دەستنیشانکردنی برینی گەدە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-02-23-17:03:00 - کۆدی بابەت: 3268
دەستنیشانکردنی برینی گەدە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستنیشانکردنی برینی گەدە (بە ئینگلیزی: Diagnosis of stomach ulcer، بە عەرەبی: تشخيص قرحة المعدة) ئەگەر پزیشکێکی گشتی پێی وابوو کە برینەکانی گەدەت هەیە، دەکرێت پشکنینت بۆ ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی هەوکردنی بەکتریای ئێچ پایلۆری (واتا بەکتریای گەدە). هەروەگا چەند پشکنینێکی تریش هەن کە لە کاتی بوونی گوومانی برینی گەدە پزیشک داوای ئەنجامدانیان دەکات.

هەروەها دەکرێت ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێیت بۆ نەشتەرکارییەک بۆ ئەوەی سەیری ناوەوەی سکت بکرێت کە پێی دەوترێت نەشتەرکاری ناوبینی گەدە.

دیارترین پشکنینەکانی برینی گەدە

پشکنین بۆ هەوکردنی بەکتریای گەدە

ئەگەر پزیشک پێی وابێت نیشانەکانت بەهۆی هەوکردنی بەکتریای گەدەوە دروست بووە، لەوانەیە یەکێک لەم پشکنینانەی خوارەوە پێشنیار بکەن:

  • پشکنینی هەناسەی یوریا: لە کاتی ئەم پشکنینەدا خواردنەوەیەکت پێدەدرێت کە یوریای تێدایە (ماددەیەکی کیمیایی کە لەلایەن بەکتریای گەدەوە تێکدەێمشکێت) و دواتر هەناسەکەت پشکنینی بۆ دەکرێت.
  • پشکنینی دژە پەیداکەری پیسایی: نموونەیەکی بچووک بۆ پیسایی پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی بوونی بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری ناسراو بە بەکتریای گەدە.
  • پشکنینی خوێن: نموونەیەک لە خوێنت پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی دژەتەنەکانی بەکتریای ئێچ پایلۆری کە دەبنە هۆی هەوکردنی بەکتریایی گەدە (دژەتەن پڕۆتینێکە کە بە شێوەیەکی سروشتی لە خوێندا بەرهەم دەهێنرێت و یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن دەدات) ئەمە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر گۆڕدراوە بۆ پشکنینی دژەپەیداکەر لە ڕێی پیساییەوە.

ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنی بوو بۆ بوونی بەکتریای گەدە، پێویستت بە چارەسەر دەبێت بۆ پاککردنەوەی بەکتریاکە و لە ناوبردنی، کە ئەمەش دەتوانێت برینەکە چاک بکاتەوە و ڕێگری بکات لە دووبارە گەڕانەوەی.

ناوبینی گەدە

ناوبینی گەدە پشکنینێکە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەیری ناوەوەی گەدە بکەیت و بزانیت ئایا برینەکانی گەدەت هەیە یاخود نا. ناوبینی گەدە بریتییە لە تێپەڕاندنی بۆرییەکی تەنک و نەرم (ناوبین) لەگەڵ کامێرایەک بەناو گەدەدا و بەشی یەکەمی ڕیخۆڵە باریکە (دوانزەگرێ).

لەوانەیە پێش نەشتەرکارییەکە دەرزی هێورکەرەوەی سووکت پێبدرێت و قوڕگت بە بێهۆشکەرەوەیەکی ناوخۆیی بپرژێنرێت بۆ ئەوەی ئاسوودەتر بێت بۆ تێپەڕاندنی ناوبینەکە.

ئەو وێنانەی کە لەلایەن کامێرای ئامێری ناوبینەکەوە دەگیرێن بە شێوەیەکی ئاسایی بوونی برینێک پشتڕاست دەکەنەوە یان ڕەتی دەکەنەوە. هەروەها نموونەی شانەیەکی بچووک لەوانەیە لە گەدە یان لە دوانزەگرێ وەربگیرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت پشکنینی بۆ بکرێت بۆ دیاریکردنی بەکتریای گەدە.

نەشتەرکاری گەدە لە نەخۆشخانە ئەنجام دەدرێت و زۆربەی کات لە هەمان ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت کە دەستنیشانکردنی برینی گەدە دەکرێت، بۆیە پێویست ناکات شەو لە نەخۆشخانە بەسەر ببەیت.


سەرچاوەکان



1149 بینین