جوڵانەوەی پێڵوی چاو - چاو فڕین

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-05-21-21:59:00 - کۆدی بابەت: 5454
جوڵانەوەی پێڵوی چاو - چاو فڕین

ناوه‌ڕۆك

چاو

چاوەکان ئەندامێکی بنەڕەتی بینینن، چاوەکان بەکامێرای وێنەگرتن پێناسە دەکرێن بەڵام تا ئێستا هیچ کامێرایەک بە ناسکی و جوانی و وردەکاری وەک چاو دروست نەکراوە، پێشەوەی چاو بە پەردەیەکی ناسک داپۆشراوە کە پێی دەوترێت پێڵو، کە چاو لە تەپوتۆز یان کارتێکەری دەرەکی دەپارێزێت.

جووڵانەوەی پێڵوی چاو چییە؟

جوڵانەوەی لەخۆوە و دووبارەبوەوەی پێلوی چاوە. بە زۆری لە پێڵوی سەرەوە دەبێت لەوانەشە لە پێڵوی سەرەوە یان خوارەوە بێت. لە زۆربەی خەڵک تەنها جولانەوەیەکی سادەی پێڵوی چاوە، ناتوانرێت بزانرێت تا چەند بەردەوام دەبێت. لەوانەیە لە چەند ڕۆژێک بۆ چەند مانگێک بەردەوام بێت.
جولانەوەیەکی بێ ئازار و بێ زیانە بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی هەراسانبوون، زۆربەی جار لەخۆیەوە باش دەبێت و پێویستی بە چارەسەر نییە، بە دەگمەن لەوانەیە نیشانەی نەخۆشی تر بێت.

هۆکارەکانی بەگشتی

١. پاڵەپەستۆی دەروونی.
٢. ماندووبوونی چاو و پێلوەکان.
٣. کەمخەوی.
٤. ماندووبوونی جەستەیی.
٥. زیانی لاوەکی هەندێک دەرمان.
٦. زۆر خواردنەوەی ئەو شلانەی کە مادەی کافایینیان تێدایە وەک چای و قاوە.
٧. وشکی چاو.

ئەو بارانەی کە پێویستە سەردانی پزیشک

لەو بارانەی خوارەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت چونکە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ نەخۆشی تر
١. چاوەکان سوورببنەوەو ئەستوور بن و ڕیپۆق بکەن.
٢. داکەتنی پێلوی سەرەوە.
٣. داخرانی تەواوی چاو.
٤. حالەتەکە بۆ چەند حەفتەیەک بەردەوام بێت.
٥. حالەتەکە جگە لە پێلوەکان لەبەشەکانی دیکەی ڕوخسار ڕووبدات.

چارەسەر

زۆربەی جار لە خۆیەوە دوای چەند ڕۆژێک نامێنێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی جار هۆکارەکەی پاڵەپەستۆی دەروونی و ماندووبوون و کافاینە، ئەگەر بکرێت خۆتیان لێ دوور بخەیتەوە باشترە.

ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ باشبوون:

١. کەمتر چای و قاوە بخۆرەوە.
٢. خەوت ڕێک بخە.
٣. قەترەی فرمێسکی دەستکرد بەکاربێنە.
٤. پەڕۆ یان کلینیکس گەرم بکە و لەسەر چاوت دابنی لەکاتی دەستپێکردنی حالەتەکە.

ئەگەر بارەکە زۆر توند بێت دەبێت چارەسەری تر بەکاربێت.


سەرچاوەکان



3009 بینین