گڕکانی شین

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-25-12:38:00 - کۆدی بابەت: 5529
گڕکانی شین

ناوه‌ڕۆك

گڕكانی شین چییە؟

گڕكانی شین كە ناسراوە بە (Api Biru)، بریتییە لە ئاگرێكی شین یان ئاگری گۆگردی، گڕكانی شین دیاردەیەكە كە ڕوودەدات كاتێك گۆگرد دەسووتێت، ئاگرێكی كارەبایی ڕەنگ شینە كە وەك گڕكان دەردەكەوێت، هەرچەندە پێیدەوترێت گڕكان بەڵام لە ڕاستیدا گۆگردە كە بە شێوەی گڕكان دەردەكەوێت نەك گڕكانی ڕاستی كە لە چیاكان دەتەقێتەوە، باشترین زانیاری كە تۆماركرابێت دەربارەی ئەم ئاگرانە كە لە ئەندەنوسیا ڕوودەدەن بریتییە لە گڕكانی كاوا ئیجێن (kawah ijen)، كە ئەم دیاردانەی تێدا بە بەردەوامی ڕوودەدەن.

تایبەتمەندییەكان

گڕكانی شین بریتییە لە ئاگرێكی كارەبایی ڕەنگ شین كە لە بەبۆنەی سووتانی گۆگردەوە ڕوودەدات.
لەكاتی سووتانی گۆگرددا ئاگرێكی ڕەنگ شینی نیۆنی دەردەدات، كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرهەمەی كە لە كاتی سوتانی گۆگرد دروستدەبێت كە بریتییە لە دوانە ئۆكسیدی گۆگرد و سیانە ئۆكسیدی گۆگرد.

ئەم گازانە ئاگرێكی زۆر گەرم و بەهێز دەردەدەن كاتێك دەئۆكسێنرێن كە ئەنجامەكەی ئاگرێكە ڕەنگ شینە، هەروەها ئەو ئاگرانەی كە پلەی گەرمیان زیاترە ڕەنگیان شینە، بۆیە تا ئاگر گەرمتربێت فۆتۆنی زیاتر دەردەدات كە شەپۆلی تیشكەكانیان كەمترە، ئەمەش هەمان شتە كاتێك ڕەنگی ڕووی ئەستێرەكان بەكاردەهێنرێت بۆ دیاریكردنی پلەی گەرمییەكەی، بەبۆنەی تیشكدانی تەنی ڕەشەوە هەتا ڕەنگەكە سوورتربێت ئەوا پلەی گەرمییەكەی كەمترە و هەتا ڕەنگەكەی شینتربێت ئەوا پلەی گەرمییەكەی زیاترە.

گۆگرد دەسوتێت كاتێك بەر هەوای گەرم دەكەوێت لە پلەكانی سەرو 360 سیلیزی، كە دەبێتە هۆی دروستكردنی ئاگری وزەدار.
ئاگری گڕكانی ڕاستەقینە ڕەنگی سوورە، بەڵام بۆ ئەوەی ڕەنگی گڕكانێك شین بێت ئەوا پێویستی بە پلەی گەرمی 6000 سیلیزی هەیە، كە ئەم پلەیە زۆر زیاترە لەوەی كە لەسەر هەسارەی زەویدا ڕووبدات.

بەناوبانگترین ئەو شوێنەی كە گڕكانی شینی تێدا ڕوودەدات بریتییە لە گڕكانی كاوا ئیجێن (kawah ijen) لە ئەندەنوسیا لە دووركەی جاڤا، كە یەكێكە لەو ناوچانەی كە خاوەنی زۆرترین ڕێژەی گۆگردە لە جیهاندا، هەروەها شوێنی دەرهێنان و كۆكردنەوەی گۆگردە، بەبۆنەی دەركەوتنی ئەم ئاگرانەوە كاوا ئیجێن نازناوی (گڕكانی شین)ـی لێنراوە، ناوەڕاستی كاوا ئیجێن گەورەترین ناوچەی گڕكانی شینە، كاوا ئیجێن خاوەنی یەكێك لە گەورەترین سەرچاوەكانی گۆگرد و ملە گڕكانییەكانە، بەرزی پلەی گەرمی ناوچەكە دەبێتە هۆی دەردانی ڕێژەیەكی لە گۆگرد بۆ ڕووی گڕكانەكە، كە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاگری ڕەنگ شین.
كاتێك گۆگردەكە دەگاتە سەر ڕووی زەوی پلەی گەرمییەكەی دەگاتە 600 پلەی سیلیزی و بەبۆنەی ڕووبەڕووبوونەوە پلەی گەرمی جیاواز و پەستانەوە گۆگردەكە گڕدەگرێت و ئاگری شین فڕێدەدات كە زۆرجار تا بەرزی 5 مەتر دەڕوات، بەبۆنەی ڕەنگ شینی ئاگرەكەوە، ئاگرەكە تەنها بە شەودا دەبینرێت و لە ڕۆژدا جیا ناكرێتەوە.

ناوچەیەكی تر كە گڕكانی شینی تێدا بەدی دەكرێت بریتییە لە چیای داڵۆڵ (dallol) لە ئیثیۆپیا (ethiopia)، هەروەها ئاگری شین لە كاتی ئاگركەوتنەوە لە پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن دەبینرێت كاتێك ئاگر دەبێتە هۆی سووتانی ئەو ڕێژە زۆرەی گۆگرد كە لە ناوچەكەدا هەیە، هەروەها ئەم دیاردەیە ڕوویدا لە تەقینەوەی گڕكانی (lower Puna eruption) كاتێك شلەی گڕكانەكە ئەو میثانەی سووتاند كە لە ژێر زەوییەكەدا بوو.


سەرچاوەکان



684 بینین