هەور (تەکنەلۆجیای زانیاری)

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-13-15:31:00 - کۆدی بابەت: 5292
هەور (تەکنەلۆجیای زانیاری)

ناوه‌ڕۆك

هەور (Cloud)

دەستەواژەی هەور لە بواری كۆمپیوتەردا واتا ئەو سێرڤەرانەی كە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەتوانیت داغڵیان ببیت و بەكاریان بهێنیت، كە ئەم سێرڤەرانە چەندین پڕۆگرام و داتابەیسیان تێدایە، سێرڤەری هەوایی (Cloud servers) لە چەندین سەنتەری داتادا هەن لە سەرانسەری جیهاندا، لە ڕێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەری هەورییەوە پێویست ناكات بەكارهێنەران و كۆمپانیاكان ماندوو ببن بە بەڕێوبردنی سێرڤەری فیزیكی و هەروەها كارپێكردنی بەرنامەكان لەسەر سێرڤەركانی خۆیان.

هەور (Cloud) یارمەتی بەكارهێنەرەكانی دەدات بە بینین و كارپێكردنی هەموو ئەو زانیارییانەی كە هەیانە لە ڕێگەی بەكارهێنانی هەر ئامێرێكەوەبێت، چونكە ئەو بەرنامە و زانیارییانە لە سێرڤەرەكەدا هەن نەك لەسەر هاردی ئامێرەكەت، ئەكاونتەكانی سۆشیالمێدیا بەهەمانشێوەی كڵاود (Cloud) كار دەكەن بۆ نمونە كاتێك بۆ مۆبایلێكی نوێ دەكڕیت، هەڵدەستیت بە كردنەوەی ئەو ئەكاونتانەی كە لە مۆبایلە كۆنەكەتدا هەبووە، لە كاتی كردنەوەیدا دەبینیت هەموو ئەو وێنە و زانیارییانەی تێدایە كە پێشتر لە مۆبایلە كۆنەكەتدا هەبووە، بۆیە هەور (Cloud) بە هەمانشێوە كاردەكات.
بۆ كۆمپانیاكان بەكارهێنانی هەور (Cloud) یارمەتی كەمكردنەوەی پارە دەدات، چونكە چیتر پێویست ناكات چاودێری و ئەپدەیتی سێرڤەرەكانیان بكەن، دابینكەری خزمەتگوزاری هەور (Cloud)ـەكە ئەم كارە دەكات، هەروەها ئەم كۆمپیوتەری هەوری بۆ ئەو كۆمپانیایانە زۆر باشە كە لە چەندین وڵاتی جیا جیا كاردەكەن، چونكە هەموو كارمەندەكانی وڵاتە جیاكان دەتوانن هەمان زانیاریی ببینن لە هەر شوێنێكی جیهانەوەبێت.

خزمەتگوزارییە جیاوازەكانی كۆمپیوتەری هەوایی

پڕۆگرام وەك خزمەتگوزاری Software-as-a-Service (SaaS)

لە جیاتی ئەوەی بەكارهێنران هەڵبستن بە دابەزاندنی بەرنامە لەسەر كۆمپیوتەرەركانیان، بەرنامەی SaaS لەسەر سێرڤەرە هەورییەكان دادەبەزێنرێت و بەكارهێنەران دەتوانن لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەو بەرنامانە بەكاربهێنن بەبێ ئەوەی لەسەر ئامێرەكانی خۆیان دابەزێنرابێت، ئەم شێوازە وەك ئەوە وایە خانوویەكت بەكرێ گرتبێت كە لە خانووەكەدا دەژیت وەك ئەوەی هی خۆتبێت بەڵام لە بەرامبەریدا دەبێت پارە بدەیت، چەند نمونەیەك بۆ بەرنامەكانی SaaS بریتین لە: (Salesforce, MailChimp, Slack).

