ڕاپەڕینی ١٩٩١

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-24-22:30:00 - کۆدی بابەت: 3912
ڕاپەڕینی ١٩٩١

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕاپەڕینی ١٩٩١ یان ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١ (بە ئینگلیزی: 1991 Iraqi uprisings، بە عەرەبی: انتفاضة 1991)، بریتیبوو لە هەستان و ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان و چەکدارانی بەرەی کوردستانی بوو لە دژی ڕژێمی بەعس. ڕاپەرین بە فەرمی لە پێنجی ئازاری ساڵی ١٩٩١ لە دەڤەری ڕاپەڕین و شاری ڕانیەوە دەستی پێکرد و تاوەکوو ٢١ـی ئازار و ئازادکردنی شاری کەرکووک بەردەوام بوو. ڕاپەڕین بووە هۆی دەرکردنی هێزەکانی بەعس لە کوردستان و دروستبوونی دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردی و ڕووداوەکانی دواتریش بوونە هۆی ئەوەی وڵاتانی جیهان چاویان بکەوێتە سەر گەلی کورد و کۆمەڵێک پارێزراویی بۆ دەستەبەر بکەن.

پێشەکی

دوای شکستی سیاسی، سەربازی، دیبلۆماسی و ئابووریی حکومەتی بەعسی عێراق بە داگیرکردنی دەوڵەتی کوەیت لە ١٩٩٠/٨/٢، هەلێکی زێڕین بۆ گەلانی عێراق و بەتایبەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان هەڵکەوت کە لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە ڕاپەڕن و کۆتایی بە داگیرکاری دەیان ساڵە بهێنن. گەلانی عێراق بەگشتی و کورد بەتایبەتی لەدژی ڕژێمی عێراق هەستانەسەرپێ، لەکۆی ١٨ پارێزگا ١٤ پارێزگایان ڕاپەڕین، لە کۆتایی مانگی شوبات خۆپێشاندان لە گۆڕەپانی سەعد لە شاری بەسڕەی باشووری عێراق دەستی پێکرد و پاش ئەوێ ناوچەکانی زوبێر و ئەبولخەسیبی سوننی نشینی سەر بە پارێزگای بەسڕە لە ١٩٩١/٣/٣ ڕاپەڕین، پاشان شیعەکانی عێراق لە شارەکانی بەسڕە، دیوانیە، میسان، ناسڕیە، نەجەف، کەربەلا، عەمارە، واست و موسەننا ڕاپەڕین بەڵام دواتر سەرکوت کران.

شاری ڕانیەیش وەک یەکەمین شاری کوردی ڕاپەڕین تێیدا دەستی پێکرد و خەڵکی شارەکە هەستان بە دەرکردنی چەکدارانی سوپای ئەوێ و هانی ناوچەکانی تریشیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.

ڕاپەڕینی ڕانیە

لە ١٩٩١/٣/٥ لە شاری ڕانیە و لە کاتژمێر نۆی بەیانیدا خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر یەکە سەربازی و حکوومییەکانی ڕژێمی بەعس و تاوەکوو کاتژمێر سێی عەسر شارەکەیان لە چەکدارانی ڕژێم پاککردەوە. دواتریش ناوچەکانی حاجیاوا و چوارقوڕنە و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران. لەو ململانێدا زیاتر لە ٥٠ چەکداری بەعس کوژران و ١٠ هاوڵاتی شەهید بوون. لەدوای ئەم هەڵمەتە شاری ڕانیە بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسێنرا.

