یوری گاگارین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-12-16:28:00 - کۆدی بابەت: 4431
یوری گاگارین

ناوه‌ڕۆك

یەكەم كەشتیوانی ئاسمانی

یوری ئەلیكسیڤێچ گاگارین، كەشتیوانێكی كەشتی ئاسمانی سۆڤیەتی بوو كە بووە یەكەمین مرۆڤ گەشتی دەرەوەی گۆی زەوی بكات و لە بۆشایی ئاسمان بمێنێتەوە و بە دەوری زەویدا بسوڕێتەوە، ئەمەش لە بەرواری ١٢/٤/١٩٦١ لەسەر كەشتی ڤۆستۆك ١.

زانیاری گشتی

ناو یوری ئەلیكسیڤیچ گاگارین
لەدایكبوون ٩/٣/١٩٣٤
كۆچی دوایی ٢٧/٣/١٩٦٨  (٣٤ساڵ)
ئۆپەراسیۆنەكان ڤۆستۆك -١
پلە عەقید
هۆكاری كۆچی دوایی ڕووداوی فڕۆكە
حیزب حیزبی شیوعی یەكێتی سۆڤیەت
زمانەكان ڕووسی

گاگارین لە خێزانێكی هەژار لە كلۆشینۆی نزیك گزاتسك لە مۆسكۆی ڕووسیا لەدایكبووە، دواتریش شوێنی نیشتەجێبوونەكەی بەناوی خۆیەوە ناونرا وەك ڕێزێك لەو.

وەك زۆرێك لە خێزانەكانی یەكێتی سۆڤیەت لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم تووشی نەهامەتییەكی زۆر بوونەتەوە و دیلی ئەڵمانەكان بوون هەتاوەكو كۆتایی جەنگ، لە منداڵیدا بەهۆی ئەوەی مامۆستای بیركاری قوتابخانەكەی فڕۆكەوانی جەنگ بووبوو كاریگەری لەسەر یوری داناوە و حەزی فڕۆكەوانی لە ناخیدا چەسپاندووە.

لە ساڵی ١٩٤٩ دوای تەواوكردنی خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگەیەكی پیشەسازی سەرقاڵی كاری ماددەی تواوە دەبێت و لە ساڵی ١٩٥١ بۆ تەواوكردنی خوێندن دەڕواتە خوێندنگەی ساراتۆڤ، و هەر ئەوكاتیش دەڕواتە فێرگەی ئاسمانی ساراتۆڤ و لەوێ وەك ئەستێرەیەكی فڕۆكەوانی دەدرەوشێتەوە و لە پلەیەكی نایاب لەو ساڵەدا سەركەوتووبوو، و لە ساڵی ١٩٥٥ یەكەمین فڕینی تەنیای خۆی بە فڕۆكەی یاك-١٨ ئەنجامدا.

دواتر دەڕواتە كۆلێژی هێزی ئاسمانی ئۆرنبۆرگ بۆ فێربوونی فڕۆكەی جەنگی و لە ١٩٥٧ بڕوانامەی فڕۆكەی میگ-١٥ وەردەگرێت، هەر لەوێ بە هاوسەری ئاییندەی (ڤالێنتینا گوریاچۆڤا) ئاشنا دەبێت و هاوسەرگیری دەكەن.

گاگارین باڵای ١٥٧ سانتیمەتر بوو، هەرچەندە ئەمە وەك لایەنی نەرێنی بۆ مرۆڤ سەیردەكرێ بەڵام ڕۆڵێكی باڵای هەبوو بۆ هەڵبژاردنی وەك یەكەمین مرۆڤی دەرەوەی گۆی زەوی.

گاگارین و بۆشایی ئاسمان

لە ساڵی ١٩٥٩ داوای وەرگرتنی لە بەشی بۆشایی ئاسمانی یەكێتی سۆڤیەت پێشكەش كرد و هەفتەیەك دواتر وەرگیرا و لە ١٩٦٠ دەزگاكە دوای پێداچوونەوە بیست كەسی هەڵبژارد بۆ پۆستی كەشتیوانی كە یەكێك لەوان گاگارین بوو، سێرگی كارالیۆڤ كە بە باوكی بەرنامەی فەزایی سۆڤیەت دادەنرێ خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكەی كردبوو، و لەسەر بنەمای شارەزایی و باڵا و كێش و بڕیاردانی دروستی كاتی تێكچوونی ئامێر هەڵدەبژێردران.

یەكێتی سۆڤیەت و یەكەمین فڕینی بۆشایی ئاسمان

بەرپرسانی سۆڤیەت بیستبوویان كە ئەمریكای ڕكاربەریان دەیەوێت لە ٢٠ـی ٤ـی ١٩٦١ یەكەمین فڕین بۆ دەرەوەی زەوی ئەنجام بدات بۆیە دەیانویست خۆیان ببنە یەكەمین و پێش ئەو بەروارە كارەكە ئەنجام بدەن، هەرچەندە بەرنامەكەی ئەمریكا فڕینی مرۆڤ بۆ بەرزاییەكی زۆر نەبوو بەڵكو بڕیاربوو بە ئەندازەی فڕینی موشكێكی بالیستیك بۆ بەرزی ١٠٠ میل بفڕێت و بنیشێتەوە، بەڵام دەكرا ئەمە وەك یەكەمین فڕینی بۆشایی ئاسمان هەژماربكرێ بۆیە یەكێتی سۆڤیەت پلانی ١١ بۆ ١٧ـی مانگی دانا و ئەنجامی دا.

هەڵبژاردنی گاگارین

چوار ڕۆژ پێش فڕینەكە گاگارین وەك هەڵبژاردەی سەرەكی دەستنیشان كرا و گێرمان تیتۆڤ وەك كەسی یەدەگ دەستنیشانكرا، یەكێك لە گەورەترین هۆكارەكانی هەڵبژاردنی گاگارین كۆمەڵایەتی بوون و گیانی هاوكاری و شارەزایی ئەوبوو، دواتریش بەرپرسی دەزگاكە لەگەڵیان كۆدەبێتەوە لە نزیك ڕووباری (سیردریا) و لەوێ دەڵێت :

"لەگەڵ ئەوەی ماوەی چوار ساڵ تێپەڕیوە بەسەر یەكەمین مانگی دەستكرد كە بۆ بۆشاییمان ناردووە، بەڵام ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە یەكەمین مرۆڤیش بنێرین، بڕیارەكەشمان ئەوەیە گاگارین یەكەمین كەس بێت و شەش كەشتیوانەكەی دیكە كەسانی دواتر بن لە قۆناغەكانی داهاتوو، چونكە تا كۆتایی ئەمساڵ دە فڕینی دیكە ئامادە دەبێت.

یوری ئەلێكسیڤیچ، سەركەوتوو بیت. "

ژمارە ٢٥

پێش فڕینەكە هیچكەسێك نەچووبووە دەرەوەی گۆی زەوی و بگەڕێتەوە بۆیە نەدەزانرا ئایا كەشتیوانەكە بە چوونە دەرەوەی لە هێزی كێشكردنی زەوی باری دەروونی و جەستەیی چی بەسەر دێت، بۆیە موشەكی ڤۆستۆك-١ بە شێوەیەك ئامادەكرابوو كە خۆی هەموو كارێك ئەنجام بدات، تاكە ڕێگا بۆ ئیشپێكردن و گرتنە دەستی موشەكەكە تۆماركردنی ژمارەی كۆدی تایبەت بوو كە ژمارە (٢٥) بوو، ئەم ژمارەیە لەسەر کاغەزێك نوسرابوو و لەنێو قوتویەكی سەربەستراو دانرابوو.

ئەگەر كەشتیوانەكە باری تەندرووستی باش بوایە و ئاگاداری خۆی بوایە قوتویەكەی دەكردەوە و دەیناردەوە بۆ چاودێرەكان و بەمەش ڕێگەپێدانی وەردەگرت بۆ بەكارهێنانی دەستی موشەكەكە.

فڕینەكە

گاگارین لە كاتژمێر شەش و حەوت خولەكی بەیانی بە كاتی مۆسكۆ لە بنكەی ئاسمانی بایكۆنۆر بە موشەكی ڤۆستۆك-١ یەكەمین فڕینی مرۆڤی بۆ بۆشایی ئاسمان ئەنجامدا بە ناوی ئۆپەراسیۆنی (درەختی سنەوبەر) و چاودێرانی ئاسمانی بە سێ كەناڵی ڕادیۆیی و یەك كەناڵی تەلەفزیۆنی پەیوەندییان لەگەڵ گاگارین هەبوو.

یەكەمین قسەكانی گاگارین لە بۆشایی ئاسمان

یەكەمین ئەو قسانەی لە بۆشایی ئاسمان وترا لە دەمی گاگارینەوە ئەمەبوون :

"فڕینەكە بە باشی بەردەوامە، بەباشی دەبینم، من زەوی دەبینم، زۆر جوانە"

دەگێڕنەوە كاتێك گاگارین فڕینەكەی ئەنجامداوە گۆرانییەكی چڕیوە لەژێر لێوەوە بەناوی  "نیشتمان گوێی لێیە" كە دەیوت :

"نیشتمانی دایك، نیشتمانی دایك ئاگادارە

كە ڕۆڵەكەی تا كوێی ئاسمان فڕیـــــــوە"

لەگەڵ فڕینی گاگاریندا پلەی سەربازی ئەو لە جێدارەوە (ملازم) بۆ پلەی (عەقید) بەرزبوویەوە.

لەگەڵ ئەوەی بەهۆی كێشەیەك لە موشەكەكە بۆ ماوەی دە خولەك لە ئاسمانی ئەفریقا دەخولایەوە و بە خێراییەكی زۆر بەرەو زەوی دەهاتەوە بەڵام خۆشبەختانە بەشی سوتەمەنییەكەی جیابوویەوە و موشەكەكە گەڕایەوە بۆ باری ئاسایی خۆی و یوری دوای ١٠٨ خولەك بە خێرایی ٢٧،٤٠٠ كم/ لە كاتژمێرێكدا جارێك بە دەوری زەویدا سوڕایەوە و گەڕایەوە بۆ سەر زەوی و لە شاری ساراتۆڤ نیشتەوە و هەموو یەكێتی سۆڤیەت و جیهانی تووشی شۆك و دڵخۆشی كرد.

ئەو خاڵەی كە گاگارین لێی نیشتەوە ناوچەیەكی دوور بوو لەوەی چاوەڕێ دەكرا بۆیە هیچكەسێك لەوێ نەبوو بۆ بەخێرهاتنەوەی، یەكەمین كەس كە ئەویان بینی داپیرەیەك و نەوەكەی بوون، یوری دەڵێت :

" ئەوان كاتێك منیان بینی بە كڵاو و جلوبەرگی كەشتیوانییەوە، گەڕانەوە دواوە و ترسیان لێ نیشت، بەڵام من پێموتن مەترسن، منیش وەك ئێوە خەڵكی سۆڤیەتم و ئێستا لە بۆشایی ئاسمان گەڕامەوە، بەدوای تەلەفۆنێك دەگەڕێم پەیوەندی بە مۆسكۆوە بكەم. "

تەلەفۆنەكەی گاگارین بۆ مۆسكۆ

" پەیامێك بۆ هێزە ئاسمانییەكان، ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتوویی ئەنجامدرا، من لەم ناونیشانە نیشتومەتەوە، حاڵم باشە و تێكچوونی بینایی و شكاویم نییە، گاگارین"

دوای گەڕانەوە

دوای گەڕانەوە گاگارین بوو بە ئەستێرەیەكی جیهانی و وەك مرۆڤێكی گرنگ بانگهێشت كرا بۆ وڵاتەكانی : ئیتاڵیا و چیكۆسلۆڤاكیا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا و فەڕەنسا و بولگاریا و كوبا و غانا و میسڕ و هیندستان و ژاپۆن.

لە زۆرێك لە وڵاتەكان نیشانەی شەرەف و سوپاسنامەی وەرگرت و لە شاری پاریسیش شەقامێك بەناوی گاگارینەوە ناونرا.

پڕوپاگەندە

دوای فڕینەكەی گاگارین، قسە و باسێك بڵاوبوویەوە گوایە گاگارین لە بۆشایی ئاسمان وتویەتی "من لەم سەرەوە خودا نابینم"، بەڵام ئەم ڕستەیە هەرگیز نەوتراوە و ڕاست نییە.

یەكێك لە نزیكترین هاوڕێكانی گاگارین دەڵێت " ئەم قسانە دوورە لە گاگارینەوە و ئەم قسەیە لە كۆبوونەوەی حیزبی شیوعی كراوە كە نیكیتا خرۆشچۆڤ لە كۆمیتەی حیزب وەك سوكایەتی بە دین وتویەتی "تەنانەت گاگارینیش چووە ئاسمان و لەوێش خودای نەبینی" بۆیە زۆركەس وادەزانن ئەمە قسەی گاگارین بووە، بەڵام لە هیچ تۆمارێكی دەنگی ئەو ئۆپەراسیۆنە شتێكی وا ڕووینەداوە.

مەرگ

گاگارین لە ساڵانی داهاتوو لەگەڵ گرووپێك لە بنكەی ئاسمانی خەریكی دروستكردنی موشەكی باشتر بوون، دواتریش كرا بە جێگری سەرۆكی شارۆچكەی ئەستێرەكان كە بنكەیەكی فێركاری ئاسمانییە.

لە ڕۆژی ٢٧ـی مارسی ١٩٦٨ لە كاتی ڕاهێنان لە فڕۆكەی جەنگی میگ-١٥ یوری گاگارین و ڕاهێنەرەكەی بەهۆی كێشە لە فڕۆكەكەیاندا كۆنتڕۆڵ لەدەست دەدەن و هەردووكیان كۆچی دوایی دەكەن.

هەندێك دەڵێن بە ئەنقەست تێكدراوە و هەندێكیش دەڵێن كێشەی هەبووە و چەندین لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوە، بەڵام زۆرترین قسەوباس لەسەر ئەوەیە كێشەی هەبووە و ئەنقەست نەبووە.

نازناوەكانی گاگارین

  • فڕۆكەوانی كەشتیوانی یەكێتی سۆڤیەت
  • پاڵەوانی یەكێتی سۆڤیەت
  • پاڵەوانی كۆماری چیكۆسلۆڤاكیا
  • پاڵەوانی ڤێتنام
  • سەرۆكی ئەنجومەنی دۆستایەتی نێوان سۆڤیەت و كوبا

نیشانە و مەدالیاكان

  • مەدالیای لینین
  • مەدالیای ئەستێرەی دووانی (ئەندەنوسیا)
  • مەدالیای كارل ماركس
  • مەدالیای ڕووباری نیل (میسڕ)


سەرچاوەکان



786 بینین