باشترین خۆراكەكان بۆ زیادبوونی كێشی منداڵەكەت

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-07-20:59:00 - کۆدی بابەت: 10577
باشترین خۆراكەكان بۆ زیادبوونی كێشی منداڵەكەت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باشترین خۆراكەكان بۆ زیادبوونی كێشی منداڵەكەت (بە ئینگلیزی: The Best Foods for Your Baby to Gain Weight، بە عەرەبی: أفضل الأطعمة لزيادة الوزن لطفلك). ئەگەر نیگەرانی ئەوەیت کە منداڵەکەت کێشی زۆر کەم بێت، ئەوە لەبەرچاو بگرە کە منداڵانی تازە لەدایکبوو بەشێوەیەکی ئاسایی لە چەند ڕۆژی یەکەمی ژیانیدا ٣-٧% و بە لایەنی زۆرەوە تا ١٠%ـیی کێشی كاتی لەدایکبوونیان دادەبەزێنن، کە لە نزیکەی کۆتایی هەفتەی دووەمیان بەدەستی دەهێننەوە.

تاکوو دەگەنە تەمەنی ٦ مانگ، پێویستە کۆرپە لە مانگێکدا نزیکەی یەک پاوەند (٠.٤٥ کیلۆگرام) یان زیاتر زیاد بکات. پێویستە کێشیان نزیکەی سێ ئەوەندەی کێشی لەدایکبوونیان بێت لە دەوروبەری کۆتایی ساڵی یەکەمیان. بەڵام لەبیرت بێت کە ئەم ژمارانە مامناوەندین و منداڵێکی تەندروست ڕەنگە زیادبوونی کێشی جیاوازی هەبێت بەپێی کێشی لەدایکبوونی و هۆکاری تر. دەتوانیت لەهەر کاتێکدا پرسیار لە پزیشکی منداڵان بکەیت دەربارەی زیادبوونی کێش. ئەگەر زیادبوونی هێواشی کێشی منداڵەکەت پەیوەندی بە هۆكارە تەندروستییەكانەوە نەبوو، وەکوو کێشەکانی دڵ یان هەرسکردن، ئەوا بیر لەوە بکەرەوە کە خۆراکی تەواو چڕ و پڕی کالۆرییان پێ بدەیت. ئەمانە ڕەنگە هاندەری زیادبوونی کێشی تەندروست بن. لێرەدا ٧ لەباشترین خۆراکەکان دەخەینەڕوو کە یارمەتی منداڵەکەت دەدەن بۆ زیادکردنی کێشی لەش.

لە خوار ٦ مانگەوە

منداڵێکی خوار تەمەنی ٦ مانگ کە کێشی کەمتر لە ئاستی ئاسایی زیاد بكات دەتوانێت کێشەی بۆ دروست بکات. بەو پێیەی هەموو یان زۆربەی کالۆرییەکانیان لەم خاڵەدا لە شیری دایک، شیری قوتو، یان هەردووکیانەوە دەست دەكەوێت، ئەوەی دەتوانیت لە ئێستادا کۆنتڕۆڵی بکەیت ئەوەیە کە چەند جار شیر دەخۆن و ئایا بەشی پێویست وەردەگرن یان نا.

- شیری دایک یان شیری قوتو

منداڵانی تازە لەدایکبوو کە شیری دایکیان پێدەدرێت هەر ٢-٣ کاتژمێر جارێک شیر دەخۆن، بۆیە بۆ ماوەی ٤ مانگی یەکەم ٨-١٢ یان زیاتر لە ڕۆژێکدا شیر دەخۆن. دەبێت منداڵەكە بە تەواوی شیری مەمكی دایكەكە بەتاڵ بکاتەوە، چونكە ئەو شیرەی كە لە كۆتاییەكاندا دەیخوات ڕەنگە دەوڵەمەندتر بێت لە شیری پێشەوە کە یەکەمجار دێتە دەرەوە. هەروەها دەبێت دایكەكە هەوڵبدات ئەو خۆراکانە بخوات کە وا بەرهەمهێنانی شیری دایک زیاد دەکات. تا ئەو کاتەی منداڵەکەت دەست بە خۆراکە ڕەقەکان نەکات، پێویستی بە خواردنەوەی ئاو نابێت. لەبری ئەوە دەبێت شیری دایک یان شیری قوتوی پێبدرێت بۆ ئەوەی زۆرترین كالۆری هەبێت. هەروەها لەوانەیە پزیشک پرسیار بکات دەربارەی هەر کێشەیەکی پەیوەندیدار و لێکۆڵینەوە لە هەر کێشەیەکی پزیشکی بنەڕەتی بکات کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر مژینی ماددە خۆراکییەکان یان میتابۆلیزمی منداڵەکەت هەبێت لەم تەمەنەدا. لەگەڵ پزیشکی منداڵانەكەت قسە بکە ئەگەر بیر لەوە دەکەیتەوە کە جگە لە شیری دایك، شیری قوتوش بە منداڵەكەت بدەیت یاخود بتەوێت کام جۆری شیر هەڵبژێریت. ئەم هەڵبژاردنانە ئاڵۆزن و پەیوەستن بە چەندین هۆکاری کەسییەوە، پزیشکیش دەتوانێت یارمەتیت بدات لە بڕیاردان.