پلاتفۆڕم وەك خزمەتگوزاری Platform-as-a-Service (PaaS)

لەم شێوازەدا كۆمپانیاكان پارە نادەن بە پڕۆگرام بەڵكو پارە دەدەن بە كۆمەڵە پێداویستییەك بۆ دروستكردنی پڕۆگرامی تایبەت بەخۆیان، دەتوانین ئەم شێوازە بشوبهێنین وەك بەكرێگرتنی پێداویستی بۆ دروستكردنی خانوویەك نەك بەكرێگرتنی خانووەكە خۆی، نمونە بۆ PaaS وەك: (Heroku، Microsoft Azure).

ژێرخان وەك خزمەتگوزاری Infrastructure-as-a-Service (IaaS)

لەم جۆرەدا كۆمپانیا هەڵدەستێت بە كرێگرتنی ئەو سێرڤەر و بیرگانەی كە پێویستیانە لە دابینكەری هەورییەوە، كە كۆمپانیاكە هەڵدەستێت بە بەكارهێنانی ئەم ئامڕازانە بۆ دروستكردنی ئەو پڕۆگرامەی كە پێویستیانە، دەتوانین ئەمەش نموونەیەكی بۆ بهێنینەوە كە وەك ئەوە وایە پارچەیەك زەوی بەكرێ بگریت و بەدڵی خۆت ئەو بینایەی كە دەتەوێت تێیدا دروستبكەیت، نمونە بۆ IaaS وەك: 
(DigitalOcean, Google Compute Engine, OpenStack).

جۆرە جیاوازەكانی هەور (Cloud)

هەوری تایبەت (Private cloud): بریتییە لە سێرڤەرێكی هەوری یان سەنتەرێكی زانیاری هەوری كە تەنها تایبەتە بە یەك ڕێخراو یان كۆمپانیا.

هەوری گشتی (Public cloud): بریتییە لە خزمەتگوزاری كە چەندین سێرڤەر و سەنتەری زانیاری لەخۆدەگرێت كە بە پێچەوانەی هەوری تایبەتەوە، ئەم جۆرە خزمەتگوزاریان دەكرێت لەلایەن چەند كۆمپانیا و ڕێخراوێكەوە بەكاربهێنرێت.

هەوری هایبرید (Hybrid cloud): هەوری هایبرید بریتییە لە تێكەڵەیەك لە هەوری تایبەت و هەوری گشتی، كە دەكرێت كۆمپانیایەك هەندێك لە كارەكانیان لە هەوری تایبەتدا ئەنجامبدەن و هەندێكی تر لە هەورە گشتییەكاندا،

فرەهەوری (Multicloud): فرەهەوری بریتییە لە بەكارهێنانی چەند خزمەتگوزارییەكی هەوری جیاواز، واتا كۆمپانیا یان ڕێخراوێك هەڵدەستێت بە كرێگرتنی چەند خزمەتگوزارییەكی هەوری لەلایەن چەند دابینكەری خزمەتگوزاری جیاوازەوە، كە ئەمە وەك ئەوە وایە چەند زەوییەك لە چەند كەسێكی جیاوازەوە بەكرێ بگریت.

بۆچی ئەم سیستمە پێیدەوترێت هەور (Cloud)؟

وشەی هەور (Cloud) سەرەتا وەك وشەیەكی بازاڕی بەكاردەهات، كە سەرەتا دیزاینی سیستم و سێرڤەرەكان دەكرا هێمای ئینتەرنێت بە هەور نیشان دەدرا، بۆیە كە تەكنەلۆژیا پێشكەوت و ئەو كارانەی كە بەبۆنەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامدەدرا و فیزیكی نەبوون ناوی هەور (Cloud) لێنرا، خۆی لەڕاستیدا ئەم سێرڤەرانە فیزیكین و بوونیان هەیە بەڵام بەكارهێنەران لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەتوانن بەكاریبهێنن لە هەر شوێنێكی جیهاندا بن.


سەرچاوەکان



1460 بینین