتی و نیشتمانپەروەری دەکەن، بێجگە لەوە بابەتەکانی کۆمەڵایەتی پانتاییەکی فراوان داگیر دەکەن.
لە دیوانەکەی کۆمەڵە سروودێکی زۆر خۆشی بۆ منداڵان داناوە، کە سەردەمانێکی دوور و درێژ قوتابیانی سەرەتایی بە ئاوازی خۆشەوە هەموو بەیانییەک لە قوتابخانەکانیان دەیانگوتەوە لەوانە:
١- خوایە وەتەن ئاواکەی.
٢- شاخی رەنگاو ڕەنگی گۆیژە
٣- ئەی دلێران بێچووە شێران و... گەلێکی تر
لە ڕۆژی ٢٨/١٢/١٩٤٨ز لە هەڵەبجە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە سولەیمانی بە خاک سپیرراوە، لە ڕۆژی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ز کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق چوار ئەفسەری کوردپەروەریان لە سێدارەدا، ئەوانەی بەشدارییان لە دامەزراندی کۆماری مەهاباد کردبوو، چوار ئەفسەرە شەهیدە جوانەمەرگەکە ئەمانە بوون: (عیزەت عەبدولعەزیز)، (محەمەد مەحموود قودسی)، (مستەفا خۆشناو)، (خەیروڵڵا عەبدولکەریم)، بێکەس ئەم پارچە هۆنراوە بە سۆزەی لە پێشوازی ئەو شەهیدانە گرتووە، کە تەرمی دووانیان لە بەغداوە بۆ سولەیمانی براوە.

نموونەیەك لە بەرهەمەكانی

قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میللەتیکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین
میلەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربوخۆیی نیشتمان
بێتە بەر سێدارە، بێ ترس، دەم بەخەندەو پیکەنین
قەومی وا نامرێ، ئەژی، با دوژمنی هەر شەق بەرێ
ساحیبی ڕۆڵەی نەبەردە خاوەنی عەزمی مەتین
ئەوکەسەی گیانی لە ڕێگەی نیشتمانا بەخت ئەکا
پیی مەڵێن مردوو، شەهیدە، وا لە فیردەوسی بەرین
لاوی کورد مەردە، لە مردن قەتعییەن باکی نییە
پەندی پێشینانە، ڕاستە(بەرخی نێر بۆ سەربڕین)
وا وەتەن دیسان بە مەحزوونی دەڵی ئەی لاوەکان
بۆچی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین
ڕۆژی تێکۆشانە، سادەی هیممەتێ تاکوو زووە
بەشکوم لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین
گەرچی هەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن
شەو بەبێ خەم سەر ئەنێنەوە سەر سەرین، هەر سەرسەرین
پیاو ئەبێ دائیم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ
ئەو کەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین


سەرچاوەکان



6501 بینین