نهێنی ئەو کەسانەی کە زوو دەتوانن کەسانی تر ڕازی بکەن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-28-01:55:00 - کۆدی بابەت: 5587
نهێنی ئەو کەسانەی کە زوو دەتوانن کەسانی تر ڕازی بکەن

ناوه‌ڕۆك

نهێنی ئەو کەسانەی کە زوو دەتوانن کەسانی تر ڕازی بکەن چییە؟

پێویستە کە فێرببین خەڵکی چۆن ڕازی بکەین، لە زۆر شوێندا بەکەڵمان دێت، کاتێک پێویست دەکات کە سەرۆکەکەت به زمان ڕازی بکەیت کە لە سەرمایەگوزاری بکات لەسەر فڵان پڕۆژە، هەندێک کاتیش پێویست دەکات کە بە زمانی خۆش داوا لە منداڵێکی بچوک بکەیت کە پێش خەوتن ددانی بشوات، یان کەسێک کە دەیەوێت خۆی بکوژێت چۆن نەهێڵیت و باوەڕی پێ بهێنیت، ئەگەر بزانیت چۆن ئەمانە بکەیت و سەرکەوتووبیت ئەوا ئیتر ژیان بۆ تۆیە.

ئەو هۆکارانەی کە خەڵک ڕازی دەکەن

کەساییەتی کاریگەر

لەڕاستیدا بە کەسێک دەڵێن کەسێکی زمان شیرین کە بتوانێت کەسەکان بە دوو قسە ڕازی بکات و دواتر ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی دەدات، دەستەواژەی نهێنی ئەم کەسانە (جێکردنەوەی خۆیانە لەناو دڵی خەڵکیدا) هەر بەم زمانە ١٠ سانتیمەترەیان کارێک دەکەن کە نەک تەنها شەیدای قسە کردنیان ببیت، بەڵکوو تەواو عاشقی کەسەکە ببیت و کاریگەریت لەسەر دروست بکات.

شارەزای لە کەساییەتی کەسی بەرامبەر

ئەم کەسانە کەسی بەرامبەریان وەک و لەپی ناودەستیان دەناسن و کاتی قسەکردن بە زمانی ئەو قسە دەکەن، ئەگەر بزانێت کەسی بەرامبەری شەرمنە بە دەنگێکی ئارامەوە دەست دەکات بە قسەکردن، و ئەگەر بزانێت کەس بەرامبەریشی گوێی لێ نییە و هەموو شتێک دەڵێت ئەوا ئەمیش هەموو شتێک دەڵێت و بە ئاسوودەی قسەی خۆی دەکات.

پەیوەندی دروست دەکەن لەگەڵ کەسەکاندا

ئەگەر خەڵکی بزانن کە تۆ چ جۆرە کەسێکیت، ئەگەری ئەوەی کە قسەت قەبوڵ بکەن و بتوانیت بیانخەیتە ژێر کاریگەری خۆتەوە زۆر زیاترە.

کاتێک قسە دەکەیت لەگەڵ کەسێکدا بزانە چۆن قسە دەکەیت چونکە مرۆڤە و هەستی هەیە کاتێک بەشێوەیەکی جوان قسە دەکەیت بەتەواوی دەتوانیت بیخەیتە ژێر کاریگەری خۆتەوە.

چەسپاندنی بیرۆکەکەیان بە هێمنی

ئەو کەسانەی زوو کەسانی تر ڕازی دەکەن ئەهلی زۆر لێکردن نین و لەبری ئەوە بەوپەڕی ئارامییەوە ڕای خۆیان دەڵێن و هەوڵ دەدەن کەسی بەرامبەر ڕازی بکەن، بە بەکارهێنانی زمانی زبر و وشەی ناشرین و هاوارکردن هیچ کاتێک ناتوانیت کەسێک بخەیتە ژێر کاریگەری خۆتەوە و ڕای خۆتی بەسەردا بچەسپێنیت.

ناترسن لە قسەکردن

کەسانێک نین کە ڕای خۆیان بە ترس و لەرزەوە بڵێن یاخود بەشێوەی پرسیارکردن ڕای خۆیان دەرببڕن، ئەگەر کەسێکی شەرمنیشیت هەوڵبدە کە قسەکانت بەشێوەی هەواڵگەیاندن بکە.

زمانی جەستە بەکاردەهێنن

هەمیشە لەکاتی قسەکردندا زمانی جەستە بەکاردەهێنن کە ئەمە کاریگەری زۆری هەیە و وادەکات کە کەسانی تر زیاتر گوێت بۆ بگرن، دەست جوڵاندن و جوڵاندنی چاو و زەردەخەنە کردن هەموو ئەمانە وەک ژێرنووسێکن بۆ قسەکانت و خەڵکی زیاتر چێژی لێ دەبینێت و زیاتر کاریگەر دەبیت.

ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا قسە دەکەن

کەسانێکن زوو ئەو قسەیە دەکەن کە لە مێشکیاندایە و بێ پێچ و پەنا و قسەی زیادە و دواخستنی، ئەگەر چی دەبێت ئاگاداری ئەو قسەیە بیت کە دەیکەیت بەرامبەر کەسێک و بزانیت کەسەکە کێیە و چۆن لەگەڵ کێدا قسە دەکەیت و واتە ڕای خۆت بێ پێچ و پەنا بڵێ بەڵام بە نەرمی دوور لە توڕەیی.

ستایشی ڕای کەسانی دیکە دەکەن

ئەهلی گفتوگۆ و قسەکردن و کاتتدانن بە کەسانی تر و ستایشی بیروڕای کەسەکە دەکەن کە ئەمەش نیشانەی ڕۆشنبیرییە، و کاتێک کە کەسەکە قسەیەکی جوان دەکات زۆر باش دەبێ ستایشی بکەیت و لەنێو قسەکانیدا ئەم وشانە بەکاربهێنیت (جوانە، زۆر ڕاستە، بەڕاستی قسەکەت مەنتیقی بوو).

پرسیاری باش دەکەن

یەکێک لە هەڵە باوەکانی خەڵکی ئەوەیە کە هێشتا قسەی کەسی بەرامبەر تەواو نەبووە زوو پەلە دەکەن تاکوو ئەمانیش ڕای خۆیان بڵێن، لەجێی ئەوەی جوان گوێ بۆ قسەی کەسی بەرامبەر بگرن پەلەیانە کە زوو ڕای خۆیان بڵێن و گوێی بۆ ناگرن.

واباشترە کاتێک کەسێک قسەت بۆ دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە جوان گوێت بۆ گرتووە پرسیاری لێبکە دەربارەی ئەو شتانەی کە دەیڵێت هەروەها ڕێگایەکە بۆ ئەوەی کە ئەگەر ئەو شتێکی بیرچووبێت بیریبکەوێتەوە.

شتەکان وێنا دەکەن

کەسانی کاریگەر کاتێک قسە دەکەن وێنای قسەکانیان دەکەن و هەوڵدەدەن کە قسەکانیان بەڕوونتر بگات بۆیە نموونە دەهێننەوە و چیرۆک دەربارەی ئەو بابەتە باس دەکات.

بەجێهێشتنی کاریگەری بەسەر کەسانی ترەوە

لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆرینەی خەڵکی هەر لە ٧ چرکەی سەرەتادا کاتێک دەتبینن بڕیارت لەسەر دەدەن چ ڕقیان لێت بێت یاخود خۆشیان بوێت، لە چرکەی ٨ بەولاوە تا کۆتایی قسەکانیان لە مێشکی خۆیاندا دەیهێنن و دەیبەن کە ئایا بڕیاری سەرەتایان بەرامبەر بە تۆ ڕاست بووە یان هەڵە و کە ئەم بڕیاردانەش هیچ باش نییە.

دەزانن کەی دەبێت پاشەکشێ بکەن

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە کاتێک دەتەوێت بەشێوەیەکی خێرا باوەڕ بە کەسێک بهێنیت بۆ کردنی کارێک چەند خێرابیت کەسەکە ئەوەندە پێداگیر دەبێت لەسەر ڕاکەی خۆی، بۆیە کەسی تێگەیشتوو لەم کاتەدا پاشەکشێ دەکات و بە زۆر هیچ بەسەر کەسدا ناسەپێنێت و وردە وردە ئەم کارە ئەنجام دەدات.

کەسەکان بەناوی خۆیانەوە بانگ دەکەن

هەموو کاتێک پێش هەر شتێک ناوی کەسەکە دەڵێن و بەناوی خۆیەوە بانگی کەسەکان دەکەن و ناوی کەسەکانیان بیرناچێتەوە و لەبری ناوەکە دەستەواژەی تر بەکارناهێن وەک (دادە، کاکە، بەڕێز، خاتوون، هتد...)

زەردەخەنە دەکەن

ئەگەر دەتەوێت کاریگەر بیت و کەسانی تر باوەڕت پێ بکەن کاتی قسەکردن زەردەخەنە بکە و ڕووخۆشبە.


سەرچاوەکان



1218 بینین