جەنگی ناوخۆی ئەمریکا

له‌لایه‌ن: - هێدی ئەرسەلان - به‌روار: 2021-06-26-14:11:00 - کۆدی بابەت: 5684
جەنگی ناوخۆی ئەمریکا

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

جەنگی ناوخۆی ئەمریکا هەروەها پێشی دەوترێ جەنگی نێوان ویلایەتەکان، ئەو جەنگەیە کە ڕوویدا لەنێوان ئەمریکا و ئەو یانزە ویلایەتەی باشوور کە لە ئەمریکای یەکگرتوو دابڕان و ویلایەتەکانی کۆنفیدراڵی ئەمریکایان پێکهێنا، ئەم جەنگە ماوەی چوار ساڵی خایاند، لەنێوان ساڵانی ١٨٦١ بۆ ١٨٦٥ بەردەوام بوو، جیابوونەوەی ویلایەتەکانی باشوور کە بریتی بوون لە ویلایەتەکانی (کارۆلینای باشور، میسیسیپی، فلۆریدا، ئالاباما، جۆرجیا، لویزیانا، تەکساس، ڤێرجینیا، ئەرکەنساس، تێنیسی و کارۆلینای باکور) لە ساڵی ١٨٦٠ بۆ ١٨٦١ و سەرهەڵدانی دوژمنایەتی چەکداری کە لە ئەنجامی ناکۆکی و بەرەنگاری دەیان ساڵەبوون لەسەر کۆیلایەتی. 

لەنێوان ساڵانی ١٨١٥ بۆ ١٨٦١ ئابووری ویلایەتەکانی باکور بە خێرایی مۆدێرن و فراوان و هەمەجۆر دەبوون، هەرچەندە لە کشتوکاڵیشدا زۆربەی کێڵگە بچوکەکان پشتیان بە کاری ئازاد و سەربەسەت دەبەست بەڵام بە کەرتێکی گرنگ و زاڵ مانەوە لە باکوردا، هەروەها پیشەسازی لەو ناوچەدا ڕەگی داکوتابوو، باکوریەکان بە شێوەیەکی زۆر وەبەرهێنانیان لە سیستەمی گواستنەوەی جۆراوجۆردا دەکرد و فراوانیان دەکرد کە جۆگە و ڕێگا و بەلەم و هێڵی ئاسنیان لەخۆگرتبوو، لە پیشەسازییە داراییەکانیش وەبەرهێنانیان لە بانک و بیمە و لە تۆڕێکی پەیوەندی گەورەدا دەکرد کە زۆر هەرزان بوو، هەروەها پەرەیان بە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و تەلەگراف دەدا.

بە پێچەوانەوە ئابووری باشوور لە بنەڕەتدا پشتی دەبەست بە کێڵگە گەورەکان کە بەرهەمی بازرگانیان بەرهەم دەهێنا وەک لۆکە ئەوەش پشتی بە کۆیلەکان دەبەست وەکو هێزی سەرەکی بۆ کارکردن، لە جیاتی ئەوەی لە کارگە یان هێڵی ئاسندا وەبەرهێنان کاربکەن وەک ئەوەی باکوریەکان دەیانکرد، باشووریەکان پارەکانیان لە کۆیلەکان تەرخان دەکرد تەنانەت زیاتر لەوەی کە بۆ زەویەکانیانیان تەرخان کردبوو، لە ساڵی ١٨٦٠ ـدا لە سەدا ٨٤ـی ئەو سەرمایەی کە لەڕێی پیشەسازیەوە پەیدادەبوو لەو ویلایەتە ئازادەکاندا (ئەو ویلایەتانەی بەکۆیلەکردنیان تێدا نەبوو) بوون، بەڵام لە ساڵی ١٨٥٠ ـاکان بەرهەمی باشووریەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و نرخی کۆیلەکان بەرزبوونەوە، ساڵی ١٨٦٠ سەرمایەی هەر سەرمایەدارێکی سپی پێستەکانی باشوور دوو هێندەی سەرمایەی هەر سەرمایەدارێکی باکورییەکان دەبوو، هەروەها سێ لەسەر پێنجی دەوڵەمەندترین تاکەکانی ئەو وڵاتە باشوورییەکان بوون.

