زاڵبوون بەسەر ترسی منداڵبووندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-29-02:11:00 - کۆدی بابەت: 5605
زاڵبوون بەسەر ترسی منداڵبووندا

ناوه‌ڕۆك

چۆن بتوانین زاڵ ببین بەسەر ترسی منداڵبووندا؟

زۆرینەی خانمانی دووگیان زۆر دەترسن لە منداڵبوون چ بەڕێگای سروشتی و چ بەڕێگای نەشتەرگەری، و هەرچەندە کە زیاتر نزیک ببنەوە لە ڕۆژی منداڵبوونەکە قەلەقی و ترسیان زیاتر دەبێت، چەند خاڵێک هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم ترسەدا.

لەگەڵ کەسێکدا قسە بکە

هەر کاتێک کە هەستت کرد ترس و قەلەقی منداڵبوون ڕووی تێکردوویت، باشترە کە مۆبایلەکەت هەڵگریت و تەلەفۆن بۆ کەسێک بکەیت و قسەی لەگەڵدا بکەیت، کەسێکی نزیکت بێت و بتوانێت قسەت بۆ بکات و یارمەتیت بدات و باشترە هەموو شتێک بڵێیت و لە دڵ و دەروونی خۆتدا نەیهێڵیتەوە.

پەرستش بکە

هەوڵبدە کە پەیوەندیت لەگەڵ خودادا پتەو بکەیت و نزا بکەیت و لەبیرت بێت کە خودا هەمیشە لە پشتت دەبێت و لەگەڵ ئەودا هیچ شتێک مەحاڵ نییە، نوێژ بکە و قورئانی پیرۆز بخوێنە تاکو دڵ و دەروونت ئارام دەبێتەوە.

هەناسە هەڵمژە

یەکێکی تر لە ڕێگاکان بریتییە لە هەناسە هەڵمژینی قوڵ، ئەم ڕێگایە زۆر سادەیە و بەڵام زۆر یارمەتیدەرە کە دەبێتە هۆی ئەوەی دڵ و دەروونت ئارام ببێتەوە، بڕۆ ژورێکی تاریک و بێدەنگ و بە قوڵی چەند جارێک هەناسە بدە.

خۆت ئامادە بکە

باشترین شت ئەوەیە کە خۆت ئامادە بکەیت و گرنگی بدەیت بە ئارامی مێشکت، کەلوپەلی خۆت و منداڵەکەت ئامادە بکەیت بۆ ڕۆژی چوونە نەخۆشخانە و منداڵبوون، ئەم ئامادەکاریانە وادەکەن کە بۆ ڕۆژی منداڵبوونەکە هێمنتر و مێشکت ئارامتر بێت.

خۆت بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکە

باشترین شت ئەوەیە کە خۆت ئامادە بکەیت بۆ هەموو شتێک، بۆ نموونە ئەگەر پزشک ٪٩٩ وای دانابێت کە تۆ بە سروشتی منداڵت دەبێت و هیچ کێشەیەکت نابێت بەڵام دەبێت تۆ چاوکراوەبیت و خۆت بۆ ئەوە ئامادە بکەیت کە لەناکاو کێشەیەک ڕووبدات و بڵێن دەبێت نەشتەرگەری بێت و نابێت بشڵەژێیت. 

پۆزەتیڤانە بیربکەرەوە

بیر لە شتنی نێگەتیڤانە و خراپ مەکەرەوە و لەبری ئەوە بیر لە شتی باش بکەرەوە، و بیر لەو ڕووداوە خۆشانەی دەوروبەرت بکەرەوە کە ڕۆژانە ڕوودەدات.

خۆت فێربکە

خۆت فێری هەموو شتێک بکە کە دەبێت بۆ منداڵێکی تازە لەدایکبوو بکرێت، لەبارەی منداڵ بەخێوکردنەوە شت بخوێنەرەوە و چونکە تا زیاتر بزانیت لەو بارەیەوە مێشکت ئارامتر دەبێت.

گوێ لە مۆسیقا بگرە

گوێ لەو مۆسیقا و گۆرانیانە بگرە کە مێشکت پێی ئارام دەبێتەوە و دوورت دەخاتەوە لە خەم و خەفەت و پەستانی دەروونی.

بڕۆ دەرەوە

ئەگەر قەلەقی و ترس هێرشی بۆ هێنایت باشترە کە بچیتە دەرەوە و هەوایەکی تازە هەڵبمژیت، ئەو کەسەی خۆشت دەوێت لەگەڵی بڕۆ دەرەوە و کاتێکی خۆشی لەگەڵ بەسەر ببە مێشکت مەشغوڵی شتەکانی دەرەوە بکە و تاکوو ئەو ترسەت لەبیر بچێتەوە.

بیر لە شتێکی بەنرخ و گەورە بکەرەوە

کاتێک دەترسیت بیر لە منداڵەکەی ناو سکت بکەرەوە و بزانە کە هیچ شتێک شایەنی ئەوە نییە خەمی پێ بخۆیت و بترسیت تا کاتێک ئەمت هەیە و دێتە دونیاوە و ژیانت خۆش دەکات و چێژت پێ دەبەخشێت، واباشترە لەبارەی منداڵەکەتەوە لەگەڵ هاوسەرەکەت قسە بکەیت، باسی ناولێنان و شێوەی ڕووخساری بکەیت کە هەموو ئەمانە پەستانی دەروونیت کەم دەکەنەوە.

کەمکردنەوەی ترسەکانت

بۆ ئەوەی ترسەکەت کەمتر ببێتەوە شەرم مەکە و لەگەڵ هەمو کەسێکدا باسی بکە بەتایبەت پزیشکەکەت و مەیشارەوە.

دوورکەوە لەو کەسانەی کە بە قورسی منداڵیان بووە

هەندێک خانم بەهۆی چەند کێشەیەکەوە بە قورسی منداڵی بووە و بەهەمان قورسیش بۆ تۆی باس دەکات و زیاتر دەترسێنێت، هەوڵبدە کە لەم جۆرە کەسانە دووربکەویتەوە چونکە هەموو کەسێک جیاوازە و مەرج نییە کە ئەو چۆن بووە تۆش هەمان حاڵەتت بەسەردا بێت.

ڕاهێانی یۆگا بکە

وەرزشی هەناسە و یۆگا بکە کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قەلەقی و ترس، هەڵبەتە ترس و قەلەقی زۆر ئاساییە و هەموو خانمێکی دووگیان تووشی دەبێتەوە بەڵام ئەگەر ترسەکەت زۆر بوو و تەواوی کاتەکان بیرت لای ترس و منداڵبوونەکەت بوو ئەوا واباشترە کە سەردانێکی پزیشکی دەروونی بکەیت.


سەرچاوەکان



15471 بینین