کەنەدا

کەنەدا

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-26-16:03:00 - کۆدی بابەت: 5559
کەنەدا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی کەنەدا

وڵاتێکە دەکەوێتە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە، بەسەر ڕووبەرێکی فراواندا درێژبۆتەوە کە نزیکەی 9.98 ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت، بەم پێیەش لە پلەی دووەمی وڵاتانی جیهاندایە لە ڕووی ڕووبەرەوە، سنوورەکانی لە باشوورەوە نزیکەی 8891 کیلۆمەتری هاوبەشی هەیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمەش درێژترین سنووریی وشکانییە لە نێوان دوو وڵاتی جیهاندا، پایتەختی کەنەدا ئۆتاوا ـیە، کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە چڕییەکی دانیشتوانی کەمیان هەیە بە بەراورد بە ڕوووبەرەکەی، لەبەر ئەوەی دارستان و ناوچەی تەندرا زۆربەی ڕووبەری زەوییەکانی داپۆشیوە، کەش و هەوای کەنەدا جیاوازی زۆری تێدایە، لەبەر ئەوەی لە باکووردا کەش و هەواکەی جەمسەرییە، بەڵام لە ناوچەکانی باشووردا کەشوهەوایەکی گەرم هەیە.

مێژووی کەنەدا

پێشتر کەنەدا خاکێک بووە کە دوو زلهێزی ئەوروپی ململانێیان لەسەری کردووە، لە پێشوودا ناوی کەنەدا وەک هاوواتایەک بۆ فەڕەنسای نوێ بەکارهاتووە، کە بریتی بوون لە هەموو موستەعمەرە فەڕەنسییەکانی پێشوو بە درێژایی ڕووباری سانت لۆرانس، لە نێوان ساڵەکانی 1534 بۆ 1763ز، دوای داگیرکردنی ئینگلتەرا بۆ فەڕەنسای نوێ ناوی ''کیبیک'' نرا لە کەنەدا، پاشان دووبارە ناوی کەنەدا بەکارهێنرایەوە لە ساڵی 1791ـدا کاتێک بەڕیتانیا هەستا بە دابەشکردنی کیبیک بۆ دوو کەرت، کە بریتین لە کەرتی کەنەدای سەروو و کەنەدای خواروو، پاشان لە یاسای ئەمریکای باکووری بەڕیتانی ئاماژەی بە پێکهێنانی یەکگرتنێک کرد کە لە سێ موستەعمەرەی بەڕیتانی پێکهاتبێت، لە نێوانیاندا کەنەدا هەبوو، ئەم یەکگرتنە ناوی لێنرا دۆمینیۆن کەنەدا، ئەم یاسایە ڕێگەی بە ئازادیی کەنەدا دا و ئۆتۆنۆمییەکی فەراهەم کرد، بەڵام لەو بوارانەی پەیوەندیان بە دیبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی یەکگرتنی سەربازی لە دەسەڵاتی کەنەدادا نەبوو، لە ساڵی 1931ـدا کەنەدا بووە خاوەن دەسەڵاتی خۆیی ڕەها لە نێو سنووری ئیمپراتۆریەتی بەڕیتانیدا، بەڵام سەربەخۆیی تەواوی وڵاتەکە بەدی نەهات هەتا ساڵی 1982، کاتێک وڵاتەکە مافی تەواوی پێدرا بۆ دەستکاریکردنی دەستوور و یاساکانی.

ژمارەی دانیشتوانی کەنەدا

بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتوانی کەنەدا لە ساڵی 2005 نزیکەی 32 ملیۆن کەس دەبوو، بەمەش لە ڕیزبەندی 36 بوو لە نێو 193 ولاتی جیهاندا لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، لە ساڵی 2005ـدا نزیکەی 13%ـی خەڵکی وڵاتەکە لە سەروو 65 ساڵ و 18% لە خوار 15 ساڵان بوون، ڕێژەی نێر بۆ مێ ـیش 98 نێر بۆ 100 مێ بوو، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان وا دادەنرێت کە ڕێژەی گۆڕان لە ژمارەی دانیشتواندا لە نێوان ساڵەکانی 2005 بۆ 2010 نزیکەی 0.3% بێت، کە ئەمە ڕێژەیەکە حکومەتی وڵاتەکە لێی ڕازییە، بەپێی سەرژمێرییەکان جڕیی دانیشتوان لە وڵاتەکەدا بریتییە لە سێ کەس بۆ هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەک، نەتەوە یەکگرتووەکان وای داناوە کە 79%ـی دانیشتوانی وڵاتەکە لە ناوچەی شارستانیدا دەژیان لە ساڵی 2005ـدا، ناوچە شارستانییەکانیش بە ڕێژەیەکی ساڵانە کە بە 1.05٪ دەخەمڵێنرێت زیاد دەکات، تەنها شاری ئۆتاوای پایتەخت ژمارەی دانیشتوانەکەی دەگاتە 1.930.000 کەس دەبێت.

