قەتەڕ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-07-12-15:09:00 - کۆدی بابەت: 5861
قەتەڕ

ناوه‌ڕۆك

شوێنی جوگرافی قەتەڕ

قەتەڕ وڵاتێکی عەرەبییە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبی و باشوری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، بە چەند دورگەیەك دەورەدراوە وەکو حالول و ئسحات، یەکێکە لە وڵاتانی کەنداو، ڕووبەرەکەی 11,521 كيلۆمەتر چوارگۆشەیە. 

پایتەختی وڵات شاری دەوحەیە کە بنکەی سەرەکی زۆرینەی دامودەزگا بازرگانییەکانە و زیاتر لەنیوەی دانیشتوان لەو شارە نیشتەجێن، هەروەها سەنتەرێکی کولتووری گەورەیە زۆرێك لە مۆزەخانە و بنکەکانی فێربوون لەخۆدەگرێت. 

قەتەڕ سێیەمین وڵاتە لە یەدەگی گاز و نەوت لە جیهاندا، هەروەها بەپێی ئاماری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا قەتەڕ بە وڵاتێکی پێشکەوتوو دادەنرێت لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی و زۆر لێهاتوون لەو بوارەدا، هەروەها وڵاتی قەتەر ڕۆڵ و پێگەیەکی کاریگەری هەیە لە نێو کایەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . 

ئایینی قەتەڕ

ئیسلام ئاینی فەرمییە لەو وڵاتە، شەریعەتی ئیسلامی بنەمای دەستور و یاساکانە و کاری پێدەکرێت، ڕێژەی موسڵمانان 67.7 ٪  و مەسیحییەکان ڕێژەیان 13.8٪ ، هیندۆسەکان ڕێژەیان 11.3٪ و بوزییەکان ڕێژەیان3.1٪ ئاینەکانی تر ڕێژەیان 1.6٪، بەشێکی زۆریان موسوڵمانی لە ڕێبازی سونننەن، بە ڕێژەی 5-15٪ پەیڕەوانی ڕێبازی شیعەن. 

وڵاتی قەتەر ژمارەیەکی زۆر لە پەیڕەوانی ئاینەکانی تر لە خۆدەگرێت وەکو مەسیحی و هیندۆسی و بوزی، زۆر بە ئازادانە نەریت و ڕێوڕەسمەکانیان جێبەجێدەکەن. 

زمانی قەتەڕ

زمانی فەرمی وڵاتی قەتەر زمانی عەرەبییە و بە شێوەزاری قەتەڕی قسە دەکەن، لە زۆربەی شوێنە گشتی و دەزگاکاندا زمانی ئینگلیزیش وەکوو زمانی دووەم بەکاردەهێنرێت. 

ژمارەی دانیشتووانی قەتەڕ

ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی قەتەر بەپێی کۆتا سەرژمێری لە ساڵی 2019 نزیکەی 2.6 ملیۆن کەسە، بەشێکی زۆری دانیشتوان لە کەسانی بیانی و بێگانە پێکدێت بەپلەی یەکەم هیندییەکان پاشان نیپال و لەدوای ئەوان فلێپین و دواتر میسرییەکان ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوان پێکدێنن. 

کەشوهەوای قەتەڕ

کەشوهەوای وڵاتی قەتەر وشك و نیمچە گەرمەسێر و بیابانییە، ساڵانە لە وەرزی زستاندا ڕێژەیەکی زۆر کەم باران دەبارێت ڕێژەکەی 75.2 ملیمەتر تێپەڕ ناکات، هاوینێکی گەرم و شێداری هەیە پلەی گەرمی لەو وەرزەدا لە نێوان 25 بۆ 46 پلەی سەدییە. 

ئابووری و بازرگانی قەتەڕ

دراوی فەرمی وڵاتی قەتەر ڕیالی قەتەرییە و بە نرخێکی جێگیر پەیوەستە بە دۆلاری ئەمریکییەوە.

لە کۆندا لە پێش دۆزینەوەی نەوت لەو وڵاتە دانیشتوان پشتیان دەبەست بە ڕاوەماسی و دۆزینەوەی بەردی گرانبەها بۆ بژێوی ژیانیان، بەڵام لە ساڵی 1940 یەکەم بیرە نەوت دۆزرایەوە و بووە سەرچاوەی داهاتی سەرەکی بۆ ئەو وڵاتە، داهاتی ڕۆژانەی فرۆشتنی یەك ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

لە ساڵی 2016 قەتەر پلەی چوارەمی وەرگرت لە پشت بەستن بە بەرهەمهێنانی ناوخۆ و دابینکردنی پێویستیەکانی وڵات بە بەرهەمە ناوخۆییەکانی.

