شێرپەنجەی مەمک

شێرپەنجەی مەمک

له‌لایه‌ن: مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-02-17:13:00 - کۆدی بابەت: 5721
شێرپەنجەی مەمک

ناوه‌ڕۆك

شێرپەنجەی مەمک چییە؟

شێرپەنجەی مەمک زیادبوونی نائاسایی خانە شێرپەنجەییەکانە لە مەمکدا، شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە شێرپەنجە باوەکان لەناو خانماندا، بەڵام ئەم شێرپەنجەیە لەنێو پیاوانیشدا دەبینرێت، هەرچەند کە شێرپەنجەی مەمک زوو دیاری بکرێت و بدۆزرێتەوە زووتر چارەسەر دەکرێت.

خانەکانی شێرپەنجەیی لەکاتی بڵاوبوونەوەیاندا، بەگشتی لە لیمفە خانەکانی نزیکی مەمکدا دەردەکەون، شێرپەنجەی مەمکیش بە نزیکەیی دەگوازرێتەوە بۆ تەواوی بەشەکانی تری جەستە و باوترین شوێنەکانیش بریتین لە (ئێسکەکان، جگەر، سییەکان، مێشک) گرێ نوێیەکانیش هەمان خانە نائاساییەکانی پێشوو و هەمان ناوی پێشووشیان هەیە، بۆ نموونە ئەگەر شێرپەنجەی مەمک بگاتە ئێسکەکان خانە شێرپەنجەیەکانی ناو ئێسکەکە لە ڕاستیدا خانە شێرپەنجەییەکانی مەمکن، ناوی نەخۆشییەکەش (تەشەنەسەندنی شێرپەنجەی مەمک بۆ ئێسکەکان)ـە نەک شێرپەنجەی ئێسکەکان هەر بۆیە چارەسەرکردنیشی وەک چارەسەری شێرپەنجەی مەمکە، پزیشکان ئەم نەخۆشییە بە گرێی دوورە دەست یاخود تەشەنەکردن ناودەبەن.

لە سەرەتاکانی دروستبوونی شێرپەنجەی مەمکدا لەوانەیە هیچ ئازارێکت نەبێت، بە پشکنین و مەمۆگرافی و هەروەها پشکنین بە دەستی خۆت دەتوانیت ئاگاداری توشبوونت بیت بەو شێرپەنجەیە.
لەبیرت بێت کە زۆرێک لە گرێکان و هەڵئاوسانەکانی مەمک پاک دەردەچن و خانەی شێرپەنجەی نین و چارەسەرکردنیان ئاسانە.

هۆکارە مەترسیدارەکان کە لەوانەیە ببنە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک

تاکوو ئێستا کەس هۆکاری سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک نازانێت، پزیشکانیش ناتوانن قسە لەسەر ئەوە بکەن کە بۆچی ژنێک تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت و ژنێکی تر تووش نابێت.

تەنها زانیاری ئەوەیە کە شینبوونەوە و بەرکەوتن و دەست دان لە مەمکەکە نابێتە هۆی زیادبوونی شێرپەنجەکە و هەروەها شێرپەنجەی مەمک گوازراوە نییە و واتە لە کەسی توشبووەوە ناگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کراوە ئەو خانمانەی کە ئەم چەند هۆکارەی خوارەوەیان تێدایە ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە

تەمەن

ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە زیادبوونی تەمەن زیاد دەکات و ژنانی سەرو تەمەنی ٦٠ ساڵی ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە و شێرپەنجەی مەمک پێش تەمەنی نائومێدی بڵاو نییە و کەم ڕوودەدات.

پێشینەی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک

ئەگەر خانمێک پێشتر مەمکێکی تووشی شێرپەنجەی مەمک بووبێت ئەوا مەترسی زیاتری لەسەرە کە مەمکەکەی تریشی توش ببێت.

پێشینەی خێزان

ئەگەر دایک یان خوشک یاخود کچی ژنێک کە پێشتر توشبووی شێرپەنجە بوون ئەگەری توشبوونی ئەمیش زیاد دەکات بە شێرپەنجەی مەمک و ئەگەری ئەوەی کە کەسانی ناو خێزانەکە پێش تەمەنی ٤٠ ساڵی تووشی شێرپەنجەی مەمک ببن زیاترە.

گۆڕانکاری تایبەت لە مەمکدا

هەندێک لە خانمان هەندێک خانەیان هەیە لە مەمکیاندا کە لەژێر مایکرۆسکۆپدا بە نائاسایی دەردەکەون، بوونی ئەم خانە نائاساییانە وەک حاڵەتی زیادبوونە خانەیی ناجۆری (Atypocal Hyperplasia) وایە کە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات.

