ئازاری پاژنەی پێ و چارەسەری

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-05-18-21:19:00 - کۆدی بابەت: 5406
ئازاری پاژنەی پێ و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

ئازاری پاژنەی پێ

ئازاری پاژنەی پێ لە ئازارە بڵاوەکانە و لەناو خەڵکیدا بە ئێسکی زیادەی بنی پێ ناسراوە.
گرنگە ئەوانەی ئەم ئازارەیان هەیە سەردانی پسپۆڕی ڕۆماتیزم بکەن، چونکە هەندێکجار ئاماژەیە بۆ هەبوونی هەندێک جۆری ڕۆماتیزم، وەکو ڕۆماتیزمی حەوز و فەقەرات.

هۆکارەکانی

  1. هەندێک جار نیشانەیەکی تووشبوونە بە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز (وەکوو نەخۆشیی ئەی ئێس و هاوپۆلەکانی).
  2. نائاساییبوونی کەوانەی پێ (هەم پێی فلات و هەم کەوانەی زۆر بەرز).
  3. کێش زۆری و قەڵەوی.
  4. پیادەڕەویی زۆر، یان ڕاکردنی زۆر و هەر چالاکییەک کە فشارێکی زۆر بخاتە سەر بنی پێ.
  5.  پێڵاوی بن تەنک و بن ڕەق.
  6. زیاتر لە تەمەنی ٤٠ بۆ ٦٠ ساڵی ڕوودەدات، بە تایبەت ئەگەر هۆکارەکە ڕۆماتیزم نەبێت

شێوازی ئازارەکە

کە بەیانی لە خەو هەڵدەستێ و پێ دادەنێ، ئازارێکی تیژ لە پاژنەدا دروستدەبێت، لەگەڵ ڕێکردن و بەردەوامی چالاکیدا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەڵام کە پشوویەک دەدات و دووبارە هەڵدەستێتەوە، دیسان ئازارە زۆرەکەی بۆ دێتەوە

دەستنیشانکردن

سەرەتا پزیشکی ڕۆماتیزم بڕیاردەدات کە ئایا ئەمە بەشێکە لە ڕۆماتیزمێکی گشتیی جەستە، یاخود تەنیا ماندوویی بەستەری بنی پێ و هەوکردنیەتی، دەستنیشانکردنەکە بە پرسیارکردن لە نەخۆش دەستپێدەکات، پاشان پشکنین بەدەست، دواتر بڕیاردەدرێت ئایا ئەشیعەی بۆ بگیرێت یان نا، پشکنینی دیکەی ڕۆماتیزمی بۆ بکرێت یان نا.

بۆچی ڕوودەدات؟

شانەیەکی جیڕ و قایم هەیە لە بنی پێدا کە پاژنە و سنگی پێ و کەوانەی پێ ڕادەگرێت پێکەوە، لە ئەنجامی ڕۆماتیزم تووشی هەوکردن و سووربوونەوە دەبێت، یان لە ئەنجامی کێشی زۆر و ماندووبوونی زۆر تووشی ستۆک بوون و وردە درز و پاشان هەوکردن دەبێت، هەندێکجار شوێنی هەوکردنەکە کلسی لەسەر دەنیشێ و لە ئەشیعەدا وەکوو بنە بزمار یان نووکێکی تیژ دەردەکەوێت و ئەوەیە پێی دەڵێن ئێسکی زیادە.

کاتی خۆی وایان زانیوە ئەو ئێسکەیە ئازارەکە دروستدەکات، بەڵام لە راستیدا هەوکردنەکە ئازار دروستدەکات، تەنانەت ژمارەیەکی زۆری خەڵک ئەو ئێسکە زیادەیەیان هەیە و هیچ هەست بە ئازار ناکەن چونکە بەستەرەکە لەوکاتەدا هەوی نەکردووە

چارەسەر

ئەگەر بەشێک بوو لە ڕۆماتیزمێکی فراوانتر، ئەوە لە چوارچێوەی ئەودا چارەسەر دەکرێت.

ئەگەر گرفتەکە لۆکاڵی بوو، واتە ڕۆماتیزم نەبوو، ئەوە چارەسەرەکان بەمجۆرەن:

  • ڕێنماییکردنی کەسەکە بە دابەزاندنی کێشی زیادە، ئەگەر قەڵەو بوو.
  • وەرزشەکانی کشاندنی بەستەری بنی پێ (سترێچ کردنیان).
  • دانانی سەهۆڵ لەسەر شوێنی هەوکردنەکە.
  • مامەڵەی دروست لەگەڵ گرفتی کەوانەی پێ، بە دیاریکردنی ناوکەفی تایبەت بۆ کەسەکە.
  • دانانی بن پاژنەی ئەوتۆ بۆ ناوپێڵاو کە زەبر هەڵبمژێ و بڵاوی بکاتەوە و چڕی نەکاتەوە لەسەر بەستەری بنی پێ.
  • چارەسەری فیزیایی، وەکوو شۆک وەیڤ، مایکرۆوەیڤ و تیشکی سۆنەری چارەسەریی.
  • دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی.
  • دەرزی ستیرۆید بۆ بنی پێ.
  • هەندێک حاڵەتی دەگمەن، پێویستیان بە نەشتەرگری دەبێت.


سەرچاوەکان



3051 بینین