کەش و هەوای کەنەدا

کەنەدا خاوەنی دووەم زۆرترین ڕووبەرە لە دوای ڕووسیاوە، بەم پێیەش کەش و هەواکانی وڵاتەکە جیاوازی زۆریان تێدایە و هەر ناوچە و سروشتێکی هەیە، بەهۆی شەپۆلە گەرمەکانی دەریاوە بە درێژایی کەناری کۆڵۆمبیای بەڕیتانی وەرزی بەهار لە مانگی 2 دەستپێدەکات، لە کاتێکدا وەرزی زستان لە کۆتاییەکانی مانگی 5 دەستپێدەکات تا مانگی 9، مانگی  5 و 6 ـیش گەرمترین مانگەکانی ساڵن، لە لای زۆرینەی گەشتیاران مانگەکانی 9 و 10 باشترین کاتن بۆ سەردانکردنی کەنەدا، لەبەر ئەوەی زۆربەی ڕۆژەکانی خۆش و هێمن و مامناوەندن، بەڵام سەبارەت بە مانگە ساردەکانی وڵاتەکە، زستان لەوێ زۆر سارد و درێژە و لە ناوچەکانی باکووری وڵات تەنانەت دەکرێت دەستەواژەی ''دڕندە''ـی بۆ بەکاربێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتدا ناوەندی پلەی گەرمیی ڕۆژانە لە زستاندا نزیکەی 5 پلەی سیلیزی، هەندێک جار ئەم پلەی گەرمییە نزم دەبێتەوە بۆ 20 پلەی سیلیزی، لەو ناوچە ساردانەدا لەوانەیە سەهۆڵبەندان بۆ ماوەی شەش مانگ درێژە بکێشێت.

زمان لە کەنەدادا

زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی زمانی فەرمین لە کەنەدادا، زمانی ئینگلیزی لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا فەرمییە و سێ لەسەر پێنجی دانیشتوانی کەنەدا بەکاری دێنن، زمانی فەڕينسیش تەنها لە کەرتی کیبیک بەکاردێت کە چارەکێکی دانیشتوانی وڵاتەکە قسەی پێدەکەن، لە کەرتی نیوبرۆنزۆیک هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی بەیەکەوە فەرمین و بەکاردێن، سەرەڕای ئەمەش زۆربەی دانیشتوانی کەنەدا بە زمانە ئەوروپییەکای دیکە، وەک ئەڵمانی و ئیتاڵی توانای قسەکردنیان هەیە، تەنانەت هەندێکیان شارەزاییان لە زمانی ئینگلیزی هەیە.

ئاڵای کەنەدا

ئاڵای کەنەدا چەن ئاماژەیەکی تێدایە، بەم شێوەیە:

  • ڕەنگی سوور و سپی: ئەم دوو ڕەنگە ئاماژەن بۆ نەتەوایەتی و مێژووی کەنەدای نوێ، لەبەر ئەوەی لە هەڵمەتی خاچپەرستانی یەکەمدا ئەم ڕەنگانە بەکارهێنراوە و لە لایەن جۆرجی پێنجەمەوە پەسەندکراوە و پشتی پێ بەستراوە بۆ ئاڵای فەرمیی کەنەدا.
  • گەڵای نێو ئاڵاکە: ئاماژەیە بۆ یەکگرتوویی کەنەدا دوای ئەوەی سەربەخۆ بوو، بەڵام ڕەنگە سوورەکەی ئاماژەیە بۆ دەوڵەتی کەنەدیی کۆن کە دامەزرابوو و ڕەنگی سووریان بەکارهێنابوو.


سەرچاوەکان

412 بینین