ڕووداوی هۆڵی خولد - 1979

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-15-15:13:00 - کۆدی بابەت: 5902
ڕووداوی هۆڵی خولد - 1979

ناوه‌ڕۆك

پاکسازی حیزبی بەعسی عێراق

پاکسازی حیزب (بە عەرەبی: تطهير حزب البعث عام 1979، بە ئینگلیزی: 1979 Ba'ath Party Purge) یاخود کارەساتی هاوڕێکان، کۆنگرەیەکی حیزبی بەعس بوو لە ساڵی ١٩٧٩ لە هۆڵی خولد لە شاری بەغداد، سەرۆکی پێشووی عێراق سەدام حسێن کۆنگرەکەی بەست لە ٢٢ـی تەمموزی ١٩٧٩ و بووە هۆی هەڵوەشانەوەی یەکێتی نێوان حیزبی بەعسی سوری و حیزبی بەعسی عێراقی.

مێژوو

لە ماوەیەکی پێشووتری ساڵی ١٩٧٩ سەرۆکی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی شۆڕشی ئەوکات ئەحمەد حەسەن بەکر دەستی کرد بە کۆمەڵێک دانووستان لەگەڵ حیزبی بەعسی سوریا بۆ یەکگرتنی هەردوو حیزب و سەرۆکی ئەوکاتی سوریا حافظ ئەسەد ببێتە جێگری سەرۆکی یەکێتی بەعس و سەدام حوسەین دوور بکەوێتەوە، بەڵام پێش ئەوە سەدام دەستی خۆی خستە پێشەوە و دەستی گرت بەسەر دەسەڵاتی حیزبدا، بەهۆی زۆرلێکردن و هەڕەشەوە ئەحمەد حەسەن بەکر لە ١٦/٧/١٩٧٩ وازی لە دەسەڵات هێنا و کشایەوە و سەرۆکایەتی عێراق و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی شۆڕش و سەرۆکایەتی حیزبی بەعس گەیشتە دەست سەدام حوسێن.

ڕووداوەکان

سەدام حسێن لە ڕۆژی ٢٢ـی تەمموز و دوای شەش ڕۆژ لە وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی، کۆنگرەیەکی بەست بۆ سەرانی حیزب لە هۆڵی خولد، دانیشتنەکەش بە ڤیدیۆ تۆمارکرا و لە تەلەفزیۆن بڵاوکرایەوە، لەوێ سەدام ڕایگەیاند کە ستوونی پێنجەمی حیزبی پەیداکردووە و کەسانێک پیلان دەگێڕن بۆ کودەتا دژی حیزب و ئامانجەکانی.

سەدام بە هاوکاری پێشکەشکاری کۆنگرە ناوی ٦٨ کەس دەخوێنێتەوە و یەک لە دوای یەک لە هۆڵەکە دەڕۆنە دەرەوە بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێن و دواتر ٢٢ کەسیان لەسێدارەدران دوای دادگایی کردنیان.

ئەنجام

بە دەستپێکی ڕۆژی ١ـی ئابی ١٩٧٩ نزیک لە ٤٥٠ ئەندامی باڵای حیزب لەسێدارەدران، لە هەموو شوێنێکی وڵاتیش ئەم ڕووداوانە بڵاوکرانەوە بۆ ئەوەی خەڵکی بیبینن.

کریستۆڤەر هیچنز دەڵێت: "ئەم پاکسازییەی سەدام ئەو ساتەبوو کە ئیتر سەدام بووە تاکە سەرۆکی عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ". 


سەرچاوەکان



1199 بینین