گۆڕانکاری لە بۆهێڵەکاندا

گۆڕانکاری لە هەندێک لە بۆهێڵە تایبەتەکاندا مەترسی زیادبوونی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات ئەم بۆهێڵانەش بریتین لە (BRCA1 - BRCA2) و چەند بۆهێڵێکی دیکە.

هەندێک کات پشکنینەکان گۆڕانکاری تایبەت دەردەخەن لە بۆهێڵەکانی ئەو خێزانانەی کە پێشینەی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمکیان هەبووە.

پێگەشتن و منداڵبوون و تەمەنی نائومێدی

  • هەرچەند تەمەنی ژن زیاتر بێت لەیەکەم منداڵبوونیدا مەترسی توشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە.
  • ئەو کچانەی پێش تەمەنی ١٢ ساڵی کەوتوونەتە سوڕی مانگانەوە مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک.
  • ئەو ژنانەی لەسەرووی ٥٥ ساڵییەوە دەکەونە تەمەنی نائومێدییەوە مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە.
  • ئەو خانمانەی کە هەرگیز منداڵیان نەبووە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە.
  • ئەو خانمانەی کە دوای تەمەنی نائومێدی لەژێر چارەسەردابن بە هەردوو هۆڕمۆنی (ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن) مەترسی توشبوونیان زیاترە.

تێببینی: هیچ پەیوەندیەک نییە لەنێوان منداڵ لەبارچوون یاخود دووگیانی ناسەرکەوتوو و لەگەڵ شێرپەنجەی مەمکدا.

نەژاد

ڕێژەی توشبوونی شێرپەنجەی مەمک لە ژنانی سپی پێستدا زیاترە وەک لە خانمانی لاتینی و ئاسیایی و ئەفریقی.

چارەسەر بە تیشک

ئەو خانمانەی کە لە خوار تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە چارەسەر بە تیشکیان بۆ کراوە لە ناوچەی قەفەزەی سنگیاندا و یاخود هەر بۆ مەمکیان کراوە مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ توشبوون.

پیسی مەمک

خانەکانی مەمک هەندێک کات پیس و یاخود پڕە لە چەوری ئەو خانمانەی کە ئەم دوو حاڵەتەیان هەبێت ئەگەری توشبوونیان زیاترە.

قەڵەوی و خواردنەوە کهولیەکان

قەڵەوی و کەمی جوڵە و خواردنەوە کهولیەکان و کێشانی جگەرە ئەمانەش چەند هۆکارێکی ترن کە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکەن.

نیشانەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک

  • هەستکردن بە گۆڕانکاری لە مەمکدا یان گۆی مەمک لەکاتی دەست لێداندا.
  • بوونی گرێ لە مەمکدا و یاخود ڕەقبوون و ئاوسانی مەمک و یاخود گرێی ژێر باڵ.
  • هەستیاری گۆی مەمک یان چوونەوە ناوەوەی گۆی مەمک.
  • گۆڕانکاری لە شکڵی دەرەوەی مەمک و یان گۆی مەمکدا.
  • گۆڕانکاری لە قەبارەی مەمکدا.
  • پێستی مەمک یان گۆی مەمک و ناوچە قاوەییەکی گۆی مەمک سوور ببێتەوە یاخود پێست هەڵبدات.
  • هاتنە دەرەوەی شلە لە گۆی مەمکەوە.

چەند ڕێگایەک بۆ پشکنینی مەمک 

پشکنینی مەمک لەلایەن خۆتەوە

کە ئەمەش بە دوو ڕێگا دەکرێت:

  •  بینین

کە تێیدا بە ڕووتی دەچیتە بەر ئاوێنەیەک و سەیری هەردوو مەمکەکانت دەکەیت و بزانیت هیچ گۆڕانکارییەک لە قەبارە و ڕەنگ و شێوەیاندا ڕووینەداوە و مەمکێکت نیشانەی جیاوازی نییە لە مەمکەکەی ترت، دواتر لەلای ڕاستەوە سەیری مەمکی لای ڕاستت دەکەیت و لە لای چەپەوە سەیری مەمکی لای چەپت دەکەیت، دواتر هەردوو دەستت بەرز دەکەیتەوە و دووبارە سەیری مەمکت دەکەیتەوە و هەروەها هەردوو دەستت دەبەیتە پشتی سەرت و پەستان دەخەیتە سەر شان و ملت و سەیری ژێرەوەی مەمکت دەکەیت و دواتر هەردوو دەستت دەخەیتە سەر کەمەرت و پەستان دەخەیتە سەر هەردوو مەمکت و ئینجا سەیری دەکەیت.