ڕاپەڕینی بازیان و دەشتی بتوێن و پشدەر

لە شەشی ئازاری ١٩٩١ ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازادکران، لە پشدەریش سەربازگەکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە کۆنتڕۆڵکران، تەنها فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەر نەبێت کە شەڕی مان و نەمانیان کرد و بووە هۆی شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگە و هاوڵاتی و کوژرانی دەیان سەرباز و گیرانی فەوجەکە. هەمان ڕۆژ لە بیتوێن تیپی ٤٤ـی چواڕقوڕنەی ڕژێم دەورەدران و هەر زوو کۆنتڕۆلکران، دواتر پێگەکانی سەرکلکەی کۆڵین و حاجیلە و بەرزایەکانی دۆڵە ڕەقە بەبێ ڕووبەڕووبونەوە خۆیان بەدەستەوەدا، ڕژێم تیپێکی لە کۆیە بردە گردەجان بۆ پاڵپشتی تیپی چوارقوڕنە و ناوچەکەی تۆپبارانکرد، هەر هەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و ژمارەیەک سەربازی ڕژێم کوژران.

ڕاپەڕینی سلێمانی

لە حەوتی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕی و هەڵیان کوتایە سەر بنکەی حامیەی پۆلیس و سەرا و ئازادیان کرد، هەروەها بۆ بەیانی واتە هەشتی ئازار ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەر بازگەی سەلام و پێگەکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆل کرد و بە هەزاران سەرباز خۆیان دا بەدەستەوە و پارێزگاری سلێمانی (شێخ موعتەسەم بەرزنجی) و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران.

ڕاپەڕینی دەوروبەری سلێمانی

لەی هەشتی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ، هەڵەبجەی شەهید، عەربەت، کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی زەڕایەن، ڕزگاری (سموود)، نەسڕ، باریکە، پیرەمەگروون و ئەلڵایی دەستی پێکرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک کۆنتڕۆلکران چەندان شەهید دران و چەندین کەس لە پیاوانی ڕژێم کوژران.

هەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم ڕەبییەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار خۆیان ڕادەستی گەل کرد، قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و بەرەو دوکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش جەماوەر بەرەو بەنداوی دوکان دەهاتن بۆیە بۆ ئێوارە ئەم ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا.

ڕاپەڕینی کۆیە و شەقڵاوە

لە نۆی ئازاری ١٩٩١ جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەرچی حکوومەت سوپایەکی زۆر لە هەیبەت سووڵتان هەبوو و لە هەشتی ئازاردا چەند تیپێکی زرێپۆشی زیادەی هێنایە ئەوێ و لە هەوا و زەوی بەرگرییان لە خۆیان دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو کۆیە ئازادکرا، دواتر لە هەموولاوە هەیبەت سوڵتان دەورەدرا و کۆنتڕۆڵ کرا و سوپاکەی ڕادەستبوو. هەمان ڕۆژ ناوچەی شەقڵاوەش ئازادکرا، بۆ ئێوارەکەی کۆمەڵگەی زۆرەملێی باسرمە پاککرایەوە، لە هەمان ڕۆژ کفری و باوەنوور و بەرزاییەکانی ئازادکران.

لە ١٠ی ئازاری ١٩٩١ جەماوەری مەسیف، تەقتەق، ڕەواندوز، قەرەهەنجیر، ئاغجەلەر، هەریر، باتاس، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لە چەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن.

ڕاپەڕینی هەولێر

لە ١١ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری هەولێر هەر لە بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی شۆڕش، مەلایان و برایەتی بەرەو بارەگاکانی ڕژێم چوون، لە کاتژمێر ٩ی بەیانی جەماوەر ڕژانە سەرشەقام و کۆڵانەکان و چوونە سەر بارەگا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، لەوانە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس.

تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆڵکران، تەنها پیاوەکانی ڕژێم لە بەڕێوبەرایەتی ئەمن و مەنزومەی شیمال بەرگرییان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێکەوت، لە هەمان ڕۆژدا راپەرین لە سەرجەم کۆمەڵگە و ناوچەکانی دەوربەری هەولێریش دەستی پێکردبوو، لە دێگەڵە پێداهاتن هەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و پادگاکانی رژێمی تادەگاتە کەسنەزان پاککرانەوە، ئۆردوگاکانی قوشتەپە، شاوێس، پیرزین، مەلائۆمەر، جدیدە و تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ ئازادکران، دواتر کۆمەڵگەی زۆرەملێی خەبات هەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەلەک و هەر زوو کۆنتڕۆڵیان کرد و دواتر کۆمەڵگەکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر ئازادبوون، ئێوارەی هەمان ڕۆژ فەیلەقی ٥ی سەربازگەی هەولێر کۆنتڕۆل کرا، بۆ بەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین، کانی قڕژالە، ڕێیگوێر و مەخموور گیران و خۆیان بەدەستەوەدا.

