کڵەب هاوس

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-13-23:46:00 - کۆدی بابەت: 5875
کڵەب هاوس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کڵەب هاوس (بە ئینگلیزی: clubhouse) پڕۆگرامێکی سۆشیاڵ میدیای سیستمەکانی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆیدە، کە تێیدا بەکارهێنەران دەتوانن لەگەڵ یەکدا بەشێوەی دەنگ (voice chat) لەو ژوورانەی کە دروستکراون قسەبکەن، هەندێک جار ئەم ژوورانە لە هەزاران کەس پێکدێن.
پڕۆگرامی کڵەب هاوس سەرەتا بۆ سیستمی ئای ئۆ ئێس لەلایەن پاوڵ داڤیسۆن و ڕۆهان سێث لە مانگی ئازاری ساڵی 2020 بڵاوکرایەوە، هەروەها لە ئایاری 2021 وەشانی بێتا (بێتا: وەشانێکی تاقیکارییە کە بۆ ئەو پڕۆگرامانە بەکاردێت کە هێشتا بە تەواوی دروست نەکراون بەڵام دەتوانرێت لەلایەن خەڵکەوە بەکاربهێنرێت) بۆ سیستمی ئەندرۆید بڵاوکرایەوە، کڵەپ هاوس پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پڕۆگرامەکە تەنها بە بانگهێشت کردن (invite-only) کاردەکات، بۆ ئەوەی تیمەکەیان توانای بەڕێوەبردنی پڕۆگرامەکەیان هەبێت و بەردەوامبن لە باشترکردن و بەرەوەپێشبردنی پڕۆگرامەکە.
لە یاساکانی پڕۆگرامە قەدەغەیە کە گفتوگۆکانی ناو ژوورەکان تۆماربکرێن یان بڵاوبکرێنەوە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆمپانیاکەوە، بەبۆنەی ئەم یاسایەوە چەندین گاڵتەپێکردن و ڕەگەزپەرستی لە پڕۆگرامەکەدا ڕوویداوە، هەروەها چەندین ڕەخنە لە کڵەب هاوس گیراوە بەبۆنەی بوونی کێشە لە پاراستندا و وڵاتانی وەک عەممان، ئوردن، چین و ئێران پڕۆگرامەکەیان قەدەغە کردووە، هەروەها چەندین حاڵەتی ئیسلامۆفۆبیا و گاڵتەکردن بەدین لە هیندستاندا ڕوویانداوە.

مێژوو

کڵەب هاوس سەرەتا سۆشیاڵ میدیایەک بوو کە لەلایەن پاوڵ داڤیسۆن و ڕۆهان سێث لە پایزی ساڵی 2019 بەرهەمهێنرا، پڕۆگرامەکە سەرەتا بۆ پۆدکاست بوو و هەروەها ناوی تۆک شۆو (Talk Show) بوو، بەڵام دواتر ناونرا کڵەب هاوس (Clubhouse) و لە ئازاری 2020 بۆ سیستمی ئای ئۆ ئێس بڵاوکرایەوە، نرخی کڵەب هاوس بە 100 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرا پاش ئەوەی کە پاڵپشتی دارایی لە چەند سەرمایەدارێکی سەرکێشەوە وەرگرت، لە نیسانی 2021 سەرمایەداران نرخی کڵەب هاوس بە 4 ملیار دۆلار مەزەندە دەکەن.

پڕۆگرامی کڵەب هاوس بەناوبانگ بوو لە مانگەکانی سەرەتای دەستپێکردنی نەخۆشی کۆرۆناوە، لە کانوونی یەکەمی 2020 زیاتر کە 600 هەزار بەکارهێنەری هەبوو، لە کانوونی دووەمی 2021 بەڕێوبەری جێبەجێکار پاوڵ داڤیس ڕایگەیاند کە پڕۆگرامەکە هەفتانە زیاتر لە 2 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، لە مانگی شوباتی 2021 ژمارەی دابەزاندنی بەرنامەکە لە 3.5 ملیۆنەوە گەیشتە 9.1 ملیۆن، ئەم گەشەکردنە بەبۆنەی دەرکەوتنی چەند کەسایەتییەکی بەناوبانگەوەبوو وەک ئیلۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ، تا ئێستا پڕۆگرامەکە تەنها لەڕێگەی بانگهێشتکردنەوە دەتوانرێت بەکاربێنرێت و هەندێک لە کۆدەکانی بانگهێشتکرد لە وێب سایتەکاندا دەفرۆشرێت، وەک وێب سایتی ئی بەی (ebay) کە لەم وێب سایتەدا کۆدی بانگهێشتنەکان نرخەکەی دەگاتە 400 دۆلار.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2021 کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە دەستدەکەن بە کارکردن لەسەر پڕۆگرامەکە بۆ سیستمی ئەندرۆید، کە لە 21ـی ئایاری 2021 بڵاوکرایەوە.

