زانستی تەجوید

زانستی تەجوید

له‌لایه‌ن: سیروان حامد - به‌روار: 2021-05-15-23:36:00 - کۆدی بابەت: 5351
زانستی تەجوید

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی تەجوید

تەجوید لە زمانەوانیدا: چاككردن و شارەزابوونە. 
لە زاراوەشدا دەبێت بە دوو بەشەوە

1- تەجویدی زانستی (التجوید العلمی): زانینی ئەو بنەما و یاسایانەی كە زانایان دایان ناوە و نوسیویانەتەوە، وەك: شوێنی دەرچووونی پیتەكان، زانینی سیفەتەكانی، ئەحكامەكانی نون‌ و میمی زەننەدار و درێژكردنەوە (المد) و بەشەكانی و ... هتد.

2- تەجویدی كردەیی (التجوید العملی): (إخراج كل حرف من مخرجه، وإعطا‌ءه حقه و مستحقه.)
(إخراج كل حرف من مخرجه) واتە: دەركردنی پیتەكان لە جێدەنگی (مخرج) خۆیانەوە. 

حقه: ئەو سیفەتانە دەگرێتەوە كە خۆیین‌ و لە پیتەكە جیانابنەوە، وەك: چپە و ئاشكرا (الهمس والجهر)، بەرزی و نزمی (الإستعلا‌ء و الإستفال) و.. هتد.

مستحقه: ئەو سیفەتانە دەگرێتەوە كە كاتین (عرضی)، لە هەندێ‌ كاتدا تووشی پیت دەبن و لە هەندێ‌ كاتیشدا لێی جیادەبنەوە، وەك: ئاشكراكردن (الإضهار) و تێهەڵكێش (الإدغام) و شاردنەوە و (الإخفا‌ء) و هەڵگەڕاندنەوە (القلب) و بچووككردن (الترقیق) و گەورەكردن (التفخیم).  

تێبینی: هیچ كەسێك ناتوانێت لە ڕێگەی پەرتووك‌ و كتێبەكانی زاستی تەجویدەوە فێری جۆری دووەم/ (التجوید العملی) ببێت، بەڵكو فێربوونیان تەنها لە ڕێگەی مامۆستایانی شارەزاوە (خاوەن سەنەدی نەبچڕاو) دەبێت، ئەویش بە بیستن‌ و بینین‌ و وەرگرتن لێیانەوە.


مێژووی نووسینەوەی زانستی تەجوید

لە ڕابردوودا زانستی تەجوید لە گەڵ قوڕئانی پیرۆزدا بە زارەكی (شفهی) دەخوێنرا، بە شێوەیەك قوتابی چەند جار قوڕئانی بۆ مامۆستاكەی دەخوێندەوە تا بە باشی فێری خوێندنەوەی دەبوو، دواتر زانایانمان ڕەحمەتی خوایان لێبێت هاوشێوەی زانستەكانی تر یاساو بنەماكانی ئەم زانستەیان نوسییەوە.

یەكەمین نوسراوی سەربەخۆ لەم بوارەدا هۆنراوەكەی ئەبو موزاحیمی خاقانیە (325ك كۆچی دواییكردووە)‌ و لە (51) دێڕ پێكهاتووە و زۆرێك لە بابەتەكانی تەجویدی لە خۆگرتووە، بێ ئەوەی زاراوەی تەجویدی تێدا بەكارهێنابێت، چونكە ئەو زاراوەیە تا ئەو كاتە نەناسرابوو.

پاشان ئەسسەعیدیی عەلی كوڕی جەعفەر (410ك كۆچی دواییكردووە) دوو كتێبی بە ناوی (التنبیه علی اللحن الجلی واللحن الخفی) و (اختلاف القرا‌و فی اللام والنون)ـی نووسی، ئیتر بەم شێوەیە زانایان دەستیانكرد بەنووسین لەم بوارەدا، گرنگترینیان:

  • الرعایە لتجوید القرا‌ءة وتحقیق لفظ التلاوة، مكی بن أبی طالب القیسی (437ك كۆچی دوایی كردووە)
  • التحدید فی الإتقان والتجوید، أبو عمرو الدانی (444ك كۆچی دوایی كردووە)
  • شرح قصیدە أبی مزاحم الخاقانی، أبو عمرو الدانی.
  • التجوید، أبو الفضل الرازی (454ك كۆچی دوایی كردووە).
  • الموضح فی التجوید، عبدالوهاب القرطبی (462 كۆچی دوایی كردووە).

     (غانم قدوری الحمد) لە كتێبی (الدراسات الصوتیە عند علما‌و التجوید) زیاتر لە (100) نوسراوی زانایانی لەم بوارەدا ژماردووە كە تا كۆتایی سەدەی سیازدەیەمی كۆچی نوسراون. 

چۆنێتی فێربوونی تەجویدی كردەیی (العملی)

ئەم فێربونە دوو شێوازی هەیە:
1- گوێگرتنی فێرخواز بۆ خوێندنی مامۆستا، ئەمە شێوازی پێشینانە.
2- گوێگرتنی مامۆستا بۆ خوێندنی فێرخواز و ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی.
وا باشترە سوود لە هەردوو شێوازەكە وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر كات كەمبوو سوود لە شێوازی دووەم وەردەگیرێت.


سەرچاوەکان

152 بینین