قاوە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-26-03:41:00 - کۆدی بابەت: 5030
قاوە

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی قاوە

قاوە (بە ئینگلیزی: Coffee) خواردنەوەیەکی دەستکردی ڕەنگ تاریک یان قاوەییە و تامێکی تاڵی هەیە، وزەی جیاواز بە مرۆڤ دەدات لەبەر زۆری ڕێژەی کافایین تێیدا، لە ئەنجامی برژاندنی تۆوی چەندین جۆری ڕووەکی قاوە و هاڕینی دروست دەکرێت.

چاندنی قاوە

دەنکەکانی قاوە بریتین لە تۆوی ڕووەکی قاوە، کە بە چەند هەنگاوێک وشککراونەتەوە و و برژێنراون و هاڕدراون
تەنها چاندنی تۆوی ڕووەکی قاوە لە ڕووتەختێکی بچووکدا و لە شوێنێکی سێبەردا دەتوانێت کێڵگەیەکی قاوەی لێ دروست بکرێت، دوای ڕوواندنی تۆوی قاوە لە ڕووتەختێکی بچووک و خاکێکی گونجاودا دوور لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر و بە پێدانی ئاوی پێویست، تۆوە چەکەرەکردووەکان بۆ چەند ڕۆژێک وازیان لێدەهێنرێت گەشەبکەن پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ ئەو زەوییەی بۆیان تەرخانکراوە، کە بە شێویەکی باش چەکەرەیان کردوو و گەشەیان کرد دەخرێنە زەوییەکی بە پیت و کێڵگەیەکی گونجاوی چاندنی قاوە، چاندنی قاوە لە وەرزی باراندا گونجاوترین کاتە چونکە پێویستی بە خاکێکی شێدارە.

دروێنەکردنی قاوە

بە پشت بەستن بە جۆرە جیاوازەکانی، قاوە نزیکەی ٣ بۆ ٤ ساڵی پێویستە تاکو لە تۆوێکەوە ببێت بە ڕووەکێکی تەواو گەشەکردوو، بەری ڕووەکی قاوە شێوەی لە میوەی گێلاس دەچێت، کە بە پشت بەستن بە ئاستی پێگەیشتنی بەرەکەی ڕەنگی لە سەوزەوە دەبێت بە سوورێکی ئاڵ یاخود سوورێکی تۆخ، ئەوانەی پێنەگەیشتوون ڕەنگەکەیان سەوزە، بەری ڕووەکی قاوە لە پلەی گەرمی بەرز و زەوییەکی نزمدا زووتر پێدەگات، قاوە دەتوانرێت بە دەستی مرۆڤ دروێنەبکرێت تاکوو دڵنیاببنەوە لەوەی کە تەنها تۆوە ڕەنگ سوور و پێگەیشتووەکان دروێنە دەکرێن، دروێنەکردن بە دەست کارێکی قورس و وردە چونکە دەبێت بە وریاییەوە تۆوە پێگەیشتوو و ساغەکان هەڵبژێردرێت، لە وڵاتێکی وەکو بەڕازیلدا کە زەوی تەختە و قاوە لە کێڵگەی گەورەدا دەچێندرێت دروێنەکردن بە ئامێر دەکرێت.

دروێنەکردنی قاوە چ بە دەست بێت یاخود ئامێر، بە دوو شێواز دەکرێت:

  • دروێنەکردنی کوێرانە: لەم جۆرەی دروێنەکردندا بەری پێگەیشتوو و پێنەگەیشتوو دروێنە دەکرێت.
  • دروێنەکردنی ورد: لەم جۆرەی دروێنەکردندا تەنها بەرە سوور و پێگەیشتووەکان دروێنەدەکرێن و بەرە سەوزەکان جێدەهێڵرێن تاکوو بە تەواوی پێبگەن.

لە زۆربەی ناوچەدا تەنها یەک وەرز گونجاوە بۆ دروێنەکردن لە تەواوی ساڵەکەدا، و لە هەندێک وڵاتی وەک کینیا و کۆڵۆمبیاش دوو وەرزی دروێنەکردن هەیە، ئەو قاوانەی کە لە سەرەتای وەرز و کۆتایی وەرزدا دروێنەدەکرێن تامێکی ئاساییان هەیە، بەڵام ئەو قاوانەی کە لە ناوەڕاستی وەرزدا دروێنەدەکرێن تامێکی خۆش و جیاوازیان هەیە.

