تفەنگی کڵاشینکۆف و جۆرەکانی

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-11-20-19:01:00 - کۆدی بابەت: 15124
تفەنگی کڵاشینکۆف و جۆرەکانی
سەربازی

بەشی یەکەم

تفەنگی کڵاشینکۆف (Kalashnikov)، کە میخایڵ تیمۆفێڤیچ کڵاشینکۆف درووستی کرد، تەنها بریتی نییە لە ئامێرێکی جەنگی، بەڵکو دیاردەیەکی کەلتووری و سیاسییە کە ڕەوتی مێژووی سەدەی بیستەمی گۆڕی. ئەم چەکە کە سەرەتا لە ساڵی ١٩٤٧ لە یەکێتی سۆڤیەت پەسەندکرا، بووە بە بناغەی دروستکردنی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن پارچە چەک لە سەرانسەری جیهاندا.
نهێنی مانەوە و کاریگەریی کڵاشینکۆف لە فەلسەفەی دیزاینەکەیدایە کە پێی دەوترێت "لێخشاندنی شل" بە پێچەوانەی چەکە ڕۆژئاواییەکان کە زۆر بە وردی و توندوتۆڵی پارچەکانیان بەیەکەوە دەبەسترێن، کڵاشینکۆف بۆشایی بچووکی لەنێوان پارچە جوڵاوەکاندا هێشتووەتەوە. ئەم بۆشاییە ڕێگە دەدات کە ئەگەر قوڕ، لم، یان پاشماوەی تەقینەوە بچێتە ناو چەکەکە، هێشتا پارچەکان بتوانن بجوڵێن و چەکەکە پەکی نەکەوێت. ئەم تایبەتمەندییە وایکردووە ببێتە چەکی ژمارە یەک لە جەنگەکانی وەک ڤێتنام، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان.

بەشی دووەم

کڵاشینکۆف لە لە ١٩٤٧ــەوە تاکوو ٢٠٢٣ ٥ نەوە و چەندین جۆری لێ بەرهەم هێنراوە. لەم AK-47ــەوە باس دەکەین تاکوو نوێترین و بەهێزترین وەشان AK-19

نەوەی یەکەم AK-47

لەم قۆناغەدا، ئامانجەکە تەنها گواستنەوەی هێزبوو لە چەکە قورسەکانەوە بۆ چەکی دەستی. AK-47 ڕەسەن بەدەنی چەکەکەی بە شێوازی داتاشین لە ئاسن دروست دەکرا. ئەمە وایکردبوو چەکەکە زۆر بەهێز بێت، بەڵام پرۆسەی دروستکردنەکەی زۆر خایان و تێچووی زۆر بوو، هەروەها کێشی چەکەکە قورس بوو (نزیکەی ٤.٣ کیلۆگرام بەبێ مەخزەن). شایەنی باسە ئەم تفەنگە فیشەکی جۆری 7.62x39mm بەکاردەیەنێت

نەوەی دووەم: AKM

لە ساڵی ١٩٥٩، وەشانی AKM هەموو شتێکی گۆڕی. سۆڤیەت فێری تەکنەلۆژیای "پەستێواندنی ئاسن" بوو. ئەمە وایکرد کێشی چەکەکە بۆ نزیکەی ٣.١ کیلۆگرام دابەزێت و توانای بەرهەمهێنان سەدان هێندە زیاد بکات. خاڵێکی تەکنیکی گرنگ لە AKM زیادکردنی "سەرەلولەی لار" بوو، کە بە گۆشەیەک بڕدراوە بۆ ئەوەی گازەکە بەرەو سەرەوە بدات و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی چەکەکە بکات لەکاتی دەستڕێژدا. شایەنی باسە ئەم تفەنگە فیشەکی جۆری 7.62x39mm بەکاردەیەنێت