چی بووە هۆی ڕوودانی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا؟

جەنگی ناوخۆی ئەمریکا لوتکەی خەباتی نێوان داکۆکیکاران و دژبەرانی کۆیلایەتی بوو، کە هەر لە دامەزراندنی ئەمریکاوە ئەم داکۆکی و دژایەتییە مێژووی هەبووە، ئەم ناکۆکیەی نێوان ویلایەتەکانی باکور و ویلایەتەکانی باشوور کە ژمارەیەکی زۆر کۆیلەیان هەبوو بە زنجیرەیەک سازشی سیاسی توانرابوو تا ڕادەیەک دابمرکێنرێتەوە، بەڵام تا کۆتایی ساڵانی ١٨٥٠ ـاکان بابەتی بەردەوامبوونی کۆیلایەتی لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا گەیشتە خاڵێکی خراپ تا لە کۆتاییدا بووە هۆی جەنگی ناوخۆ لە ئەمریکادا، هەڵبژاردنی ئەبراهام لینکن کە ئەندامی حیزبی کۆماری بوو کە دژایەتی کۆیلایەتییان دەکرد وەک سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦٠ ـدا جیابوونەوەی ١١ ویلایەتی باشوری لێ هاتە کایەوە، کە بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ.

کێ جەنگی ناوخۆی ئەمریکای بردەوە؟

ئەمریکای یەکگرتوو توانی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا بباتەوە بە سەرکەوتن بەسەر ویلایەتەکانی باشووردا، جەنگەکە لە نیسانی ١٨٦٥ ـدا کۆتایی پێهات کاتێک ژەنەڕاڵی کۆنفیدراڵی ڕۆبێرت ئی لی (Robert E. Lee) خۆیدا بەدەستەوە و سەربازەکانی ڕادەست بە ئەمریکای یەکگرتوو کرد کە یولیس س گرانت (Ulysses S. Grand) ژەنەڕاڵیان بوو لە کۆشکی دادگای ئەپۆماتۆکس (Appomattox) لە ڤێرجینیا.

چەند کەس لە جەنگی ناوخۆی ئەمریکادا گیانیان لەدەستدا؟

مەزەندە دەکرێت ٧٥٢ هەزار بۆ ٨٥١ هەزار سەرباز لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا گیانیان لەدەستدابێت، کە ئەم ژمارەیەش دەگاتە نزیکەی لە سەدا ٢ی ژمارەی دانیشتوانی هەموو ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦٠، شەڕی گێتیزبێرگ کە یەکێکە لە خوێناویترین ئەو شەڕانەی لە کاتی جەنگی ناوخۆدا ئەنجام درا نزیکەی ٧ هەزار کەس کوژران و ٥١ هەزار کەسیش برینداربوون.

گرنگترین کەسایەتیەکانی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا کێ بوون؟

کەسایەتیە گرنگەکانی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا بریتیبوون لە ئەبراهام لینکن (Abraham Lincoln) کە شانزەهەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو، کە هەڵبژاردنەکەی بووە هۆی هاندانی ویلایەتەکانی باشور بۆ جیابوونەوەیان لە ئەمریکای یەکگرتوو، جێفرسۆن دەیڤس (Jefferson Davis) سەرۆکی کۆنفیدراڵی، یولیس س گرانت (Ulysses S. Grant) کە سەرکەوتووترین و دیارترین جەنەڕاڵی ئەمریکا بوو وە هەروەها هاوتاکەی لە ڕیزی کۆنفیدراڵیەکان جەنەڕاڵ ڕۆبێرت لی.

بۆچی ناڕازی بەرامبەر هێماکانی کۆنفیدراڵیەت هەیە؟

بەکارهێنانی هێما مۆدێرنەکانی کۆنفیدراڵیەت، بەتایبەتی ئاڵای جەنگی کۆنفیدڕاڵی و پەیکەری سەرکردەکانی کۆنفیدراڵی تێبینی و ڕەخنەیان لەسەرە چونکە بە هێماکانی ڕەگەزپەرستی و کۆیلایەتی و بوونی مرۆڤی سپی لەسەروو مرۆڤی ڕەشەوە گرێ دەدرێن و دادەنرێن. ئاڵاکە وەک هێمایەکی جەماوەری لە چلەکان و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن دیکسیکرات (Dixiecrat)ـی دیموکراتی و لایەنەکانی تر کە دژی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکا بوون پشتگیری دەکران و  بڵاودەکرانەوە.


سەرچاوەکان



2277 بینین