ڕاپەڕینی جەلەولا، مەخموور، ئاکرێ، خانەقین و شێخان

لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین و تاوەکوو ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد، بەڵام دواتر ڕژێم بە چەکی ئاسمانی و زەمینی تۆپبارانی کردن و چەندین هاوڵاتی شەهید کرد. هەمان ڕۆژ ناحیەی مەخموور و ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سورچیایەتی و بەردەڕەش و دینارەتی زێبار ئازاد کردن. دواتریش شێخان و سەرزێی خازر و خانەقین ئازاد کران.

ڕاپەڕینی زاخۆ، پردێ، جەبارە و کۆڵەجۆ

لە ١٣ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین، سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگای هیزاوە و دەرکارعەجەم ئازادکران و راپەرین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێخێر و ژوێ. پاشان لە سنووری کەرکووک شارۆچکەی پردێ ئازادکرا و لە گەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازادکران.

ڕاپەڕینی دهۆک

لە ١٤ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری دهۆک لە گەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریانهەڵدا و بەتێکڕا دەوری دەزگاکانی ڕژێمیاندا و هێرشیان کردە سەر، تا نیوەڕۆ هەموویان گیران، بەڕێوبەرایەتی ئەمن شەڕێکی درێژخایەنیان کرد و زۆربەیان کوژران، بەڵام دواتر تیپەکەیان خۆی بەدەستەوەدا. بەمەش ناوچەکانی زاوێتە، مانگێش، باگێرا، سەرسەنگ، ئەنیشک، بامەڕنێ، دێرەلوک، ئامێدی، سیریێ، شێلادزێ، باتوفە، بێ گۆڤا پشتاوپشت بوون، بۆ ڕۆژانی دواتر ناوچەکانی تر  تا دەگاتە کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و رێکان ئازاد کران، بۆیە پێگەکانی سەر چیاکانی گارا و مەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ خۆیان بەدەستەوەدا.

سوود وەرگرتن لە چەکدارانی موجاهدین

هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەرەتای مانگی نیسان بە فرمانێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕی لەگەڵ عێراق ڕاگرت، بەوەش عێراق خۆی کۆکردەوە و هێرشی کردە سەر خەڵکی خوارووی عێراق و کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە چەکدارانی موجاهیدینی خەلقی ئێران وەرگرت کە لە عێراق نیشتەجێ بوون و بەهۆیانەوە سەدان هاوڵاتی شەهید کران.

ئازادکردنی کەرکووک

پاش ڕزگارکردنی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستانەوە، تاکە شار کە مابووە ڕزگار بکرێت، شاری کەرکووک بوو، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە و بە هاوکاریی یەکتر و ڕێکخستنەکانی ناوشار و جەماوری کەرکووک ئامادەکارییان کرد و سەرەنجام ڕۆژی ٢١ی مانگ سەرجەم شاری کەرکووکیش ئازاد کرا.

ڕزگارکردنی شاری کەرکووک زۆری نەخایاند و پاش ماوەیەیەک حکوومەت بە چەک و چۆڵی زۆری و هێزێکی دڕندەوە و بە یارمەتیی ڕێکخراوی موجاهیدین هێرشی کردەوە سەر کەرکووک و داگیری کرد. دواتریش کۆڕەوی گەورەی کوردی بەدوا هات.

هێزەکان

پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٥ بۆ ٤٥ هەزار چەکدار
پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٤ بۆ ١٢ هەزار چەکدار
پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعیی کوردستان نەزانراو
پێشمەرگەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان نەزانراو
پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نەزانراو
خەڵک نەزانراو


سەرچاوەکان



7995 بینین