نەوەی سێیەم: AK-74

جەنگی ڤێتنام و دەرکەوتنی M16ی ئەمریکی وایکرد ڕووسەکان لە فیشەکی قورسی 7.62 دووربکەونەوە. فیشەکی (5.45x39mm)یان داهێنا. ئەم فیشەکە لە جەنگی ئەفغانستاندا بە "فیشەکی ژەهراوی" ناسرا، چونکە بەهۆی دیزاینەکەیەوە کاتێک بەر لەش دەکەوت، لەناوەوە دەسوڕایەوە و زیانێکی کوشندەی دەگەیاند. AK-74 هەروەها کەمترین لەرزین و بەرزبوونەی هەیە لە بەکارهێنان کە بە ڕێژەی ٥٠٪

نەوەی چوارەم: زنجیرەی AK-100

لە نەوەدەکان، کارگەکانی کڵاشینکۆف ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەوە، بۆیە زنجیرەی ١٠٠یان دروستکرد. لەم نەوەیەدا گرنگترین گۆڕانکاری بریتی بوو لە بەکارهێنانی پۆلیمەری بەهێز لە شوێنی تەختە. ئەم ماددەیە بەرگەی گەرمی و شێ دەگرێت و شی نابێتەوە. هەروەها لەم زنجیرەیەدا "تەباغی لولە" و پێشەوەی چەکەکە کورترکرانەوە بۆ دروستکردنی مۆدێلەکانی وەک AK-104 و AK-105 کە بۆ شەڕی ناو شار و بیناکان گونجاوتر بوون.
جۆری A-101 فیشەکی 5.56×45mm بەکاردەیەنێت هاوشێوەی چەکە ڕۆژئاواییەکان.
جۆری AK-103 فیشەکی 7.62×39mm بەکاردەیەنێت هاوشێوەی Ak-47 و AKM
جۆری AK-105 فیشەکی 5.45×39mm بەکاردەیەنێت هاوشێوەی Ak-74