٦-٩ مانگ

زۆربەی منداڵەکان دەست دەکەن بە نیشاندانی ئامادەباشی بۆ خواردنی خواردنە ڕەقەکان لە دەوروبەری مانگی ٦.

- ئەڤۆگادۆ

ئەگەر بتەوێت دەست بكەیت بە شیربڕینی منداڵەكەت ئەوا ئەڤۆگادۆ خۆراکێکی زۆر باشە بۆ کۆرپە کاتێک دەست دەکات بە خواردنی ماددە ڕەقەکان. لەمەش زیاتر، چەورییە تەندروستەکانی ئەڤۆگادۆ و تامی تاڕادەیەک سووکی ئەمە دەکاتە خۆراکێکی زۆر باش بۆ ئەو کاتەی هەوڵدەدەیت کۆرپەکەت کێشی زیاد بکات. دەتوانیت وردیبكەیت و پێی بدەیت یاخود دەتوانیت بیخەیتە ناو خواردنەکانی ترەوە، وەکو دانەوێڵەی برنج یان میوەیەکی تر. بیرۆکەیەکی باشە کە یەک بە یەک خواردنی نوێی پێبدەیت. بەمشێوەیە ئەگەر منداڵەکەت هەر جۆرە کاردانەوەیەکی هەستیاریی هەبێت، ئەوا باشتر هەستی پێ دەکەیت کە ڕەنگە هۆکارەکەی چی بووبێت.

- شۆڤان

دانەوێڵەی شۆفان خۆراکێکی دیکەی دەوڵەمەندە و ئاسانە بۆ زیادکردنی بۆ خۆراکی منداڵەکەت. بۆ دروستکردنی، شۆڤانی سادە کە لە ئاودا کوڵاوە تێکەڵ بکە و ئاوی تێبکە بەپێی پێویست بۆ ئەوەی وەك شۆربای لێبێت. دەشتوانیت لە جیاتی ئەوە شۆڤانەكە بە شیری قوتو یان شیری دایک بكوڵێنیت. شۆڤان بڕێکی زۆر ڕیشاڵی تێدایە، لەوانەش بێتاگلوکان کە یەکێکە لە جۆرەکانی ڕیشاڵی خۆراکی تواوە. یارمەتی گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکانی ڕیخۆڵەی منداڵەکەت دەدات و لەوانەیە هاندەری جۆری جیاوازی بەکتریا بێت لە ڕیخۆڵەدا. لەمەش زیاتر، شۆڤان لە تامدا تا ڕادەیەک هاوسەنگە، ئەمەش وا دەکات کە ئاسان بێت لەگەڵ خۆراکە دڵگیر و تەندروستەکانی تر تێکەڵ بکرێت. بۆ نموونە دەتوانیت میوەی وردكراو و دارچینی بخەیتە ناویەوە بۆ ئەوەی تامێکی زیاتری هەبێت.

- کەرەی بستە

کەرەی بستە پڕۆتین و چەوری تێدایە، كە هەردووکیان دەتوانن هاندەری زیادبوونی کێش بن لە کۆرپەکەتدا. بەڵام لەبیرت بێت کە بستە یەکێکە لەو ماددانەی كە دەكرێت هەستیاری دروست بكات. بۆیە دەبێت یەك بە یەك خۆركەكان بەمنداڵەكەت بناسێنیت و لانیكەم هەفتەیاكیان نێوان بێت. هەروەها گرنگە هەمیشە چاودێری نیشانەکانی هەستیاری بکەیت، لەوانە لیرو و سووربوونەوەی دەوری دەم. باشترین ڕێگە بۆ پێدانی کەرەی بستەی سروشتی، یان هەر جۆرێکی تری کەرە، ئەوەیە کە تێکەڵیان بکەیت لەگەڵ ئاوی گەرم، سێوی لەڕنەدراو، شیری دایک یان شیری قوتو، یاخود ماست. هەروەها دەتوانیت بیخەیتە ناو شۆڤان بۆ زیادکردنی دەوڵەمەندی خۆراكەكە. ئەگەر منداڵەکەت مەترسی هەیە بۆ هەستیاری یان ئەکزیمای هەبووە، پێش ئەوەی هەر جۆرە کەرەیەك یان خۆراکی مەترسیدارتر بدەیت پێی قسە لەگەڵ پزیشك بكە.

