ئەدەب و ئاکاری کۆڕ و مەجلیس
١. هەر کەسێ هاتە کۆڕ و مەجلیسێک تەوقەی لەگەڵ بکرێ
وەک (ابن السني) و ئەبوداود لە پێغەمبەران گێڕاوەتەوە کە فەرموویەتی: ( إذا التقی المسلمان، فتصافحا وحمدا اللە تعالی، واستغفرا غفر اللە عز وجل لهما) واتە گەر دوو مسوڵمان بە یەک گەیشتن و تەوقەیەکان کرد و سوپاسی خوای گەورەیان کردوو داوای لێخۆشبوونیان کرد ئەوا خوای بەخشندە لێیان خۆش دەبێ. هەروەها ترمذي و ئیبن ماجە و غەیری ئەوانیش لە بەڕائەوە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕنەوە، کە گوتویەتی: پێغەمبەری خوا د.خ پێی گوتوم: (تصافحوا یذهب الغل، وتهادوا تحابوا و تذهب الشحاء) واتە تەوقە لەگەڵ یەکتری بکەن، چونکە تەوقەکردن ڕق و کینە لە دڵدا ناهێڵێ، دیاری بۆ یەکتری ببەن، یەکترتان خۆش ئەوێ و دوژمنایەتی و ناکۆکی ناهێڵێ)،
٢. لەو شوێنە دابنیشێ کە خاوەن ماڵ دیاری دەکات
یەکێک گەر چوو بۆ ماڵێک یان کۆڕێک پێویستە لەو شوێنە دابنیشێ کە خاوەن ماڵەکە بۆی دیاری دەکات، چونکە خاوەن ماڵ باشتر بە حاڵی ماڵەکەیەوە ئەزانێ، لە کۆنیشەوە گوتراوە: (أهل مکة أدری بشعابها) واتە خەڵکی شاری مەککە شارەزاترن بە ڕێگە و پێچ و پەناکانی شاخەکانیەوە. هەروەها پێغەمبەری خوا د.خ دەفەرموێ: (و من دخل دار قوم فلیجلس حیث أمروە فإن القوم أعلم بعورة دارهم)، واتە گەر یەکێک چووە ماڵی قەومێك، با لەو شوێنە دابنیشێ، کە پێی دەڵێن: لێی دانیشە، چونکە ئەو قەومە (ئەو کەسە) چاکتر دەزانێ بە حاڵ و باری ماڵەکەی، و دەزانێ کوێندەر جێگەی ئەوە نییە کە تووشی ڕوانینی حەرام ببێ.
٣. لە ناوەڕاستی کۆڕ و مەجیلس دانەنیشێ
ئەبو داود بە ئیسنادێکی (حسن) لە حوزەیفەی یەمانییەوە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕێتەوە، کە پێغەمبەری خوا د.خ ( لعن من جلس في وسط الحلقة) واتە پێغەمبەر نەفرینی لەو کەسە کردووە کە لە ناوەڕاستی کۆڕ و دانیشتنێکدا دائەنیشی. هەروەها ترمذي لە ئەبی میجلەز دەگێڕێتەوە (ان رجلا قعد وسط حلقة فقال حدیفة: ملعون علی لسان محمد من جلس وسط الحلقة) واتە پیاوێک لە ناوەڕاستی دانیشتنێک دانیشتبوو، حوذەیفەش گوتی: لەسەر زمانی پێغەمبەرەوە نەفرین لەو کەسە کراوە، کە لە ناوەڕاستی کۆڕ و مەجلیسدا دادەنیشێ. دانەنیشتن لە ناوەڕاستی مەجلیسدا ڕەفتارێکی جوانی کۆمەڵآیەتییە کە پێویستە مسوڵمان ئاگادار بێ، چونکە دانیشتن لە ناوەڕاستی مەجلیسدا پشت کردنە لە هەندێک لەو کەسانی ئامادەی دانیشتنەکەن، کە ئەمەش شتێکی جوان نییە، بەڵام گەر کۆڕ و مەجلیسێک شوێنەکەی بچووک و تەسک بوو، خەڵک ناچار بوو لە ناوەڕاستیدا دابنیشن، ئەوەیان قەیناکا و گوناهی تیا نییە، خوای گەورەش دەفەرموێ (وما جعل علیکم في الدین من حرج): واتە خوای گەورە لە دیندا ئەو ئەرکانەی لەسەردا نەناون کە دەبێتە مایەی بارگرانایی و ناخۆشی و لە توانادا نەبوون.
٤. لە نێوان دوو کەس دانەنیشێ بە بێ ئیزن وەرگرتنیان
وەک ترمذی و ئەبو داود لە عومەری کوڕی شوعەیب ئەویش لە باوکی و لە باپیرەی دەگێڕنەوە کە پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (لا یحل لرجل أن یفرق بین اثنین إلا باذنهما) واتە حەڵاڵ نییە بۆ یەکێک کە لە گەڵ دوو کەسدا بێ و بەبێ ئیزنیان ئەوان بە جێ بهێڵێ. بە مانای پێویستە ئەوان ئیزن بدەن، ئەو کەسە بڵێ ڕێگە هەیە بڕۆم؟. لە گێڕانەوەیەکی ئەبی داود هاتووە (لا یجلس بین رجلین الا بإذنهما) واتە هیچ کەسێک لە نێوان دوو کەس بە بێ ئیزنیان دانەنیشێ.