پڕۆسەی پاککردن

دوای دروێنەکردن، بەری ڕووەکی قاوەکان نابێت زۆر بهێڵرێتەوە و دەبێت بە زووترین کات بخرێتە پڕۆسەی پاککردنەوە بۆ ئەوەی خراپ نەبن و تامیان تێکنەچێت، بە پشت بەستن بە سەرچاوە و شوێنە جیاوازەکان، دوو شێواز هەیە بۆ پڕۆسەی پاککردنی قاوە کە ئەمانەن:

شێوازی وشک

شێوازێکی ڕەسەنی پاککردنی بەری قاوەیە و تا ئێستاش لەو شوێنانەی کە سەرچاوەکانی ئاو تێیدا کەمە بەکاردێت، ئەم شێوازە شێوازی (نەشۆردراوە) یان (سرووشت)یشی پێدەوترێت، زۆربەی ئەو کەسانەی کە کێڵگەی بچووکی بەرهەمهێنانی قاوەیان هەیە بەکاری دەهێنن، سەرەتا بەری قاوەکە لەسەر قەرەوێڵەی وشککەرەوە کە بە شێوازێک دیزاین کراوە هەوا بە ئاسانی بەناو بەری قاوەکاندا تێپەرببێت و ڕێگری بکات لە ترشان و تێکچوونی قاوەکان بڵاودەکرێتەوە بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ڕۆژ، بۆ ئەوەی لەبەر تیشکی هەتاو بە تەواوی وشک ببێتەوە، ڕۆژانە پێویستە بەری قاوەکان تێکبدرێن و تێکەڵ بکرێن تاکوو بە تەواوی تیشکی خۆر و هەوا لێیان بدات، شەوانەش پێویستە داپپۆشرێن تاکوو دووربن لە هەڵمژینی شێ، بە پشت بەستن بە دۆخی کەشوهەوا پڕۆسەی وشککردنەوە چەند هەفتەیەکی پێویستە تا ئەوکاتەی ڕێژەی شێی بەری قاوەکان دەبێتە کەمتر لە ١١٪، بەو شێوەیە توێکڵی بەری قاوەکان وشک و تەنک و ڕەش دەبێت و ئەمەش وادەکات بە ئاسانی لێی بکرێتەوە.

شێوازی تەڕ

ئەم شێوازە تا ڕادەیەک شێوازێکی نوێیە بۆ لێکردنەوەی توێکڵی بەری ڕووەکی قاوە، بۆیە پێی دەوترێت شێوازی تەڕ چونکە ئاو بەکاردەهێنرێت بۆ تێپەڕکردنی قاوەکان بە پڕۆسەکەدا و دەرهێنانی تۆوی قاوەکان و لێکردنەوە توێکڵەکەی، شێوازی تەڕ پێکدێت لە پاککردنی بەری قاوەکان و لابردنی بەرە نەگەیشتوو و زۆر گەیشتووەکان، پاشان بەری قاوەکان دەخرێنە ناو ئامێرێکەوە بۆ لێکردنەوە توێکڵی بەرەکان بەبێ تێکشکان و تێکچوونی تۆوەکان، ئەو بەری قاوانەشی کە دەمێنێتەوە و بە تەواوی پێنەگەیشتوون بەکاردێن بۆ دروستکردنی قاوەیەکی کوالێتی نزمتر، دوای ئەوەی کە تۆوی قاوە پاککراوەکان لە ئامێرەکە دەردەهێنرێت، دەخرێتە ناو تانکێکی گەورە و لەگەڵ ئەنزیم تێکەڵدەکرێت بۆ ئەوەی ماددە لکێنەر و لینجەکانی قاوەکە بەتەواوی لێببێتەوە، تەواوی ئەم پرۆسەیە بە نزیکەیی ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت، گرنگترین هەنگاوی ئەم پڕۆسەیە ئەوەیە کە دڵنیابین تۆوی قاوەکان بە تەواوی پاک بووەتەوە لە ماددەی لکێنەر و لینج، بۆیە لە کۆتاییدا تۆوەکان دەشۆردرێنەوە بۆ دڵنیابوون لە نەمانی هیچ لینجییەک و دەخرێنە بەرهەتاو بۆ ماوەی یەک یان دوو ڕۆژ تاکوو وشک ببنەوە، سەرەڕای ئەمەش بەرگێکی تەنکی شێوە کاغەزیی بە دەنکی قاوەکانەوە جێدەمێنێت کە پێویستی بە پڕۆسەیەکی ترە بۆ لێکردنەوە

پڕۆسەی پوختەکردن

پێش ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە، تۆوە وشککراوەکانی قاوە بەم پڕۆسانەی خوارەوەدا تێپەڕ دەبن:

  • پڕۆسەی لێکردنەوە: ئەو دەنکە قاوانەی کە وشککراونەتەوە توێکڵێکی تەنکی شێوە کاغەزییان پێوە دەمێنێت و بە ئامێرێک ئەو توێکڵە تەنکەی لێدەکرێتەوە.
  • پڕۆسەی بریسکانەوە: پڕۆسەیەکی ئارزوومەندانەیە، کە لەلایەن زۆربەی پوختەکەرەکانەوە پشتگوێ دەخرێت، پێکدێت لە لێکردنەوە تەواوی ئەو بەرگ و توێکڵە ڕەنگ زیوییانەی کە بە دەنکی قاوەکانەوە بەجێماون لە پڕۆسەی لێکردنەوەدا، ئەو قاوانەی کە بەم پڕۆسەیەدا تێپەڕدەبن کوالێتییان بەرزترە.
  • پڕۆسەی جیاکردنەوە: دەنکی قاوەکان ڕیزدەکرێن و جیادەکرێنەوە بە پێی کێش و قەبارەیان، پڕۆسەیەکی ماندوو کەرە و چەندین کاتژمێر دەخایەنێت، پەستانی هەوا بەکاردەهێنرێت بۆ جیاکردنەوەی دەنکە سووکەکان لە دەنکە قورسەکان، جیاکردنەوەی قەبارەش لە ڕێگەی تێپەڕکردنی دەنکی قاوەکانە بە ڕووکەشێکدا کە کون کونە و تەنها ڕێگە بە چەند قەبارەیەکی دیاریکراوی دەنکەکان دەدات تا تێپەڕببن، لە کۆتایی پڕۆسەی پوختەکردندا تەنها قاوە سووکەکان دەپێچرێنەوە بۆ فرۆشتنیان وەک قاوەیەکی کوالێتی بەرز.

هاڕینی قاوە

ئامانجی سەرەکی لە هاڕینی قاوە بۆ زیاترکردنی تامەکەیەتی، جۆری قاوەکە ئەوە دیاری دەکات کە پێویستە تا چەند وردبکرێت، جۆری وردکردن و هاڕینەکەش ئەوە دیاری دەکات کە بە چ خێراییەک قاوەکە دەتوانێت تامەکەی بداتەوە.

جۆرەکانی قاوە

سێ جۆری جۆری سەرەکی لە تۆوی قاوە هەیە (عەرەبی، ڕۆبوستا "بەهێز"، لیبێریکا).

  • عەرەبی: باوترین جۆری تۆوە کە بەکاردێت، کوالێتییان بەرزترە و گرانترن لە قاوەی بەهێز، ڕێژەی کافاین تێیدا ١,٦١گرامە بۆ هەر ١٠٠ گرامێکی قاوە
  • ڕۆبوستا "بەهێز": هەرزانترە لە قاوەی عەرەبی چونکە چاندنی ئاسانترە، کافایینی زیاتریان تێدایە و تامیان تاڵترە، ڕێژەی کافایین تێیدا ٢,٢٦گرامە بۆ هەر ١٠٠ گرامێکی قاوە.
  • لیبێریکا: دەنکەکانی گەورەترە لە هەردوو جۆرەکەی تری قاوە، ڕێژەی کافایینی لە هەردوو جۆرەکە کەمترە، ڕێژەی کافایین تێیدا ١,٢٣گرامە بۆ هەر ١٠٠ گرامێکی قاوە

جۆرەکانی قاوەی گەرم Hot Coffee

چەندین جۆری جیاوازی قاوەی گەرم هەیە کە بەپێی حەز و خواستی بەکارهێنەر دروستدەکرێت و بنچینەی دروستکردنی زۆربەیان بریتییە لە قاوەی ئێسپرێسۆ، بەناوبانگترین جۆرەکان ئەمانەن:

  • قاوەی ڕەش Black coffe: لە هاڕینی دەنکی سادەی قاوە دروستدەکرێت و بەبێ تێکردنی هیچ شەکر، شیر و تامێک دەخورێتەوە.
  • دێکاف Decaf: قاوە بە شێوەیەکی ئاسایی کافایینی تێدایە، بەڵام قاوەی دێکاف بە چەند پڕۆسەیەک هەموو کافایینەکەی ناوی دەردەهێندرێت.
  • ئێسپرێسۆ Espresso: هەمان ئەو دەنکە قاوانەیە کە بۆ دروستکردنی جۆرەکانی تری قاوە بەکاردێت، بەڵام قاوەی ئێسپرێسۆ زیاتر دەهاڕدرێت ئەمەش وادەکات زیاتر خەست بێت و تامێکی جیاوازی هەبێت.
  • لاتتێ Latte: ئەم خواردنەوە کلاسیکە ١/٣ پێکدێت لە قاوەی ئێسپرێسۆ و ٢/٣ کەفی شیر و بەشی سەرەوەشی کەفی قاوە، بە پێی خواستی بەکارهێنەر تامی جیاوازی تێدەکرێت.
  • کاپوچینۆ Cappuccino: بەشێوەیەکی بنچینەیی لە قاوەی لاتتێ دەچێت و بەشی سەرەوەی کەمێک تەنکترە.

قاوەی سارد Ice coffee

بە شێوەیەکی ئاسایی قاوەی گەرمە و سارد دەکرێتەوە لە ساردکەرەوەدا پاشان لەگەڵ شیر و سەهۆڵ و تامی جیاواز تێکەڵدەکرێت.


سەرچاوەکان



3906 بینین