نیوڕاڵ لینک

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-08-01:09:00 - کۆدی بابەت: 5784
نیوڕاڵ لینک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای نیوڕاڵ لینک کۆمپانیایەکە کە لە بواری تەکنەلۆژیای دەماری (Neurotechnology)ـدا کار دەکات، کە هەڵدەستێت بە دروستکردن و پەرەپێدانی ڕووکاری کۆمپیوتەری مێشکی، کە ئەم ئامێرانە لە مێشکدا دەچێنرێن و کەسەکە بە مێشکی خۆی کۆنتڕۆڵێ دەکات، کۆمپانیاکە لەلایەن ئیلۆن مەسک و چەند کەسێکی دیکەوە دامەزرێنراوە، بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە دەکەوێتە سان فرانسیسکۆ.

لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمپانیاکەوە چەندین زانای پسپۆڕی دەماریان لە چەندین زانکۆی جیاجیاوە وەرگرتووە، کۆمپانیای نیوڕاڵ لینک لە مانگی تەمموزی ساڵی 2019 بڕی 158 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە (کە 100 ملیۆن دۆلاری لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە بووە)، هەروەها ستافێکی 90 کارمەندی دروست کرد، لەو کاتەدا کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە کار لەسەر دروستکردنی ئامێرێک دەکەن کە توانای دروستکردنی دورینەوە (تەقەڵ)ـی زۆر بچووکی هەیە لە مێشکدا کە پانییەکەی لەنێوان 4 بۆ 6 مایکرۆمەتردایە، هەروەها سیستمێکیان دروستکردووە کە زانیاری مێشکی مشکی تاقیگەکان لەڕێگەی 1500 ئەلیکترۆدەوە دەخوێنێتەوە، هەروەها بڕیار دراوە کە ئەم تاقیکردنەوەیە لەسەر مرۆڤەکان ئەنجامبدرێت لە ساڵی 2021ـدا.

پوختە

کۆمپانیای نیوڕاڵ لینک  لەلایەن ئیلۆن مەسک لە ساڵی 2016 دامەزرێنرا، ماکس هۆداک، ئادام ڕاپۆپۆرت، تیم هانسۆن، دۆگجین سیۆ، پاوڵ مێرۆڵا، فیڵیپ سابێس، تیم گاردنەر، تیم هانسۆن و ڤانێسا تۆلۆسا، کە گرووپێکی شارەزا بوون لە بوارەکانی زانستی دەماری، کیمای زیندەیی و هەروەها شارەزای بواری ڕۆبۆتەکانن.

هێمای بازرگانی (Neuralink) لە کانونی دووەمی ساڵی 2017 کڕدرا.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2017 کۆمپانیای نیوڕاڵ لینک ڕایگەیاند کە دەیانەوێت ئامێرێک دروستبکەن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی مێشک لە ماوەیەکی کەمدا، هەروەها ئامانجی دووریان بریتییە لە بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی کە هەندێک جار پێیدەوترێت ترانسهیومانیزم (transhumanism)، هەروەها ئیلۆن مەسک ڕایگەیاند کە نیوڕاڵ لەیس (neural lace) پێویستی بە نەشتەرگەری نییە بەڵکو لەڕێگەی خوێنبەر و خوێنهێنەرەکانەوە دەکرێتە لاشەی زیندەوەرەکەوە، هەروەها ئیلۆن ڕایگەیاند کە ئامانجی دووریی کۆمپانیاکە بریتییە لە بەدەستهێنانی هاوگوزەرانی لەگەڵ زیرەکی دەستکرددا، بەڵام وەک ئیلۆن خۆی ڕایدەگەیەنێت گەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت مەترسییە بۆ مرۆڤایەتی.

تا ساڵی 2020 تەنها سێ لە دامەزرێنەرە سەرەتاییەکانی کۆمپانیاکە مانەوە، بەپێی نوسراوێک کە لەلایەن ستات نیوس (Stat News) بڵاو کرابوویەوە، کۆمپانیاکە چەندین کێشە و ڕێکنەکەوتنی ناوخۆیی تێدا بووە.

لە مانگی نیسانی ساڵێ 2021 کۆمپانیاکە مەیمونێکیان نمایشکرد کە یاری (Pong)ـی دەکرد بە بەکارهێنانی چاندراوی نیوڕاڵ لینک.

لە مانگی مایسی ساڵی 2021 هاودامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمپانیاکە ماکس هۆداک، ڕایگەیاند کە چیتر لەگەڵ کۆمپانیاکەدا کار ناکات.

تەکنەلۆژیا

لە ساڵی 2018 وێبسایتی گیزمۆدۆ (Gizmodo) ڕایگەیاند کە "کۆمپانیای نیوڕاڵ لینک کارەکانی بە نهێنی هێشتووەتەوە"، هەرچەندە بەپێی زانیارییەکان دەردەکەوت کە کۆمپانیاکە تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵان ئەنجامدەدات و بارەگاکەی دەکەوێتە سان فرانسیسکۆ، پاش ئەمە کۆمپانیاکە تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجامدا لە زانکۆی کالیفۆڕنیا، دەیڤس.

لە ساڵی 2019 کۆمپانیاکە یەکەمین نموونەی تەکنەلۆژیای نمایشکرد کە لە تەنی زۆر بچووک و باریک پێکدێن، ئەم تەنانە دەکرێنە ناو مێشکەوە و دەتوانن نەشتەرگەری لە مێشکدا ئەنجامبدەن و هەروەها دەتوانن زانیاری لە دەمارەخانەکەنەوە بخوێننەوە.

تەنەکان - Probes

تەنەکان، لە پۆلیماید (polyimide) و ماددە کیمیا زیندەییەکان پێکهاتووە لەگەڵ گەیەنەرێکی باریک کە لە ئاڵتون یان پلاتینیۆم دروستکراوە، ئەم تەنانە بە نەشتەرگەری دەکرێنە ناو مێشکەوە لەڕێگەی بەکارهێنانی ڕۆبۆتێکەوە، هەر تەنێک پێکدێت لە ناوچەیەک کە وایەری تێدایە و لە کۆمەڵە ئەلیکترۆدێک پێکهاتوون، ئەم ئەلیکترۆدانە توانای خوێندنەوەی شەپۆلە کارەباییەکانی مێشکیان هەیە، هەر تەنێک (Probe)ـێک پێکدێت لە 48 بۆ 96 وایەر، کە هەر دانەیەکیان 32 ئەلیکترۆدی سەربەخۆیان تێدایە، ئەمە سیستمێک دروستدەکات کە لە 3072 ئەلیکترۆد پێکدێت.

ڕۆبۆت

نیوڕاڵ لینک ڕایانگەیاندووە کە ڕۆبۆتێکیان دروستکردووە بۆ تێکردنی چەندین تەن (Probe) بۆ ناو مێشک بەبێ زیانگەیاندن بە ماسوولکەکان، تیرەی دەرزی سەری تێکەری ڕۆبۆتەکە (insertion head) بریتییە لە 40 مایکرۆمەتر، دەرزییەکە لە (tungsten-rhenium) دروستکراوە، ئەم ڕۆبۆتە دەتوانێت 6 وایەر (واتا 192 ئەلیکترۆد) بکاتە ناو مێشکەوە لە یەک خوولەکدا.


سەرچاوەکان



551 بینین