جەژنی قوربان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-15-02:40:00 - کۆدی بابەت: 5893
جەژنی قوربان

ناوه‌ڕۆك

قوربان

یەکێکە لە جەژنەکانی موسوڵمانان و ئایینی ئیسلام، لە ڕۆژی ١٠ـی زی الحجەی هەموو ساڵێکی کۆچی دوای تەواوبوونی ڕۆژی وەستانی عەرەفە ئەنجام دەدرێت و ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت، لەم ماوەیەدا حاجییانی ماڵی خودا هێشتا فەرزەکانی بەجێهێنانی حەجیان ماوە و فەرزەکانی حەجیان لە سێیەم ڕۆژی جەژن کۆتایی دێت.

زانایان ڕۆژووگرتن لەم ڕۆژانەدا بە حەرام دەزانن چ بە ویستی خۆی بیکات یاخود قەرز بێت و بیداتەوە.

چیرۆکی حەزرەتی ئیبراهیم

هەروەها ئەم جەژنە وەک یادێک بۆ حەزرەتی ئیبراهیم دادەنرێت دوای ئەوەی لە خەونیدا خودا فرمانی کرد کە کوڕەکەی خۆی سەر ببڕێت و بیکاتە قوربانی لە پێناوی خودا، ئەویش هەڵدەستێت بە گێرانەوەی خەونەکەی بۆ ئیسماعیلی کوڕی و کوڕەکەشی ڕازی دەبێت و پێکەوە دەیانهەوێت بڕۆنە شوێنی قوربانییەکە، لە ڕێگادا چەندین جار شەیتان هەوڵدەدات بۆ ئەوەی پەشیمانیان بکاتەوە، بەڵام هەردووکیان پێکەوە دژی دەوەستنەوە، کاتێک زۆر دووبارەی دەکاتەوە ئیبراهیم پێغەمبەر بەردێک بۆ ئیبلیس هەڵدەدات و بەهۆیەوە چاوێکی کوێر دەکات، دواتر کە ئیسماعیل دادەنێت بۆ ئەوەی سەری ببڕێت چەقۆکە دەخاتە سەر ملی بەڵام بە فرمانی خودا ناتوانێت بیبڕێت، بۆیە خودای گەورە پێیدەڵێت بەڕاستی تۆ لە تاقیکردنەوەکەدا سەرکەوتوو بوویت، بۆیە لەجێی کوڕەکەت ئەو ئاژەڵە سەر ببڕە کە بۆت دەنێرین و پێشکەشی خودای بکە، هەر بۆیە موسوڵمانان لە ڕۆژانی جەژن هەڵدەستن بە سەربڕینی ئاژەڵێک و دابەشکردنی گۆشتەکەی بەسەر خەڵکیدا.

ناوەکەی

لە زۆرینەی وڵاتان پێیدەوترێت ڕۆژی قوربانیکردن یاخود جەژنی قوربانی.

لە کوردستان و ناوچە کوردزمانەکان و وڵاتی ئێران بە جەژنی قوربان دەناسرێت، لەگەڵ ئەمەش بە هەریەک لە جەژنی گەورە و جەژنی حاجییەکانیش دەناسرێت.

کاتەکەی

ڕۆژی جەژنی قوربان دەکەوێتە دەیەمی مانگی زی الحجەی ساڵی کۆچی، ڕۆژێکی پێش دەستپێکی حەج بریتییە لە ڕۆژی عەرەفە کە دەکەوێتە نۆی مانگ و حاجییان دەڕۆنە سەر کێوی عەرەفە و ڕادەوەستن.

لە ڕۆژی یەکەمی جەژنیش حاجییان دەڕۆنە مینا و لەوێ قوربانی دەکەن، موسوڵمانانی دیکەش لەدوای نوێژی جەژن هەڵدەستن بە قوربانی کردن وەک خودای گەورە دەفەرموێت: إِنَّا أَعْطَيْنَاكَ الْكَوْثَرَ فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ.

تەکبیر

تەکبیرکردن و وتنەوەی الله اکبر سوننەتێکی دڵنیاکراوەیە و لە مەزهەبی شافعیدا دەستپێکردنی الله اکبر و تەکبیرکردن لە بەیانی ڕۆژی عەرەفەیە و لە خۆرئاوابوونی ڕۆژی سێیەم تەواو دەبێت کە دەکاتە ١٣ـی زی الحجە.