لە مانگی نیسانی 2021 کۆمپانیای تویتەر چووە ناو گفتوگۆوە بەمەبەستی کڕینی کڵەب هاوس بە نرخی 4 ملیار دۆلار، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، پاش ئەمە و لە هەمان مانگدا تویتەر هەستا بە دروستکردنی پڕۆگرامێک بەناوی سپەیسس (Spaces) کە هاوشێوەی پڕۆگرامی کڵەب هاوسە.

تایبەتمەندییەکان

ژوورەکان – Rooms

تایبەتمەندی سەرەکی کڵەب هاوس بریتییە لە ژوورە خەیاڵییەکان کە بەکارهێنەران دەتوانن تێیدا قسەبکەن، ژوورەکان دەکرێن بە سێ بەشەوە، ژوورە کراوەکان، ئەم ژوورانە هەموو بەکارهێنەرانی پڕۆگرامەکە دەتوانن بڕۆنە ناویەوە، دووەم جۆری ژووری سۆشیاڵە، کە تەنها ئەو بەکارهێنەرانەی کە دروستکەری ژوورەکە فۆڵۆوی کردوون دەتوانن بڕۆنە ناوی، جۆری سێهەم ژوورە داخراوەکانە، کە بۆ چوونە ژوورەوە کەسەکە دەبێت بانگهێشت بکرێت.
ژوورەکان دەکرێن بە چەند بەشێکەوە، وەک بەشی شانۆ و بەشی قسەکەرەکان هەروەها بەشی کەسەکی دیکە، کاتێک بەکارهێنەرێک ژوورێک دروستدەکات ڕۆڵی بەرپرس (moderator)ـی پێدەدرێت، کە توانای ئەوەی هەیە بەکارهێنەرانی تر بانگهێشت بکات بۆ سەر شانۆ، بەکارهێنەرەکان بێدەنگ بکات و هەروەها بیانکاتە دەرەوە، هەر بەکارهێنەرێک کە سەرەتا دەڕواتە ناو ژوورێکەوە پێیدەوترێت گوێگر و ناتوانێت مایکەکەی بکاتەوە بۆ ئەوەی قسەبکات، بەڵام دەتوانن بەرپرسی ژوورەکە ئاگادار بکەنەوە کە دەیانەوێت قسەبکەن، کاتێک گوێگرێک بانگدەکرێتە سەر شانۆکە دەبن بە قسەکەر و دەتوانن قسە بکەن هەروەها گەر نەیانەوێت دەتوانن مایکەکانیان بکوژێننەوە، هەروەها بەکارهێنەران دەتوانن لە ژوورەکان بڕۆنەدەرەوە لەڕێگەی پەنجەنان بە دوگمەی "چوونەدەرەوە بە بێدەنگی".

ڕووداوەکان – Events

لە پڕۆگرامی کڵەب هاوسدا چەندین گفتوگۆ لە یەک کاتدا ڕوودەدەن، بۆیە بەکارهێنەران دەتوانن پێش دروستکردنی ژوورەکان پلانی بۆ دابنێن لەڕێگەی دروستکردنی (Event)ـەوە، لەکاتی دروستکردنیدا بەکارهێنەر دەتوانێت کاتی دیاریکراو دابنێت بۆ دەستپێکردنی ژوورەکە و هەروەها دەتوانێت یاریدەدەر هەڵبژێرێت بۆ یارمەتیدانی لە بەڕێوەبردنی ڕووداوەکەدا.

ناوەندەکان – Clubs

ناوەندەکان بریتین لە کۆمەڵێک لە بەکارهێنەران کە پێکەوە حەزیان لە یەک بوار یان هەمان حەزیان هەیە و لە ژوورەکاندا قسەدەکەن بۆ باسکردن و بڵاوکردنەوەی حەز و ئارەزووەکانیان، بۆ دروستکردنی ناوەندێک پێویستە بەکارهێنەر بە لانی کەمەوە سێ ژووری قسەکردنی دروستکردبێت و بەڕێوەی بردبێت، هەروەها هەر بەکارهێنەرێك دەتوانێت تەنها یەک ناوەند دروست بکات، هەروەها دەکرێت هەر ناوەندێک تایبەت بێت یاخود کراوەبێت، بۆ ئەوەی بڕۆیتە ناو ناوەندێکەوە پێویستە لەلایەن یەكێک لە دروستکەرانی ناوەندەکەوە وەربگیردرێیت.

گەڕان – Explore

پەڕەی سەرەکی کڵەب هاوس پێکدێت لەو ژوورانەی کە کاران و قسەیان تێدا دەکرێت، کە بەپێی ئەو کەسانەی کە بەکارهێنەرەکە فۆڵۆوی کردوون پێشنیاردەکرێت، لەڕیگەی پەنجەنان بە دوگمەی زەڕەبین بەکارهێنەر دەچێتە بەشی گەڕان، کە تێیدا دەتوانێت بەشوێن ئەو کەس و ناوانەدا بگەڕێت کە دەیەوێت.


سەرچاوەکان



1482 بینین