- هێلکە

هێلکە خۆراکێکی تری بەهێزە کە بۆ کۆرپە و گەورەکانیش زۆرباشە. تێکەڵەیەکی پڕکەرەوەی چەوری و پرۆتین دابین دەکەن و لە گەدەدا نەرمە و ئامادەکردنیان ئاسانە. بەڵام ئاگاداربە چونکە ئەمە خۆراکێکی تری باوی هەستیارییە کە دەبێت بەهێواشی بە منداڵەكەتی بناسێنیت. بۆیە ئاگاداربە ئەگەر کۆرپەکەت هەر نیشانەیەکی هەستیاری وەک هەناسەبڕکێ یان کێشەی هەناسەدانی بۆ دروست بوو. کاتێک هێلکە پایەیەکی سەرەکی خۆراکی کۆرپەکەت بوو، دەتوانیت هەوڵبدەیت تێکەڵاوی بکەیت و هەندێک پەنیر و سەوزەی تێبكەیت بۆ زیادکردنی ماددە خۆراکیەکان.

٩-١٢ مانگ

بەدڵنیاییەوە پێویست ناکات تا ٩ مانگ چاوەڕێ بكەیت بۆ پێدانی ماسی بە منداڵەكەت، بەڵام ڕەنگە ئاسانتر بێت بۆ منداڵ كە لەم تەمەنەدا مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکەدا بکات لە چاو زووتردا.

- ماسی

ماسی پرۆتین و چەوری تەندروستی تێدایە کە زۆر گرنگن بۆ گەشەی منداڵە بچووکەکەت. ئاگاداربە بەدوای ماسی کەم جیوەدا بگەڕێیت، وەکو سەلەمون، هێرینگ و ترۆت. جگە لەوەش، ئەمانە و ماسییەکانی تر ترشی (DHA)ـی خۆراکی مێشکیان تێدایە، کە جۆرێکە لە ترشی چەوری ئۆمیگا ٣ کە پێویستە بۆ گەشەکردنی دروستی مێشک لە سەرەتای منداڵییدا.

زیاتر لە ١ ساڵ

کاتێک کۆرپە ١٢ مانگی خۆیان تەواو دەكەن، لەوانەیە هەست بەوە بکەیت کە کەمتر دەخۆن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ڕێژەی گەشەکردنیان خاو دەبێتەوە. لە ڕاستییدا زۆربەی منداڵانی ساوا تەنها نزیکەی ٥ کیلۆ لە نێوان یەکەم و دووەم ڕۆژی لەدایکبوونیاندا زیاد دەکەن. بێگومان، هێشتا گەشە دەکەن و پێویستیان بە خۆراکێکی زۆرە بەڵام بەو خێراییە گەشە ناکەن کە لە ١٢ مانگی یەکەمی ژیاندا بوون. بۆیە، نیگەران مەبە ئەگەر لەناکاو خواردنی منداڵەكەت كەمی كرد ئەگەر هێشتا هۆشیارە و وزەیان هەیە بۆ یاریکردن.

- زەیتی زەیتون یان ئەڤۆگادۆ

منداڵەكەت پێویستە بڕێکی هاوسەنگ چەوری تەندروست وەربگرێت. لە ڕاستیدا، ٣٠-٤٠%ـی کالۆری منداڵەت دەبێت لە چەوریەکانەوە بێت. ئەوان پێویستیان بە نزیکەی ١٠٠٠-١٤٠٠ کالۆری هەیە لە ڕۆژێکدا لەم تەمەنەدا، بەجۆرێک کە وەرگێڕدراوە بۆ نزیکەی ٣٠-٥٠ گرام چەوری لە ڕۆژێکدا. ئەگەر منداڵەت پێویستی بە کەمێک زیاترە، بیر لەوە بکەرەوە کە بڕێک زەیتی زەیتوون یان زەیتی ئەڤۆگادۆ بۆ خۆراکەکەی زیاد بکەیت، نزیکەی ١/٢-١/٤ کەوچکی چێشت (٤-٧ مل) بۆ دەستپێکردن. دەتوانیت بیخەیتە ناو قاپێک شۆربا یان هەندێک نانی دانەوێڵەی تەواوی تێبکەیت. بەڵام ئاگاداربە زۆر ڕۆن بە منداڵەکەت نەدەیت، چونکە بەمشێوەیە دەبێتە هۆی تێکچوونی گەدە یان سکچوون.


سەرچاوەکان



1240 بینین