لە مەزهەبی مالیکیدا تەکبیر لە دوای نوێژی نیوەڕۆی جەژن دەستپێدەکات بۆ نوێژی بەیانی ڕۆژی چوارەم.

لە مەزهەبی حەنەفی و ئیمامی حەنبەلیش لە بەیانی ڕۆژی عەرەفەوە دەستپێدەکات بۆ کۆتا ڕۆژی جەژن واتە ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت.

تەکبیر کردن چۆنە؟

بریتییە لە وتنەوەی بەردەوامی: الله أكبر الله أكبر الله أكبر، لا إله إلا الله. والله أكبر. الله أكبر. ولله الحمد.

خۆشۆردن

خۆشۆردن لە ڕۆژی جەژن سوننەتێکی دڵنیاکراوەیە و پێغەمبەری خودا لە هەموو جەژنێکدا خۆی شۆردووە و هاتۆتە مزگەوت، چونکە واباشتر و جوانترە مرۆڤ بە بۆنخۆشترین و جوانترین شێوە دەربکەوێت لەو ڕۆژەدا بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر دەبینێت، ژن و پیاو پێویستە بۆنی خۆش لە خۆیان بدەن بە مەبەستی جوانی بەخشین و بۆنخۆشی نەک بۆ مەبەستێکی دیکە، هەروەها لە هاویندا بەهۆی گەرمییەوە لە ناوەڕاستی ڕۆژ دووبارە خۆشۆردن ئەنجام بدرێت بەهۆی ئەوەی سبەینێی جەژن مرۆڤ کاردەکات و ماندوو دەبێت بەوەش ئەگەری هەیە پێویستی بە خۆنوێکردنەوە بێت.

نوێژی جەژن

زۆرینەی موسوڵمانان بەشداری نوێژی جەژن دەکەن کە خەیرێکی زۆری هەیە و دوو جار لە ساڵێک دووبارە دەبێتەوە.

نوێژی جەژن دوو ڕکاتە، لە ڕکاتی یەکەمدا حەوت جار "الله اکبر" دەکرێت و نوێژخوێن دەستی بەرزدەکاتەوە لەگەڵیدا، لە نێوان "الله اکبر"ـەکاندا دەڵێت "سبحان الله و الحمد لله و لا اله الا الله و الله اکبر".

لە ڕکاتی دووەم نوێژخوێ پێنج جار "الله اکبر" دەکات و دەستەکانی بەرزدەکاتەوە.

لەدوای ئەوە پێشنوێژ دوو وتار دەخوێنێتەوە و لە دەستپێکی هەر یەکێکیان حەوت جار الله اکبر دەکات.

حوکمی نوێژەکەش سوننەتی دووپاتکراوە، هەندێکیش دەڵێن فەرزی کیفایەیە.

قوربانی

یەکێکە لە نیشانەکانی ئیسلام کە موسوڵمانان ئاژەڵێک دەکەنە قوربانی بۆ خودای گەورە، قوربانیش لە یەکەم ڕۆژی جەژن بۆ کۆتا ڕۆژی بەردەوامە و لە هەموو مەزهەبەکان سوننەتێکی دووپاتکراوە جگە لە مەزهەبی حەنەفی کە دەڵێت فەرزە بۆ کەسێک کە پارەی هەبێت.

مەرجەکانی قوربانی کردن چین؟

  • ئەوەی نیەتی قوربانی کردنی هەیە لەسەرەتای مانگی ذي الحجة وە هەتا ئەوکاتەی قوربانیەکەی دەکات نابێت هیچ موو و نینۆکی لەخۆی بکاتەوە، وە ئەم کارە تایبەتە بە سەرۆک خێزان، بۆ خێزان و منداڵەکانی دروستە موو و نینۆکیان بکەن.
  • نیەتی ئەم عیبادەتە لە دڵدایە و دەبێت مەبەست لە قوربانیەکە تەنها ڕەزامەندی خوای گەورە بێت، تەنها لە کاتی سەربرینی ئاژەڵەکەدا دەڵێی (بسم الله - الله أکبر - اللهم تقبل منی هذا منك ولك).
  • ئەو ئاژەڵەی قوربانی پێ دەکرێت بریتیە لە وشتر - مانگا - مەڕ – بزن.
  • وشتر دەبێت پێنج ساڵی تەواو کردبێت وە مانگا دەبێت دوو ساڵی تەواو کردبێت وە بزن دەبێت یەک ساڵی تەواو کردبێت وە مەڕ دەبێت شەش مانگی تەواو کردبێت.
  • ئەم ئاژەڵە نابێت شەل و کوێر و نەخۆش و پیر و لاواز بێت.
  • کاتی سەربرینی قوربانی لەدوای نوێژی جەژنەوە دەست پێ دەکات هەتا کاتی خۆرئاوابونی چوارەمین رۆژی جەژن، بە شەویش دروستە بەڵام بە ڕۆژ باشترە.