لە ساڵی 2012 قەتەر بووە یەکێك لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان لە ڕووی تێکڕای داهاتی تاکەکەسی کە داهاتی ساڵانەی تاك دەگاتە 106,000 دۆلاری ئەمەریکی،

هەروەها گرنگیەکی زۆر بە کشتوکاڵیش دەدرێت بەتایبەتی بەرهەمی سەوزە و میوەکان، بەروبومی ئاژەڵی وەکو ماسی و شیرەمرنییەکان، بەخێوکردن و ئاژەڵداری بەتایبەت حوشتر و ئەسپ بایەخێکی زۆریی هەیە لەو وڵاتە. 

کولتوور و ڕۆشنبیری قەتەڕ

کولتور و ڕۆشنبیری وڵاتی قەتەر هاوشێوەی کولتووری وڵاتانی عەرەبییە و تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەرە بە ئاینی ئیسلام، ڕۆژی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لە 18ی مانگی کانوونی یەکەمە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە برەودان بە هەستی نیشتمانی لە لای تاکەکانی کۆمەڵگە.

بە درێژایی مێژوو هونەری جواننوسی و ئەندازیاری لە زۆرترین هونەرە بینراوەکان بووە لەو وڵاتە، هەروەها ولاتی قەتەر چەند مۆزەخانەیەکی گرینگ و بەناوبانگ لەخۆدەگرێت لەوانە مۆزەخانەی قەتەری ئیسلامی کە لە ساڵی 2008 کراوەتەوە یەکێکە لە باشترین مۆزەخانەکانی قەتەر، مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ بە هەمان شێوە مۆزەخانەیەکی گرینگ و سەردەمیانەیە خزمەتێکی زۆر بە کولتووری قەتەر دەکات. 

ڕاگەیاندن لە قەتەڕ

وڵاتی قەتەر لە بواری ڕاگەیاندن پێشکەوتووە و خاوەنی زنجیرەی ڕاگەیاندنی ئەلجەزیرەیە کە بریتییە لە کۆمەڵێك کەناڵی هەمەجۆری سیاسی و وەرزشی و  بەڵگەیەنامەیی و منداڵان، بەڵام ڕاگەیاندی وڵاتی قەتەر سنووردارە و ئازاد نییە، بەتایبەت لە بارەی دەسەڵاتدارانی وڵات بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەك ڕەخنە لە دەسەڵاتداران و ماڵباتی شای وڵاتەکەیان بگرن بەڕادەیەك ئازادیی ڕادەربڕین سنوردار کراوە لەو بوارەدا دەگات بەوەی ڕۆژنامە نووسان سزای زیندانی دەدەرێن

دەربارەی ڕۆژنامەگەری لەو وڵاتە حەوت ڕۆژنامەی سەرەکی هەیە چواریان بە زمانی عەرەبییە و سێیەکەی تر بە زمانی ئینگلیزییە. 

وەرزش لە قەتەڕ

سەبارەت بە وەرزش لەو وڵاتە تۆپی پێ لە وەرزشە باوەکانە و بایەخێکی زۆری پێدەدرێت، هەربۆیە لە ساڵی 2022 وڵاتی قەتەر میوانداریی پاڵەوانێتی جامی جیهانی دەکات، جۆرەکانی تری وەرزشیش گرنگن وەکو پاڵەوانەکانی ئەسپسواری و هونەری جەنگی تایکواندۆ. 

گەشت و گوزار 

قەتەر خاوەنی چەندان شوێنەواری گرینگ و دێرینە و جێگای سەرەنجی گەشتیارانە، لەوانە بازاڕی واقف کە بازاڕێکی نیشتمانی کۆنە لە ناوەندی شاری دەوحەی پایتەختە، ناوچەی سیلین کە 70 کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە پێکهاتووە لە گرد و تەپۆلکەی لمیی نزیك کەناراوەکان، ناوچەی زەبارە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی قەتەر 90 کیلۆمەتر لە باکوری پایتەختەوەیە، هەروەکو ئامژەمان پێیدا چەندان مۆزەخانەی تایبەتی هەیە کە پڕن لە مێژووی دێرینی کۆن و هاوچەرخ.


سەرچاوەکان



3211 بینین