شۆڕشی ڕووسیا (١٩١٧)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-16-01:35:00 - کۆدی بابەت: 3373
شۆڕشی ڕووسیا (١٩١٧)

ناوه‌ڕۆك

شۆڕشی بەڵشەفییەكان

شۆڕشێكی ساڵی 1917ـیە كە بە شۆڕشی ئۆكتۆبەریش ناسراوە، قۆناغی دووەمی شۆڕشی ڕووسیا بوو كە بە سەركردایەتی سەرۆكی بەڵشەفییەكان ڤلادیمێر لینین و فەرماندەی سووپای سووری حیزبی كرێكاران لیۆن ترۆتسكی و خەڵكی هەواداری حیزبەكە و كرێكاران لەسەر بنچینەی ئایدۆلۆژیای كارل ماركس ئەنجامدرا، بۆ دروستكردنی وڵاتێكی سۆسیالیستی و ڕووخاندنی حكومەتی كاتی ڕووسیا، ئەم شۆڕشەش بووە یەكەمین شۆڕشی شیوعی سەدەی بیست، شۆڕشەكە بووە هۆكاری دروستبوونی یەكێتی سۆڤیەت كە یەكێك لە بەهێزترین وڵاتەكانی سەدەی بیست بوو.

هۆكاری هەڵگیرسانی شۆڕش

سیاسەتی حكومەتی كاتی ڕووسیا وڵاتەكەی بەرەو هەڵدێرێكی مەترسیدار برد، هاتووچۆ و پیشەسازی پاشەكشەی كرد و برسێتی و مەینەتی خەڵكی زیادی كرد و بەرهەمهێنان %34 كەمی كرد، %50ـی كۆمپانیاكان ڕووخێنران كە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەممەڵی و بێكاری، نرخی خۆراك و پێداویستی ڕۆژانەش بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادی كرد، كرێی كرێكارانیش %50 كەمی كرد وەك ئەوەی لە ساڵی 1913 هەبوو، قەرزەكانی وڵاتیش بەرزبوویەوە بۆ 50 ملیار ڕۆبڵ.

دەستپێكردنی شۆڕش

لە 8/2/1917 كرێكارانی كۆمپانیای پۆتیلۆڤ لە پێترۆگراد (سانت پترسبۆرگ) مانیان گرت لە كاركردن، دواتریش لە 25ـی مانگ بوو بە مانگرتنێكی جەماوەری، لە 26ـی مانگ قەیسەر فرمانی كرد خۆپیشاندەران بە فیشەك و چەك وەڵام بدرێنەوە، بۆ ڕۆژی دواتر هێزەكانی سووپا و قوتابییەكانیشیان ڕەتیانكردەوە دژی خۆپیشاندەران بوەستنەوە و دەنگیان لە پاڵ خۆپیشاندەران بوو، دوای ئەمەش حكومەتی كاتی دروستكرا بۆ ڕێكخستنەوەی وڵات، هەروەها بۆ ئەوەی قەیسەڕی ئەوكات واز لە دەسەڵات بهێنێت بۆ براكەی، واتە میشێل.

بەڵام ڕەتكردنەوەی وازهێنان لە دەسەڵات بووە هۆی دروستبوونی كێشە لە نێوان كرێكاران و حكومەتی كاتی.

لە 10/3/1917 دوای بەردەوامی خۆپیشاندان سەرۆكی سووپا تەقەی لە خۆپیشاندەران كرد، دواتریش تا دەهات بەڵشەفییەكان زیاتر تێكەڵی خۆپیشاندەران دەبوون لەگەڵ بوونی گەمارۆ لەسەر شارەكە لەلایەن حكومەتی كاتی ئەوكات بە سەرۆكایەتی گیۆرگی لڤۆڤ و دوای ئەویش كێرنسكی سۆسیالست.

لە 16/3/1917 قەیسەڕ و خێزانەكەی دەستگیركران كاتێك دەیانویست كۆچ بكەن بۆ بەریتانیا.

لە 3/4/1917 ڤلادیمێر لینین گەیشتە پێترۆگراد دوای دوورخستنەوەی بۆ سویسرا، دەستی كرد بە خوێندنەوەی وتار و بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان.

كێرنسكی سەرۆك بە فیشەك وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە و 400 كەس بوونە قوربانی، هەروەها لۆمەی حیزبی بەڵشەفی كرد و بڕیاری دەستگیركردنی لینین دەرچوو بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دووربخرێتەوە.

لە 1/5/1917 لە گفتوگۆیەكی ئاشتیانەدا وەزیری دەرەوە مالیكۆڤ ڕایگەیاند كە حكومەتی كاتی دەیەوێت بەردەوام بێت لە جەنگ دژی لایەنەكانی جەنگی جیهانی یەكەم، هەرچەندە تا ئەوكات ڕووسیا براوە بوو.

لە ماوەی نێوان یەكەمین ڕۆژ بۆ چوارەم ڕۆژی مانگی پێنج 100 هەزار كەس لە پێتڕسبۆرگ، هاوكات لەگەڵ كرێكاران و سەربازان بە سەرۆكایەتی بەڵشەفییەكان دژی جەنگ دەستیان كرد بە خۆپیشاندان و بە پەیامی "بڕوخێ جەنگ" و "هەموو دەسەڵاتێك بۆ سۆڤیەت" ئەمەش بووە كێشە بۆ حكومەتی كاتی ئەوكات.

لە 1/7/1917 لە سانت پێتڕسبۆرگ 500 هەزار كەس كۆبوونەوە بە هەمان دروشمەوە، لەگەڵ دروشمی "بڕوخێ 11 وەزیری سەرمایەداری"، دواتر لە 17ـی مانگ خۆپیشاندان گرژی تێكەوتەوە و 56 كەس لە خۆپیشاندەران كوژران.