چۆنیەتی ئەنجامدانی قوربانیکردن

  • پێویستە ئاژەڵەکە بە خێرایی سەرببڕدرێت و چەقۆیەکی زۆر تیژ بەکاربێت بۆ ئەوەی ئازاری زیادەی پێنەگات.
  • دەبێت بە جوانی مامەڵە لەگەڵ قوربانییەکە بکات و پێش ئەوە خزمەت بکرێت و خۆراک و ئاوی بەباشی پێبدرێت تا ئەو کاتەی قوربانی دەکرێت، هەروەها پێش قوربانیکردن دەبێت بە جوانی و مامەڵەی درووستەوە ببرێتە مەیدانی سەربڕین.
  • وتنی بسم الله و الله اکبر لە کاتی سەربڕینی.
  • ڕووکردنی ئاژەڵەکە بۆ قیبلە و بە جوانی وەستاندنی.

ئایا دروستە قوربانی بدەیتە کەسێک کە باوەڕی بە ئیسلام نەبێت؟

زانایان دەڵێن گەر ئەو کەسەی باوەڕی بە ئایینی ئیسلام نییە و ئایینێکی دیکەی هەیە، دراوسێیەکی بێ زیان یاخود خزمێکی بێ زیان بێت و هیچ دژایەتییەکی ئایینەکە نەکات و دوژمنی نەبێت و لە دژی نەوەستێتەوە ئەوە جائیزە و ڕێگەپێدراوە قوربانی پێ بدرێت.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : دروستە بدەیتە کافر چونکە خێری سوننەتە، دروستە بدەیت بەو کافرەی کە لەگەڵ موسلمانان دەژیت وەک ھەموو خێرەکانی تر.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت :دروستە مرۆڤ گۆشتی قوربانی بدات بە کافر بەمەرجێک ئەو کافرە لەوانە نەبێت شەڕ دژی موسلمانان بکات ، ئەگەر شەڕ بکات ھیچی پێ نادرێ.

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : کافر ئەوەی لە نێوان ئێمە و ئەو جەنگ نییە وەک مستأمن و معاھد لە قوربانی پێی دەدرێ و لە صەدەقەش.

هەڵەکانی ڕۆژی جەژن

  • خۆنەشوشتن لە ڕۆژی جەژن
  • نەپۆشینی جلوبەرگی جوان و ڕێکوپێک
  • لەبیرکردنی کەسە نزیکەکانی خێزان و خزمەکان و سەردانی کەسانی دوور و ناپێویست بە هۆکاری نیەتی دیکەوە
  • گوێنەدان بە منداڵ و لەبیرکردنیان
  • ڕێگەدان بە منداڵ بە کڕینی کەرەستەی یاری دەنگدەرکەر و بێزارکەر وەک تەقینەوە و یارییە ئاگرینەکان و بێزارکردنی خەڵکی
  • نۆجەژنە و تازەکردنی تەعزیە و یادی مردوو
  • سەردانی گۆڕستان لە یەکەمین ڕۆژ و یەکەمین ساتی جەژن
  • سەردانی خەڵکی لە کاتی پشوودان وەک نیوەڕۆ و بەیانی زوو و شەوی درەنگ
  • سەردانی خەڵکی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە

ئایا درووستە پێش نوێژی جەژن جەژنە پیرۆزە بکرێت؟

شێخ صالح الفوزان دەفەرموێت: "چۆن پیرۆزبایی شتێک دەکرێت کە هێشتا ڕووینەداوە؟" بۆیە باشتر وایە لە ڕۆژی جەژندا پیرۆزبایی بکرێت، به‌ڵام ئیمامی ئه‌حمه‌د ده‌فه‌رموێت: من ده‌ستپێشخه‌ری ناكه‌م له‌ جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌، به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ كه‌ جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌م لێده‌كه‌ن.