بەشی سێیەم: نەوەی پێنجەم؛ پلاتفۆرمی AK-12 و لووتکەی ئەندازیاری

ئەم نەوەیە تەنیا جوانکردنی کڵاشینکۆفی کۆن نییە، بەڵکو دووبارە داڕشتنەوەی ئەندازەی چەکەکەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەربازی سەدەی ٢١ بگونجێت. جیاوازییە سەرەکییەکە لە "سیستەمی نیشانەگرتن" و "جێگیرکردنی کەلوپەل"دایە. لە نەوەکانی پێشوودا دانانی دووربین کێشەیەکی گەورە بوو چونکە کاوەری سەرەوەی چەکەکە دەلەرایەوە(reel)، بەڵام لە نەوەی پێنجەمدا کاوەرەکە بە توندوتۆڵی جێگیرکراوە.
1. یەکەم جۆری ئەم نەوە نوێیە تفەنگی AK-12ـەیە کە لە ساڵی ٢٠١٢ دەستکرا بە درووستکردنی و لە ساڵی ٢٠١٨ خرایە خزمەتی سوپا.
ئەم چەکە فیشەکی 5.45x39mm بەکاردەهێنێت هاوشێوەی Ak-74. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی بوونی سیستەمێک بوو کە بە یەک تەقە دوو فیشەکی دەتەقاند. بەڵام لە ئەزموونی جەنگی ئۆکرانیادا دەرکەوت ئەم سیستەمە ئاڵۆزە و پێویست نییە.
پاش ساڵێک لە جەنگی ئۆکرانیا لە ٢٠٢٣ ودەرکەوتنی هەندێک کێشە وەشانێکی نوێی لێ بەرهەم هێنرا(AK-12M1).
لە وەشانی AK-12M1 کۆمپانیاکە سیستەمی "دوو فیشەک"ی لابرد بۆ سادەکردنەوەی میکانیزمەکە. هەروەها دەسکی پێشەوەی بە تەواوی گۆڕی بۆ ئەوەی دەست لێی نەخلیسکێت و پارێزگاری لە دەستی سەربازەکە بکات لە گەرمیی لوولە. گرنگترین گۆڕانکاریش دانانی نیشانەی Diopter sight بوو کە زۆر وردترە لە نیشانە کۆنەکە و لە هەموو دۆخێکی ڕووناکیدا دەبینرێت.
شایەنی باسە لەسەر هەیکەلی Ak-12 دوو وەشانی زۆر بەهێز و نایاب درووستکراوە:
3.. تفەنگی AK-15 
تفەنگی AK-15 وەڵامی ڕووسیایە بۆ ئەو هێزە تایبەتانەی کە پێیان وایە فیشەکی بچووک ناتوانێت دیوار و بەربەستەکان ببڕێت. بە بەکارهێنانی فیشەکی (7.62x39mm) لەسەر لاشەی مۆدێرنی AK-12، ئەم چەکە بووەتە دڕندەیەکی مەیدانی. بەهۆی ئەوەی لوولەکەی بە شێوازی سەربەست جێگیرکراوە (واتە بەر دەسکەکە ناکەوێت)، وردپێکانی زۆر بەرزترە لە AKM و AK-103ی کۆن، هەرچەندە هەمان فیشەک بەکاردەهێنن.
٣. تفەنگی AK-19 (تەکنەلۆژیای باڵا و جیهانگیری)
ئەم چەکە نوێترین ئەڵقەی زنجیرەکەیە و هەموو کێشە و ئەزموونەکانی ڕابردووی تێدا جێبەجێ کراوە. بە بەهێزترین و باشترینی کڵاشینکۆف دادەنرێت.
وردەکاری تەکنیکی
لوولەکەی بە تایبەتی بۆ فیشەکی (5.56x45mm) گەنجێنراوە کە جیاوازە لە لوولەی ڕووسی. ئەمەش وادەکات فیشەکەکە بەوپەڕی سەقامگیرییەوە دەربچێت. خاوەنی سەرەلولەیەکی نوێیە کە بە شێوازی چەکە ڕۆژئاواییەکان دیزاین کراوە و ڕاستەوخۆ دەنگبڕی (Suppressor) لەسەر دەبەسترێت بەبێ پێویستی بە خولاندنەوە. قۆنداخەکەی سووکترە و لە کاتی ڕاکێشان و کۆکردنەوەدا کێشە بۆ دەسکی تەقەکردن دروست ناکات.

بەشی چوارەم: ئەنجامگیری و هەڵسەنگاندنی کۆتایی

لە کۆتایی ئەم شیکارییەدا بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمپانیای کڵاشینکۆف لە ڕێگەی نەوەی پێنجەمەوە توانیویەتی هاوسەنگییەک لەنێوان "کەلەپوور" و "نوێگەری"دا دروست بکات.
لە نێوان سێکوچکەی نەوەی پێنجەمدا، AK-19 وەک تەواوترین و پێشکەوتووترین نموونە دەردەکەوێت. هۆکارەکەشی تەنها بەکارهێنانی فیشەکی ناتۆ نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئەم چەکە لەسەر بنەمای دواین وەشان (AK-12M1) دروستکراوە. واتە ئەو کێشانەی لە سەرەتای AK-12دا هەبوون (وەک کێشەی پاککردنەوەی غازەکە و قورسی قۆنداخەکە)، لە AK-19دا بوونیان نییە.
AK-19 دەسەڵاتی ڕووسیا دەسەلمێنێت کە دەتوانێت چەکێک دروست بکات بە ستانداردی جیهانی و ڕۆژئاوایی کاربکات، بەڵام ڕۆحی بەرگەگرتن و متمانەپێکراوی کڵاشینکۆفی تێدا بپارێزێت. ئەمە وادەکات ببێتە بژاردەی یەکەم بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت سوود لە تەقەمەنی زۆری ناتۆ وەربگرن بەڵام متمانەیان بە بەرگەگرتنی چەکی ڕووسی هەیە.


سەرچاوەکان



13 بینین