٥. ئەو کەسەی دەچێتە لای یەکێک، یان دەیەوێ بچێتە مەجلیسێک، دەبێ لە کۆتایی مەجلیسەکە دابنیشێت
وەکو ئەبو داود و ترمذي لە جابری کوڕی سەمرە ڕەزای خوایان لێبێ دەگێڕنەوە، کە گوتویەتی (کنا إذا أتینا النبي جلس أحدنا حیث ینتهي) واتە گەر بچووینایە کۆڕی پێغەمبەر ئەوا هەر یەکێک لە ئێمە لە کۆتایی مەجلیسەکە دادەنیشت. ئەم جۆرە ڕەفتارە بۆ مرۆڤێکی ئاساییە بەڵام یەکێکی خاوەن پلە و پایە و زانیاری هات، ئەوا قەیناکە خاوەن ماڵ لە شوێنێکی گونجاو و تایبەتی دابنێ.
٦. لە دانیشتنی سێ کەسدا با دوو کەسیان قسە بە نهێنی نەکەن
وەک بوخاری و موسلیم لە عبداللە کوڕی مەسعود ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕنەوە کە پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (إذا کنتم ثلاثة فلا یتناجی اثنان دون الثالث من اجل ان ذلک یحزنە) واتە گەر سێ کەس بوون لە دانیشتنێکدا با دوو کەسیان قسە بە نهێنی نەکەن بە بێ کەسی سێیەم، چونکە بەمە دڵی گران دەبێت و پێی ناخۆشە)، لەوانەیە بڵێ باسی من دەکەن، یان گومانی تریان پێ ببات، بەڵام گەر لە مەجلیسەکە لە سێ کەسی زیاتری تیدا بوو، ئەوا قەیناکە کە قسە بە نهێنی بکرێ لە نێوان دوو کەس، بە مەرجێ لەوە نەترسن کە مەجلیسەکە بە گشتی گومانی خراپیان پێ نابەن. قسەنەکردن بە نهێنی و چرپەچرپ بە ئامادەبوونی سێ کەس، ئەوەش دەگرێتەوە کە بە زمانی جیا قسە بکرێت، جا ئینگلیزی بێت یان تورکی بێت کە دروست نییە پێویستە مسوڵمان خۆی بە دووربگرێ لەم ڕەفتارە، بە واقعیش ئەمە دەبینین کە زۆربەی تورکمانەکان کاتێک بە یەک دەگەن بە تورکی قسە دەکەن بە بێ گوێدان بە کەسی سێیەم کە ئایا پێی ناخۆشە یان نا.
٧. گەر یەکێک لە مەجلیسەکە بۆ پێویستییەک چووە دەرەوە، نابێ شوێنەکەی بگیرێتەوە، گەر بە نیاز بوو بگەڕێتەوە ناو مەجلیسەکە
وەک موسلیم لە ئەبو هورەیرە دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (إذا قام أحدکم من مجلس ثم رجع إلیە فهو أحق بە) واتە گەر تاکێک لە ئێوە لە مەجلیسێک هەڵسا و پاشان گەڕایەوە ناو مەجلیسەکە، خۆی لە هەموو کەس شایستەترە بە شوێنەکەی خۆی.
٨. پێش ئەوەی لە مەجلیسەکە هەڵسێ و بە جێی بهێڵێ و بڕوات داوای ئیزن بکات
وەک پێغەمبەر د.خ فەرموویەتی: (إنما جعل الإستئذان من أجل البصر) واتە داوای ڕێگەپێدان بە هاتنە ژوورەوە و چوونەدەرەوە بۆ ئەوەیە تووشی ڕوانینی حەرام نەبن. دیارە ئەمەش بۆ پاراستن و ڕێز و حورمەتی ماڵەکەیە.
٩. دانیشتن بە ئەدەب و ڕێزەوە
هەر کەسێ لە کۆڕ و مەجلیسێک دانیشت دەبێ بە ئەدەب و ڕێز و ویقارەوە دابنشێ، نابێ گەمە بە ڕیشی بکات و خۆی بە ئەنگوستیلەکەیەوە خەریک بکات، نابێ دەست لە لوتی وەربدات و نابێت زۆر باوێشک بدات، لە مەجلیسەکە دەبێ تەماشای چاوی ئەو کەسە بکات کە قسەی بۆ دەکات نابێ ڕووی لەو کەسە وەربگێڕێ. با زۆر قسە نەکات، بە قەد و شان و باڵآی خۆی هەڵنەڵێ، با قسەی کەس نەبڕێ نابێ قاچ لەسەر قاچ دابنێ کە هەندێ کەس کە دادەنیشن یەکسەر قاچ لەسەر قاچ دادەنێ بە بێ گوێدانە کەسی بەرامبەر، کە لە ڕاستیدا سیفەتێکی زۆر ناشرینە و سیفەتی موتەکەبیرانە، دەبێ مسوڵمان خۆی لەم سیفەتە قێزەونە دوورخاتەوە، بە ئەدەبەوە دابنیشێ.
١٠. پێش ئەوەی هەڵسن لە مەجلیسەکە دوعای کەفارەت بخوێندرێ
وەک حاکم لە ئەبی بەرزە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی: کاتێک پێغەمبەری خوا د.خ بیویستایە لە مەجلیسێک هەڵسێ دەفەرموو (سبحانک اللهم و بحمدک أشهد أن لا إلە إلا أنت أستغفرک و أتوب ألیک) جا پیاوێک گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا تو قسەیەك دەکەیت کە پێشتر ئەمەت نەدەگوت، پێغەمبەری خوا فەرمووی: (ذلک کفارة لما یکون في المجلس) واتە ئەم دوعایە کەفارەتی ئەو قسانەیە کە لە مەجلیسەکە گوتراوە.