شیعری شاعیران لەسەر جەژنی قوربان

بەئەمری زاتی سوبحانە کە ئەمڕۆ جەژنی قوربانە
هەموو عالەم موعەتتەر بوو بە بۆی ڕێحانی جانانە
سەراسەر خامەکی ئەخزەر کە پۆشی خواروو ژوورو سەر
حەزین بوو جیهان یەکسەر بە بۆی مشکینی خوبانە
"مەزڵووم"

جەژنی کەسێک موبارەکە سەربەست و حوڕ بژی
پابەندی دەستی غەیرە نەبێت چەشنی کوڕ بژی
کوردی هەژار ئەسیری دەستی غەیری جەژنی چی؟
کەی جەژنی تۆیە بگری بڕۆ سەر بە قوڕ بژی
"کەمالی"

هەرکەسێ ڕووی تۆ دەبینێ خۆی بەقوربانت دەکا
چونکە ئەبرۆی تۆ هیـــــــلالی عیدە قوربانی دەوێ
"نالی"

کەدادی یەئسی خۆم بردە لای ئەم عارفە، تووند بو
وتی: ئاخر سبەینێ جەژنه، خوێنی تۆ لەپێ دەگرم
"مەحوی"

جانا وەرە ئەم جەژنە قـــــــوربانی سەرت بم
بۆ تیری قەزای چاوی حەسودان سوپەرت بم
"مستەفا بەگی کوردی"

جەژنت پیرۆز بێ بە دڵێکی خۆشی
شەرابی عەیشی و سەفا بنۆشی
ئیمڕۆ ڕۆژەکەی جەژنی قوربانە
ڕۆژی شادییە و دەس لە ملانە
"عارف عورفی"

زەمزەمەی تەوحید ڕای حاجیانەن
قوربانی قوربان ئەمری سوبحانەن
دارا و نەدارا مسکێن و دەروێش
هەر کەس مەکەرۆ قوربانی پەی وێش
"بێسارانی"

قوربان، قوربانەن، جەژنەن، شادییەن
دەس لە گەردەنەن ڕۆژی ئازادیــــیەن
هەی دەس بۆس وەش نیـــــــــگارانە
خەیر پا بۆس پا بۆس خاتر دارانــــەن
"مەولەوی"

دیسان وا جەژنە جەژنی قوربانە
لای موسڵمانان شادی و سەیرانە
بارانی میحنەت زۆر توند ئەبارێ
بەسەر چیا و چۆڵ خاکی کوردانە
"لوتفی"

ئەوا دووبارە قوربانە، دلم قـــــوربانی قــــوربانە
قەوارەیی ئەشکی چاوانم وەکو بارانی نیسانە
"قانع"

جەژنی قوربانە وڵات سەیرانییە
هەر بەشی من دەرد و سەرگەردانییە
وەک مەلێکی چوست و چالاکی چیا
سەردەمێ ئاسمانی شادی بوو بەجێم
"بەختیار زێوەر"

ڕۆژی جەژنە چاوەکانم مەوسیمی ئازادیە
بۆ بەلا گەردانی بالات قۆچی قوربانم وەرە
"تاهیر بەگی جاف"

ئەو جەژنەی میللەت تێیدا کەساسە
من سەرم شینەو بەرگم پەڵاسە
مەڕ سەربڕینەو قۆچی قوربانە
قوربانی ئێمە کچ و کوڕمانە
"پیرەمێرد"

عەبدێکی وەفادار و جەفاکێـشە لە هیجران
وا کەوتوە وەک صافی لەدەرگانەیی گەیلان
بەم دەردە سەرە کوشتنی لازم نیە قووربان
لەم جێژنی قــــوربانە کە قـــوربانە دلی من
"سافی"

ئەوا جەژن هات بەخـــــــــۆشی
عالەم شەڕابی سروودی نۆشی
کوردی دل سوتاو لەم ڕۆژە یادی
شەهیدی کردو ماتەمی پۆشی
"فایەق بێکەس"

جەژنی قوربان سالێ جارێ خەڵکی قــــــوربانی ئەکەن
من بۆ وەتەن ڕۆژی سەدجار، ڕوحی خۆم قوربانی ئەکەم
"ئەحمەد موختار جاف"

تازە سەییادە لەچین هاتــــووە
عیدی قـوربانە بەقوربانی دەین
"ناری"

جەژنە لای عالەم و لای من ڕۆژی ئەحزانەیە بێ تۆ
ڕاحەت و لەزەت و عەیشم زارو گـــــریانە بە بێ تۆ
"ئەخۆل"


سەرچاوەکان



4459 بینین