ناوهڕۆك
ناساندنی بەشی ئەندازیاری نەوت
ئەندازیاری نەوت بریتییە لەو بەشەی ئەندازیاریی کە گرینگی بە دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و گازە سروشتییەکان دەدات، ئەرکی سەرەکی ئەم بەشە دەستەبەرکردنی ڕێگا و شێوازی جیاواز و گونجاو بۆ بەجێهێنانی ئەم کارە.
وزە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ژیانی ڕۆژانەمان، لە هەموو پێداویستیەکانی ڕۆژانە وەكوو موبایل و سەیارە و ماڵەکانمان بوونی هەیە، ئەندازیارانی وزە و نەوت ئامانجیان ئەوەیە بەکارهێنانی وزە بەشێوازێکی گونجاو و تەندروست بێت لە ژیانماندا.
ئەندازیاری نەوت لە گرینگترین بەشە ئەندازیارییەکانە، زۆر پەیوەستە و پەیوەندی هەیە بە بەشەکانی وەکوو زانستی زەوی geology، ئەندازیاری میکانیك Mechanical Engineering، ئەندازیاری شارستانی Civil Engineering، ئەندازیاری کیمیا Chemical Engineering.
سیفات و تایبەتمەندیی ئەندازیاری نەوتی سەرکەوتوو
مەرجە زانستییەکان
- لێهاتوویی لە بیرکاری و ژماردن.
 - هەبوونی ئاستێکی باش لە وانە زانستییەکان وەکوو جیۆلۆجی و فیزیا و کیمیا.
 - هەبوونی ئاستێکی باش لە زمانی ئینگلیزیدا، چونکە ئەم بەشە زاراوەی ئینگلیزی زۆری تێدایە و خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە.
 - لێهاتووی لە STEAM بە واتای زانست و تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری و بیرکاری.
 
توانایی و لێهاتووە کردارەکییەکان
- لێهاتوو بێت لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت.
 - بە توانا بێت لە نەخشەسازی.
 - لێهاتوویی هەبێت لە پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر .
 - لێهاتوویی هەبێت لە کاروباری ئۆفیس.
 - توانای کارکردنی بە کۆمەڵی هەبێت.
 
تایبەتمەندیی کەسایەتی
- توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەبێت.
 - توانای شیکارکردن و لێکۆڵینەوەی هەبێت.
 - لێهاتوو بێت لە بابەتە تەکنیکییەکان.
 - سەرپەرشتی کردنی شوێنی دەرهێنانی نەوت.
 - دیاریکردن و هەڵبژاردەی کەرەستەی گونجاو.
 