فەرماندە كۆرنیلۆڤ كە ئەوكات سەرۆكی سووپا بوو لە 18/7/1917 بڕیاری دا بەهۆی خراپی سیاسەت و فرمانەكانی حكومەتی كاتییەوە دژیان بوەستێتەوە و هێزەكانی گەیاندە پێتڕسبۆرگ، لە هەمان كات بەهۆی داواكاری بەڵشەفییەكانەوە كرێكارانی مۆسكۆ مانیان گرت كە ژمارەیان 400 هەزار كەس دەبوو، ژەنەڕاڵ كۆرنیلۆڤ لە 25/8/1917 سووپای گەیاندە پتڕسبۆرگ و حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كرێكارانی ڕووسیش خەڵك و كرێكارانی كۆكردەوە بۆ بەرگری لە شۆڕش، و هێزیان كۆكردەوە كە ژمارەیان 25 هەزار كەس دەبوو بۆ ڕێگری لە كودەتاچییەكان كە سەركردەكەیان كۆرنیلۆڤ بوو، دواتریش لە ناوچەی كیۆبان كوژرا بە دەستی بەڵشەفییەكان و تەرمەكەشی سووتێنرا.

لە 31/8/1917 بەڵشەفییەكان بوونە هێزێك لەناو نەبرێن، دواتریش دەنگدان كرا لە شارەكانی پریانسك و سەمارە و ساراتۆڤ و مێنسك و كیێڤ و تاشكەند، لە 1/9ـی 1917 لیژنەی ناوەندی بەڕێوەبردنی سۆڤیەت داواكاری لە 126 لیژنەی سۆڤیەتی ناوچەییەوە بۆ هات بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا.

لە ڕۆژانی دواتر ملیۆنێك كرێكاری دیكە دەستیان كرد بە مانگرتن و لە هەندێك ناوچە دەست گیرا بەسەر بەرهەمهێنان بە تەواوی لەلایەن كرێكارانەوە.

لە 10/10/1917 لیژنەی ناوەندی بەڵشەفییەكان بە دەنگدانی 10 بەڵێ و 2 نەخێر، فرمانی "ڕاپەڕین بە چەكەوە شتێكە نابێت لێی ڕابكەین، ئێستاش كاتی ئەوەیە"ـی دەرکرد.

كێرنسكی فرمانی كرد بۆ چەككردنی بەڵشەفی و كرێكاران، لە 18ـی مانگیش سووپای حكومەتی كاتی لە پتڕسبۆرگ دژی بڕیاری سەرۆكی وڵات وەستایەوە و قبووڵی نەكرد.

لە 23/10/1917 لە تالینی پایتەختی ئیستۆنیا خۆپیشاندان كرا.

لە ڕۆژی 25ـی مانگ بەپێی ئەو پلانەی لینین داینابوو سووپای سوور دەستی گرت بەسەر شاری مۆسكۆدا و توانییان دەسەڵاتی كاتی بشكێنن و تەواوی كایەكانی حكومەت بگرن، هەروها هێڵە ئاسنینەكان و نوسینگەكانی پۆستە و گەیاندن و تەلەگراف و بانك و بنكەی كارەبا بەبێ تەقاندنی فیشەكێك دەستیان بەسەردا گیرا.

لە شەوی 25/26ـی مانگ بەڵشەفییەكان دەستیان گرت بەسەر كۆشكی زستانەدا كە كۆشكی قەیسەر بوو لە سانت پترسبۆرگ، دوای ئەوەش دەسەڵاتیان گرتە دەست و ڕایانگەیاند وڵاتی ڕووسیا دەكشێتەوە لە جەنگی جیهانی و بەڵێننامەكەی لەگەڵ ئەڵمانیا هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەو هۆكارانەی شۆڕشی بۆ ئەنجامدرا

  • ئاشتی و یەكسانی و دیموكراتی
  • بەخشینی زەوی بە جووتیاران
  • بەڕێوبردنی ئابووری

ئەنجام

  • بڕیاردرا بە دروستكردنی لیژنەی ڕێگەپێدراوانی گەل وەك بناغەی حكومەتی نوێ.
  • لیژنەكە هەستا بە دەستگیركردنی نەیارانی شۆڕش و بەرپرسانی مێنشێڤیك و حیزبی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕی ڕووسی.
  • لە 20/12/1917 لینین هەستا بە دروستكردنی لیژنەی بەرەنگاری شۆڕشی دیكە و ئەوەش هەنگاوێك بوو بۆ لەناوبردنی تەواوی نەیارانی بەڵشەفییەكان، لیژنەكە زۆر كەسی كۆمەڵگای ڕووسی و پیاوانی ئایینی و فەرماندە و كەسانی گومانلێكراوی لەناوبرد.
  • یاسای پارێزگاری لە تەواوی بانكەكانی ڕووسیا
  • دابەشكردنەوەی زەوی لەنێو جووتیارەكان
  • دەسەڵات درا بۆ بەڕێوبردنی كارگەكان بۆ سۆڤیەت
  • مووچە بەرزكرایەوە و كاری ڕۆژانە كرا بە هەشت كاتژمێر لە ڕۆژێكدا.

ساڵیاد

لە 7ـی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم)ـی هەموو ساڵێك پشووی فەرمی بوو لە یەكێتی سۆڤیەت و لە ڕووسیای ئێستاش بەردەوامە بەهۆی ساڵیادی سەركەوتنی ئەم شۆڕشەوە.


سەرچاوەکان



4216 بینین