  • دەست لێدان  

هەر بە ڕووتی پاڵدەکەویت و بۆ نموونە دەتەوێت پشکنین بۆ مەمکی چەپت بکەیت ئەوا دەستی چەپت دەکەیتە ژێر پشتی سەرتەوە و بە دەستی ڕاستت پشکنینی بۆ دەکەیت وە بۆ مەمکی ڕاستت دەستی ڕاستت دەخەیتە ژێر پشتی سەرت و بە دەستی چەپت پشکنینی بۆ دەکەیت.

پشکنینەکە بە سێ پەنجەت دەکەیت و پێویست دەکات کە لەپی پەنجەکانت بەکاربهێنیت نەک سەر و نینۆکی پەنجەکانت لەکاتی پشکنینەکاندا.

پشکنین بە دەست چەند شێوازێکی هەیە

  • شێوازی ئەستێرەیی

لەسەرەوە بۆ گۆی مەمک دەڕۆیت پاشان و دواتریش لە گۆی مەمکەوە بۆ سەرەوە بەمشێوەیە بەردەوام دەبیت.

  • شێوازی شەپۆلی

کە لەسەرەوە دەست پێ دەکەیت بەشێوەی شەپۆل تا خوارەوەی مەمک و بەردەوام دەبیت لەم شەپۆلانە تاکوو هەموو مەمک جوان دەپشکنیت.

  • شێوازی بازنەیی

لەدەوروبەری مەمکەوە دەست پێدەکەیت بە خولاوەیی و بە شێوەیەکی بازنەیی تاکوو دەگەیتە گۆی مەمکت و وازناهێنیت و بۆ گۆی مەمکیشتی دەکەیت بە بازنەی بەهەمان شێوە.

هەروەها پشکنین بۆ ژێر باڵت بکە و هەر بەهەمان شێوە بەو سێ پەنجەت لە  مەمکتەوە تاکوو قوڵای ژێر باڵت بڕۆ و بەڵام بە توندی دەست لەسەر ژێر باڵت ڕابگرە.

پشکنینی مەمک لە لایەن پزیشکەوە

  • مەمۆگرافی

مەمۆگرافی بریتییە لە بەکارهێنانی تیشکی (X) بۆ وێنەگرتنی مەمک، ئەگەر خانمەکە هیچ کێشەیەکی نەبێت لە مەمکیدا و تەنها بیەوێت پشکنین بکات ئەم جۆرە پشکنینە لە تەمەنی ٣٥ بۆ ٣٩ ساڵیدا دەکرێت، هەرچەندە لە وڵاتە بیانیەکان بەهۆی زۆری حاڵەتی شێرپەنجەی مەمکەوە ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٤٩ ساڵییەوەیە ساڵی بۆ دووساڵ جارێک بۆیان دەکرێت و دوای تەمەنی ٦٥ ساڵی واباشترە ساڵی جارێک بکرێت.

  • سۆنەرکردن

سۆنەر شەپۆلی دەنگی دەنێرێت کە مرۆڤ نایبیستێت، ئەم شەپۆلانە دەدەن لە خانەکان و دەگەڕێنەوە، کۆمپیتەریش بە سوود وەرگرتن لە دەنگدانەوەی ئەم شەپۆلانە، وێنەیەک دروست دەکات، پزیشک ئەم وێنەیە لە مۆنیتەردا دەبینێت، وێنەکان پیشانی دەدەن کە گرێ یاخود کیسی پڕ لە ئاو کە پێی دەوترێت کیس و ئەمە شێرپەنجەیی نییه.
بەڵام گرێ لەوانەیە شێرپەنجە بێت، پزیشک دوای پشکنین وێنەکان دەخاتە سەر سیدییەک یاخود چاپیان دەکات و دەکرێت لەگەڵ سۆنەردا مەمۆگرافیش بکرێت.

  • تیشکی لەرەلەری موگناتیسی (MRI)

لەم جۆرەدا سوود لە موگناتیسی بەهێز وەردەگرن کە بەستراوە بە کۆمپیوتەرەوە، ئێم ئاڕ ئای وێنەیەکی جوانتر دەردەخات لە گرێکانی مەمک و گرنگترە.

  • نموونە وەرگرتن

پزیشک بۆ نموونە وەرگرتن نەخۆشەکە دەنێرێتە لای پزیشکی نەشتەرگەری یاخود پزیشکی نەخۆشیەکانی مەمک، بۆ پشکنینی شێرپەنجە نموونەیەک لەو گرێیە وەردەگیردرێت.