بەشە پسپۆرییەکانی ئەندازیاری نەوت
ئەندازیاری نەوت لە ماوەی خوێندندا چوار پسپۆڕی سەرەکی گرنگ دەخوێنێت، بەشێوازی وانەیی تیۆری و کردارەکی لە تاقیگەکان و سەردانی کردنی شوێنی کار و کێڵگە نەوتییەکان.
ئەندازیاریی هەڵکۆڵین Drilling Engineering
لەم پسپۆرییەدا ئەندازیاری نەوت فێری چۆنیەتی شێوازی هەڵکۆڵین دەبێت، هەروەها دانانی پلانی گونجاو بۆ تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە لە سروشتی بەرد و خاك و خۆڵی شوێنی دیاریکراو کە نەوت و گازی سروشتی تێدایە پێش هەڵکۆڵین.
ئەندازیاریی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت Petroleum Production Engineering
لەدوای دیاریکردنی شوێن و هەڵکۆڵین، ئەندازیار دەستدەکات بە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت بە بڕێکی زۆر و بەکەمترین تێچوو، هەروەها ئەندازیار بەرپرسی گواستنەوە و دابینکردنی ئەو بابەتانەیە کە بەرهەمی هێناوە، دەبێت بیگوازێتەوە بۆ هێڵی بۆرییەکانی کۆمپانیاکان و بریکارەکان.
ئەندازیاریی کۆگا سوتەمەنییەکان Stock Engineering
لەم بەشەدا ئەندازیار هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کۆمەڵێك کاری گرنگ وەکوو شیکارکردنی سیستەمی تاشە بەردەکان، دیزاین کردنی چەند نموونەیەكی ئاوەڕۆی بیرە نەوتییەکان بە جۆر و قەبارەی جیاواز، ئاگادار و پێشبینی کاری بیرە نەوتییەکان و دڵنیابوونەوە لە بڕی نەوتی یەدەگ.
ئەندازیاری هاوشێوەیی و ڕواڵەت Simulation Engineering
لەم بەشەدا پێویستە ئەندازیار پڕۆگرامێکی کۆمپیوتەری ئامادە بکات کە بە وردی هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە نەوت و بیرە نەوتییەکان لەخۆبگرێت وەکوو قوڵی، ڕووبەر، بڕی بەرهەمهێنانی داهاتوو، بەو شێوەیە دەبێت هەموو زانیارییە گرنگەکان بەردەست بن.
وانە سەرەکییەکانی بەشی ئەندازیاریی نەوت
| کوردی | ئینگلیزی | 
|---|---|
| زمانی ئینگلیزی | English language | 
| بیرکاری | Mathematics | 
| کیمیای ئەندازیاری | Engineering Chemistry | 
| ميكانيك | Engineering Mechanics | 
| پرۆگرامسازی | Computer Programming | 
| بابەتە ژینگەییەکان | Environmental Studies | 
| ئەندازیاری کیمیای تاقیگەیی (کردارەکی) | Engineering/Applied Chemistry Laborator | 
| کەرەستەکانی ئەندازیاری میکانیکی | Elements of Mechanical Engineering | 
| ئەندازیاری فيزيای تاقیگەیی (کردارەکی) | Engineering/Applied Physics Laboratory | 
| گۆڕاوە ئاڵۆزەکان | Complex Variables | 
| ئەندازیاری کارەبا و ئەلیکترۆنییەکان | Basic Electrical and Electronics Engineering | 
| جيۆلۆجی | General Geology | 
| کردارە ژمێریاریە کیمیاوییەکان | Chemical Process Calculations | 
| تاقیگەی جيولوجی و ڕووپێوی | Geology and Surveying Lab | 
| بەڕێوەبردنی ئابووری و شیکاری دارایی | Managerial Economics and Financial Analysis | 
| ئامارەکان | Probability and Statistics | 
| جيۆلۆجی نەوت | Petroleum Geology | 
| دۆزینەوەی نەوت | Petroleum Exploration | 
| چارەسەری گواستنەوەی گەرمی | Process Heat Transfer | 
| زانستی بەڕێوەبردن | Management Science | 
| تەکنەلۆژیای هەڵکۆڵین | Drilling Technology | 
| ئەندازیاری بەرهەمهێنانی نەوت | Petroleum Production Engineering | 
| ئەندازیاری کۆگاکانی نەوت | Petroleum Reservoir Engineering | 
| چارەسەریی نەوت و گاز | Oil and Gas Processing | 
| تەکنیکی بیرە ئاسۆییەکان | Horizontal Well Technology | 
| ئەندازیاری دەریایی | Offshore Engineering | 
بە هۆی فراوانی و ووردی ئەم بەشە ئەمانە و چەندان بابەتی لاوەکی تریش هەن کە پێویستە ئەندازیاری نەوت بیخوێنن لە زانکۆکاندا، خوێندن لەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە و بۆ ماوەی چوار ساڵە وانەکانی بە زۆری پشتدەبەستن بە بوارە زانستییەکان.
لایەنە ئەرێنییەکانی خوێندنی ئەندازیاری نەوت
- داهات و موچەیەکی بەرز.
 - بوارێکی فراوانە ئەندازیاری دەرچوو بۆی هەیە لە چەندان بوار کاربکات و داهاتوویەکی باشی هەیە.
 - بوارێکی دەگمەنە و داواکاری زۆری لەسەرە لە هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان.
 
لایەنە نەرێنییەکانی ئەندازیاری نەوت
- خوێندن لەم بەشە بەڕادەیەکی زۆر قورس و ئاڵۆزە.
 - لە هەندێك کات ترسناکە و دەبێت ئەندازیار ئاگادار بێت بەتایبەت نزیك ئەو بیرە نەوتییانەی کە مەترسی تەقینەوەیان لەسەرە.
 - کاتی کارکردن زۆرە دەگاتە 60 کاژێر لە هەفتەیەکدا .
 - دانیشتنی بەردەوام و کارکردنی زۆر دەبێتە هۆی ماندووبوون و بێزاری.
 - ئەگەر کەسێك بە توانا و لێهاتوو نەبیت لە بابەتە زانستییەکان ئەم بەشە گونجاو نییە بۆت.
 
گرنگترین ئەو زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت:
- زانکۆی کۆیە
 - زانکۆی سۆران
 - زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی