موسڵمان لە بەکارهێنانی تەلەفۆن و مۆبایل دا
گوێچکە بەخششێکی هەستیار و گرنگە، کە خوا بە بەندەی خۆی بەخشیوە ئەم دەزگایەش دەبێ لە گوێ بیستنی شتی خراپ و نابەجێ بپارێزین و نەهێڵین بە بیستنی قسەی ناشرین و نابەجێ و حەرام ببێتە شایەت و بەڵگە لەسەرمان لە ڕۆژی دواییدا. دیارە تەلەفۆن و مۆبایل لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بۆتە پێویستییەکی بەڵگەنەویست کە دەبێ بە شێوەیەکی دروست و بە جێ بەکاربهینرێ کە کاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگە نەبێت.
ئاكارەكان
جا هەندێ ئاداب و ئاکار و ڕەوشت هەیە بۆ بەکارهێنانی تەلەفۆن و مۆبایل، کە پێویستە مرۆڤی مسوڵمانی ڕاستەقینە پابەندی بێت و جێبەجێی بکات کە ئەمانەن:
١. کە تەلەفۆن دەکەی: دەڵێی (ئەلو.. السلام علیکم .... من فڵانم)، ئینجا چاک و چۆنی دەکەیت.
٢. ڕەچآوکردنی بارودۆخی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان پێوە دەکەیت، نابێ لە کاتی نوستن و کاتی کارکردن و وەک کاتی بەیانییەکی زوو، یان لە شەوی درەنگ وەخت، یان کاتێک دەزانی وەختەکە وەختی نوێژە، تەلەفۆن بکەیت.
٣. لە کاتی تەلەفۆن کردندا، درێژە بە قسە نەدەیت و تەلەفۆنەکە مەشغوول نەکەیت، لەوانەیە خەڵکانێک هەبن، بیانەوێ پەیوەندیت پێوە بکەن، یان بیانەوێ پەیوەندی بەو کەسانەوە بکەن، کە تەلەفۆنیان بۆ دەکەیت.
٤. بۆ حاڵەتی پێویست نەبێ تەلەفۆن نەکەیت، وەک سەردانی نەخۆشێک یان خێرو چاکەیەک یان قسەیەکی گرنگ هەروا تەلەفۆن نەکەیتە ئامێرێکی گاڵتەو سوعبەتکاریی یان هەراسان کردنی خەڵک.
٥. لە کاتێک لە ئاودەستی، وەڵامی مۆبایل مەدەوە، چونکە شوێنەکە شیاوی قسەکردن نییە.
٦. بۆ پێویستی نەبێت لە شوێنە گشتییەکان وەک ناو پاس و ئۆتۆمبێل و ڕێگا و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان مۆبایل بەکارمەهێنە.
٧. ئەو مۆبایلانەی کامێرایان تێدایە، نابێ بەبێ مۆڵەتی هیچ کەسێ وێنە بگیرێ نابێ وێنەی ئافرەتان بگیرێ کە دوایی وەک هەڕەشە بەرامبەر بە کەسانیان بەکاریان دێنن، هەرچەندە ئەمە لە ڕەوشتی موسڵمانی پابەند بە دینی خوا ناوەشێتەوە.
٨. لەسەر دایک و باوکانی هۆشیار بە دینی خوا، کوڕ و کچانیان لەم ئامێرە ئاگادار بکەنەوە و لایەنە خراپ و باشەکانیان بۆ ڕوون بکەنەوە و ڕێنماییان بکەن، کە بۆ چ شتێ بەکاری بهێنن و بۆ چ شتێ بەکاری نەهێنن.