بۆچی نابێت منداڵی خوار تەمەن شەش مانگ ئاو بخواتەوە؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-10-16:48:00 - کۆدی بابەت: 4364
بۆچی نابێت منداڵی خوار تەمەن شەش مانگ ئاو بخواتەوە؟

ناوه‌ڕۆك

منداڵی خوار تەمەن شەش مانگ

ئەو کۆرپەیەی کە دێتە دونیاوە تا تەمەنێکی تایبەت دەبێت ئاگاداری خواردن و خەوی بیت تا بە جوانی گەشە بکات و هیچ کێشەیەکی تەندروستی بۆ نەیەتە پێشەوە.
ئەگەر تازە بوویتەتە دایک و زۆر ئاگاداری شێوازی گەورەکردنی منداڵەکەت نیت دەبێت بزانیت کە هەرگیز ئاو نەدەیت بە منداڵەکەت کە تەمەنی لە خوار شەش مانگەوەیە، ئەمەش هیچ نییە جگە لە سەلامەتی منداڵەکەت لێرەدا باسی هۆکاری ئاو پێنەدانی دەکەین.

هەندێک هەڵەی منداڵ بەخێو کردن کە لە سەردەمی کۆندا هەبووە، دەتوانێت کاریگەری خراپی هەبێت بەسەر منداڵەوە، زانایان بە دایکان دەڵێن کە هەرگیز ئاو نەدەن بە منداڵی خوار تەمەن شەش مانگ، باشترین و سەلامەتترین خۆراک بۆ منداڵەکەت تا کۆتایی شەش مانگی بریتییە لە شیری دایک یاخوود شیری وشک.

خواردنەوەی ئاوی زۆر دەتوانێت ئەو کالۆریانەی جەستەی منداڵەکە لەناوببات کە زۆر گرنگە بۆ گەشەی منداڵەکە، جەستەی منداڵەکە ڕوون بکاتەوە، هەر بۆیە منداڵەکە تووشی دابەزینی کێشی دەبێتەوە، دەوترێت کە ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بیلیڕۆبین (bilirubin)ـی ناو خوێن.

بیلیڕۆبین چییە؟

(bilirubin): یەکێکە لە ماددە زەرد ڕەنگەکان کە لە ئەنجامی تێکشکانی هیمۆگڵۆبینەوە دروست دەبێت، و دەبێتە هۆی ڕەنگ زەزدی میز و قاوەیبوونی پیسایی.

هەروەها زیاد خواردنەوەی ئاو دەتوانێت ببێتە هۆی ژەهراویبوونی منداڵەکە لە (سەرەتای لەدایکبوونیەوە تاوەکوو شەش مانگی) بەدخۆراکی، تەشەنوج و تەنانەت مردنی منداڵەکەش.

لێکۆڵەرانی زانکۆی (جان هاپیکنز) دەڵێن نابێت تا پێش شەش مانگی ئاو بدرێت بە منداڵ تا بیخواتەوە، چونکە گورچیلەکانی هێشتا بەتەواوەتی نەکەوتۆتە کار و ئەگەری وەستانی هەیە لە ئەنجامی ئاوی زۆرەوە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە تەنها شیری دایک یان شیری وشک دەتوانێت هۆکارێک بێت کە جەستەی منداڵەکە تێر ئاو ببێت و ببێتە هێزێک بۆ جەستەی.

خواردنەوەی ئاو زیاد لە پێویست دەبێتە هۆی وەرەمی هەموو جەستە بەتایبەت وەرەمی مێشک کە بە کاریگەری ئەمە ئەگەری تەشەنوج و کەوتنە ژێر چاودێری چڕەوە و تەنانەت مردنیش هەیە، ئەندامە بچووکەکانی جەستەی منداڵ بەتەواوەتی کالۆرییان دەست دەکەوێت لە شیری دایکەوە یان شیری قوتوو، لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەڵێن کە منداڵان هەر دوو بۆ سێ کاتژمێر جارێک پێوستیان بە شیرپێدانە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ٪٨٨ ـی شیری دایک لە ئاو پێکهاتووە، هەر بۆیە دایکەکان با نیگەرانی کەمی ئاو نەبن لە جەستەی منداڵەکەیاندا.

سوودی شیری دایك

شیری دایک باشترین خۆراکە بۆ منداڵ بەلایەنی کەمەوە دەبێت تا شەش مانگی پێی بدرێت، بەڵام بەشێک لە دایکان شیریان تێدا نییە بۆ منداڵەکەیان یان هەندێک دەرمان بەکاردەهێنن کە دەتوانێت بە شیردا تێپەڕ ببێت و هەر بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت سوود لە شیری وشک وەربگیرێت بۆ خۆراکی منداڵەکە، هەروەها بە وردی دەبێت چاودێری ڕێژەی شیرەکە و ڕێژەی ئاوەکە بکرێت کە چۆن دەگیرێتەوە بۆ منداڵەکە، لە هەمووی گرنگتر پاککڕاگرتن و کوڵاندنی شووشەی شیری منداڵەکە بۆ ڕێگری کردن لە کۆبوونەوەی میکرۆب و بەکتریا زیانبەخشەکان لەسەری و چوونە ناوەوەی بۆ جەستەی منداڵەکە.

کاتێک کە منداڵ دەچێتە مانگی دوانزەیەمی تەمەنییەوە، شیری دایک بەڕۆژدا کەم دەدرێت پێی و خواردن و ئاوی پێ دەدرێت، بە کەمبوونی شیر و بەڵام ڕێژەیەکی باشی خواردنی سوودبەخش منداڵەکە بەڕێژەیەکی ئاسایی ئاو لە جەستەیدا دەبێت.

باشترین ڕێگا بۆ ئاو پێدانی منداڵ دوای گەشەكردنی

١- با پەرداخێکی دەسکدار بێت

٢- منداڵەکەت فێربکە ئاگای لە پەرداخەکە بێت و نەیشکێنێت

٣- دواتر بەشێوەیەک پەرداخەکەی بۆ بگرە کە ئاوەکە جوان بچێتە دەمیەوە

٤- دەبێت بە بەردەوامی ئەم کارە بکەیت تا کاتێک منداڵەکە خۆی بتوانێت پەرداخەکە بگرێت


سەرچاوەکان



41243 بینین