کۆنتڕۆڵکردنی نەفس و تووڕەبوون لە مانگی ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-17:36:00 - کۆدی بابەت: 3993
کۆنتڕۆڵکردنی نەفس و تووڕەبوون لە مانگی ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

ڕەوشت

ڕەوشت بریتییە لە سیفەتە نەفسییەكانی تاك كە دەكرێت جوان بێت یان ناشرین كە بەپێی ڕەفتارەكانی دیاری دەكرێت، زۆرجار ڕەوشتی تاكەكە بە پێی ئەو كۆمەڵگە و شوێنە دیاریدەكرێت كە لێی دەژی، چونكە لەوانەیە ڕەفتارێك لە چەند شوێنێك ڕێپێدراو بێت بەڵام لە چەند شوێنێكی تر ڕێپێنەدراو بێت، بۆیە بە ڕەفتارە باش و بەرزەكان دەوترێت بەڕەوشتی، بە ڕەفتارە خراپ و نابەجێكان دەوترێت بێڕەوشتی، ئاینی ئیسلام هەمیشە فەرمان بە چاكە و ڕەفتارە باشەكان دەكات و نەهی لە كاری خراپەكان دەكات، هەر وەك پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (أحَبُّ عبادِ اللهِ إلى اللهِ أحسَنُهُمْ خُلُقًا)، واتا خۆشەویستترین كەسەكان لای خودای گەورە كەسە بەڕەوشتەكانە.

بۆیە لێرەدا باسی چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی نەفس و توڕەبوونەكانمان دەكەین لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا.

كۆنتڕۆڵكردنی نەفس و توڕەبوون لەمانگی ڕەمەزان

خودای گەورە مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووگرتنی فەرز كردووە بەسەر موسوڵماناندا بۆ ئەوە نا كە برسی و تینووبن، بەڵكو بۆئەوی خۆیان ڕابهێنن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەفسیان و باشتركردنی ڕەوشتیان بە پێی ئاینی ئیسلام، گەر نەتوانێت كەسەكە بەسەر نەفسیدا زاڵببێت ئەوا هیچ لەو خێر و پاداشتانەی پێناگات كە خودای گەورە بۆیداناون، هەروەها (أبی هریرة) دە گێڕێتەوە كە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (أتدرون مَن المُفلِسُ؟ قالوا: المُفلِسُ فينا يا رسولَ اللهِ مَن لا درهمَ له ولا متاعَ له فقال رسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم: المُفلِسُ مِن أمَّتي مَن يأتي يومَ القيامةِ بصلاتِه وصيامِه وزكاتِه وقد شتَم هذا وأكَل مالَ هذا وسفَك دمَ هذا وضرَب هذا فيقعُدُ فيُعطى هذا مِن حسناتِه وهذا مِن حسناتِه فإنْ فنِيَتْ حسناتُه قبْلَ أنْ يُعطيَ ما عليه أُخِذ مِن خطاياهم فطُرِحت عليه ثمَّ طُرِح في النَّارِ).
مانگی ڕەمەزان تەنها ڕۆژووگرتن و نوێژكردن نییە بەڵكو دەبێت هەموومان هەوڵبدەین كە ڕەفتارمان چاككبكەین و نەفسمان كۆنتڕۆڵبكەین بە تایبەتی ئەو كاتانەی كە توڕە دەبین، خودای گەورە لە سورەتی (الأعراف) دەفەرموێت: {خُذِ الْعَفْوَ وَأْمُرْ‌ بِالْعُرْ‌فِ وَأَعْرِ‌ضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ}، بۆیە ڕەوشت بەرزی یەكەم شتە كە موسوڵمانان دەبێت هەوڵی بۆ بدەن، هەروەها ئەو كەسانەی كە كێشەیان هەیە لە كۆنتڕۆڵكردنی توڕەبوونەكانیان دەتوانن ئەم خاڵانەی خوارەوە پەیڕەو بكەن:

  • نیەتهێنان بۆ هەوڵدان بۆ چاككردنی نەفس و ڕەفتارەكانی
  • نزیكبوونەوە لە خودای گەورە لەڕێگەی ئەنجامدانی كاری خێر و چاكە
  • زیكر كردنی بەردەوامی خودای گەورە
  • نزاكردن لەكاتی تووڕەبوون
  • هەوڵبدە لەكاتی توڕەبووندا بێدەنگ ببیت
  • دەستنوێژ گرتن لەكاتی تووڕەبوون

ڕەوشتی كەسی ڕۆژووگر

مانگی ڕەمەزان مانگی خێر و چاكە و باشتركردنی نەفسە، هەروەها لەگەڵ باشتر مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی چواردەورت، بۆیە ئەو كەسە خێری ناگات كە لەگەڵ بەڕۆژووبووندا ڕەفتاری خراپ و گوناھ دەكات، هەروەها (أبي مالكٍ الأشعري) دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (إنَّ في الجنَّةِ غرفًا يُرى ظاهرُها من باطنِها وباطنُها من ظاهرِها أعدَّها اللَّهُ لمن أطعمَ الطَّعامَ وألانَ الكلامَ وتابعَ الصِّيامَ وصلَّى والنَّاسُ نيامٌ) 
لێرەدا گرنگی بەستنەوەی دین بە ڕەوشتەوەمان بۆ دەردەكەوێت، چونكە باوەڕداری ڕاستەقینە تاوان و درۆ و دزی و غەش ناكات، بەم شێوەیە سوودەكانی كۆنتڕۆڵكردنی نەفسمان بۆ دەردەكەوێت لەمانگی ڕەمەزاندا.


سەرچاوەکان



1125 بینین