باڵندەی تەیرولحوب 

له‌لایه‌ن: - سایە موستەفا - به‌روار: 2021-07-06-01:30:00 - کۆدی بابەت: 5757
باڵندەی تەیرولحوب 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەیرولحوب (بە عەرەبی: طير الحب، بە ئینگلیزی: love bird)، بە تاکە گیانلەبەر دادەنرێن کە بەپەڕ داپۆشراون، کە پەڕەكانیان یارمەتییان دەدات لە گەرمبوونەوە و دەیانپارێزێت لە سەرما و ھەروەھا یارمەتیان دەدات لە کاتی فڕیندا، ھەروەھا پەڕی باڵندەکان بەوە جیادەکرێتەوە کە ڕەنگی جیاوازیان ھەیە، زۆربەی ئەم ڕەنگانە لە ڕێی دانەوەی ڕووناکی لەسەر پەڕی باڵندەکە دروست دەبێت جگە لە باڵندەی فلامینگۆ، کە ڕەنگی پەڕەکانیان لەڕێی خواردنی ئەو خۆراکەی کە دەیخۆن دروست دەبێت، وە لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی باڵندە ئەوەیە کە لەڕێی ھێلکەوە زۆردەبن، و دەنووکیان ھەیە بەبێ ددان و بە ڕەنگی جیاواز کە یارمەتیان دەدات لە خواردنی خۆراکدا، لە لایەکی دیکەوە زۆربەی باڵندەکان توانای فڕینیان ھەیە وەک ھەڵۆ، بەڵام باڵندەی پەنگوین لەو جۆرە باڵندانەیە كە توانای فڕینیان نییە.

باڵندەی تەیرولحوب 

باڵندەی تەیرولحوب بە جۆرێک لە جۆرەکانی باڵندەی تووتی بچووک دادەنرێت، کە لە ئەفریقا و دورگەی مەدەغەشقەر دەژی، وە بۆیە بەو ناوە ناودەبرێت چونکە بە درێژای ژیانیان لەگەڵ ھاوسەرەکانیان دەژین، و دەکرێت بەھۆی غەمباریەوە بمرن ئەگەر لەگەڵ ھاوسەرەکانیان جیا ببنەوە، ئەمانە چەند زانیارییەکن لەسەر باڵندەی تەیرولحوب:

  1. باڵندەی تەیرولحوب بە ڕەنگە جوانەکانی و جەستە پڕەکەی و کلکە کورتەکەی، و چاوە سەرنج ڕاکێشەکانی و دەنگە بەرزەکەی جیا دەکرێتەوە.
  2. نۆ جۆر لە باڵندەی تەیرولحوب ھەیە، و درێژیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٦ سانتیمەتردایە، باڵندەی تەیرولحوبی ماسکدار کە لە تەنزانیا بوونی ھەیە، بە سەرە ڕەنگ قاوەییە تێرە مەیلەو ڕەشەکەی جیا دەکرێتەوە، و باڵندەی تەیرولحوبی پەمەیی لە باشوری ئەفریقادا ھەیە و گەورەترین جۆریانە. 
  3. باڵندەی تەیرولحوب ھێلانەکانیان لە ناو کونی دارەکاندا لەکاتی جووت بووندا دروست دەکەن، لەو کاتەدا مێیەی باڵندەی تەیرولحوب ماددەکانی ھێلانەکە کۆدەکاتەوە کە لە گەڵای درەخت و گیا پێکدێن و بە شێوەیەکی ڕێک لە ڕێی پەڕە چەماوەکانیەوە و دەیگوازێتەوە بۆ ھێلانەکەی، لەدوای جووت بوون باڵندەی تیرولحوب لەسەر ٤ بۆ ٦ ھێلکە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ کڕ دەکەوێت. 
  4. دەکرێت باڵندەی تەیرولحوب ماڵی بكرێت لەلایەن مرۆڤەوە، و قسەی مرۆڤ دووبارە بکاتەوە یان فێری چەندین ڕەفتار بکرێت، بەڵام ماڵی کردنی کارێکی ئاسان نییە.
  5. باڵندەی تەیرولحوب بۆ ماوەیەکی درێژ دەژی.

باڵندەی تەیرولحوبی فیشەر 

ئەم جۆرە باڵندەی تەیرولحوبانە کە بە باڵندەی تەیرولحوبی فیشەر ناسراوە، لە لایەن زانا (گۆستاف فیشەر) لە سەدەی نۆزدە دۆزرایەوە، ئەم باڵندە بە ڕەنگە جوانەکانی تایبەتمەندە، بۆ نمونە پشتی و سنگی و ھەردوو باڵەکانی و سەری بە سەوز ڕەنگ کراوەن، و ملی ڕەنگی زەردی مەیلەو ئاڵتونی بۆ پرتەقاڵییە و دەنوکە درێژەکەی ڕەنگی سوورە و هەروەها پەڕو کلکەکەی ڕەنگیان شینە یان مۆر، باڵندەی تەیرولحوبی فیشەر لە ناوەڕاستی تەنزانیا و دارستانەکان و لە نزیک ڕووبارە کشتوکاڵیەکان دەژین، ھەرورھا دەکرێت لە نزیک سەرچاوە ئاوییەکانەوە بدۆزرێنەوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونکە بە درێژای ڕۆژ حەز بە خواردنەوەی ئاو دەکەن، بە پشت بەستن بەوە دەتوانین بڵێین کە باڵندەی تەیرولحوبی فیشەر باڵندەیەکەی کۆچەر نییە بەڵکو دەکرێت تەنھا لەو کاتانەدا کۆچ بکات کە ئاو بوونی نەبێت.


سەرچاوەکان



1382 بینین