تێبینی: هەرچی زووتر هەست بەم نیشانانە بکەیت باشترە و دواتر سەردانی پزیشک بکە و پزیشک دەبێت بزانێت کە ئەم نیشانانە هۆکاری تری هەیە یاخود هۆکارەکەی شێرپەنجەیە، هەر بۆیە دەربارەی خێزان و ژیانکردن و پێشینەی نەخۆشی تێیاندا پرسیار دەکات و دەتنێرێت بۆ پشکنین و مەمۆگرافی و بەم پشکنینانە خانەکانی ناو مەمک دەردەکەون و پزیشک دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئایا پێویست بە پشکنینی تر دەکات و گوومانی شێرپەنجە دەکرێت یاخود نەخێر پێویست ناکات.

چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک

چارەسەر بە نەشتەرگەری 

  • دەرهێنانی شانە شێرپەنجەییەکانی مەمک

لەم ڕێگایەدا گرێ شێرپەنجەیەکە و بەشێک لە خانەکانی دەوری گرێکە کە پاکن لادەبرێن و دەست لە مەمکەکە نادرێت و لانابرێت.

  • لابردنی مەمک

لەم جۆرە نەشتەرگەریەدا تەواوی مەمکەکە لادەبرێت و دەبڕدرێتەوە.

  • لابردنی خانە لیمفاویەکان (پاسەوان) 

لەم ڕێگایەدا دوای ناسینەوەی خانە لیمفاوییە پاسەوانەکە، نموونەیەک لە گرێکە وەردەگرن و دەینێرن بۆ پشکنین و ئەگەر پاک بێت و شێرپەنجەی نەبێت لەوانەیە نەشتەرگەری ژێر باڵی بۆ نەکەن.
ئەنجامی خانە پاسەوانەکان کاتێک کە شێرپەنجەی بێت لە جۆری یەکەم و دووەم دەتوانرێت بە وردییەکی زۆرەوە بارودۆخی گرێکانی ناوچەی ژێر باڵ بخرێتە ژێر چاودێرییەوە لە ئەگەری ئەوەی کە شێرپەنجەکە تەشەنەی نەکردبێت بۆ ناوچەکانی دیکە.

  • لابردنی خانە لیمفاوییەکانی ژێر باڵ

ئەگەر لیمفە خانە پاسەوانەکان شێرپەنجەی بن لەوانەیە پزیشک دەست بکات بە لابردنی گرێ شێرپەنجەییەکانی ناوچەی ژێر باڵ.

  • لابردنی مەمک بۆ ڕێگری

هەندێک لە خانمان کە مەمکێکیان تووشی شێرپەنجە بووە لەبەر مەترسی توشبوونی مەمکەکەی تریشیان بە شێرپەنجە داوای لابردنی ئەو مەمکەشیان دەکەن.

چارەسەر بە تیشک

تیشکی بەهێز خانە شێرپەنجەییەکان دەکاتە ئامانج و هەنگاوو دەنێت بۆ لە ناوبردنی ئەو خانانە، ئەم ڕێگایە بەهۆی ئامێرێکی گەورەوە دەکرێت لە دەرەوەی جەستەدا.

چارەسەر دەرمانی کیمیایی

ئەم ڕێگایەش دەرمانی کیمیاییە بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان، هەندێک کەس بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکانیان لەوانەیە تەنها لەژێر دەرمانی کیمیاییدا بن نەک ڕێگاکانی دیکە، ئەم جۆرە چارەسەرە لەگەڵ چارەسەرەکانی دیکەدا بەتایبەت نەشتەرگەری سوودێکی زۆری دەبێت.

لە هەندێک کاتدا پزیشکان پێیان باشترە کە پێش نەشتەرگەری دەرمانی کیمیایی بەکاربهێنن، بەو هیوایەی کە دەرمانە کیمیاییەکە خانە شێرپەنجەییەکان لەناو ببات و ئیتر پێویست بە نەشتەرگەری نەکات.

چارەسەر بە هۆڕمۆن

ئەگەر شێرپەنجەکە لە جۆرێکی هەستیاری بێت بە هۆڕمۆن، پزیشک بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە چارەسەر بە هۆڕمۆن دەست پێدەکات، (ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن) دوو هۆڕمۆنی ژنانەن کە دەتوانن گەشەی خانە شێرپەنجەییەکانی مەمک زیاد بکەن، ڕێگریکردن لە بەرهەمهاتنی ئەم هۆڕمۆنانە لە جەستەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان بوەستێنێت. 

چارەسەرکردن بە دەرمان

چەند دەرمانێک بەکاردەهێنرێن بۆ وەستانی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکانی مەمک وەک Herceptin (trastuzumab)  کە دەتوانێت بەرهامهێنانی پڕۆتینی (HER2) لە جەستەدا بوەستێنێت، چونکە پڕۆتینی (HER2) یارمەتی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکانی مەمک دەدات هەر بۆیە بەکارهێنانی دەرمان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆتینە لەوانەیە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکانی مەمکیش.


سەرچاوەکان

587 بینین