جیاوازی نێوان فەرزی عەین و کیفایە

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-17-02:45:00 - کۆدی بابەت: 5927
جیاوازی نێوان فەرزی عەین و کیفایە

ناوه‌ڕۆك

جۆرەکانی حوکمە شەرعییەکان

حومکە شەرعییەکان لە دینی ئیسلامدا کە خودای گەورە بۆ بەندەکانی داناوە یا بە شێوەی داواکردنە یا بە شێوەی هەڵبژاردنە, پێنج جۆر لە حوکمی شەرعی هەیە لە دینی ئیسلامدا, کە ئەوانیش:- (فەرز, سوننەت, موباح, مەکروهـ, حەڕام).

کەواتە گەر خودای گەورە داوای کرد کە شتێک ئەنجام بدەیت کە ئەنجامدانی پێویستە لەسەرت ئەوە پێی دەوترێت فەرز, گەر خودای گەورە داوای کرد کە شتێک ئەنجام بدەیت کە ئەنجامدانی پێویست نیە لەسەرت ئەوە پێی دەوترێت سوننەت, گەر خودای گەورە داوای کرد کە پێویستە شتێک ئەنجام نەدەیت ئەوە پێی دەوترێت حەڕام, وە گەر خودای گەورە داوای کرد کە شتێک ئەنجام نەدەیت, ئەنجام نەدانی ئەو شتە پێویست (فەرز) نەبێت ئەوە پێی دەوترێت مەکروهـ، ئەگەر فەرمانەکە بە شێوەی هەڵبژاردن بوو و سەرپشک کرابوویت لە کردن یا نەکردنی ئەوە پێی دەوترێت موباح.

جیاوازی نێوان فەرزی عەین و کیفایە

پێناسەی فەرز: فەرز لە زمانەوانیدا واتە واجبکردنی شتێک و پەیوەست بوون پێوەیەوە, هەروەها بە مانای قەزا و قەدەریش دێت, وە بەوە دەوترێت کە خودای گەورە دایناوە لەسەرمان کە جێبەجێی بکەین, وە لە ئاین ـدا بە مانای ئەو ئەرکانە دێت کە خودای گەورە لەسەرمانی پێویست کردووە و فەرزی کردووە لەسەر موسڵمانان کە جێبەجێی بکەن.(2) کە ئەم ئەرکانە یا لە قورئانی پیرۆزدا یا لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ ئـاماژەی پێکراوە, وە هەر کەس ئەم ئەرکانە جێبەجێ بکات ئەوا پاداشت وەردەگرێت لەسەری, وە هەر کەسیش پاپەند نەبێت پێیانەوە و جێبەجێیان نەکات ئەوا تووشی سزا دەبێتەوە و گوناهبار دەبێت.

پێناسەی فەرزی عەین و فەرزی کیفایە

فەرزی عەین

ئەو فەرزەیە کە پێویستە لەسەر هەموو تاکێکی موسڵمان جێبەجێی بکات بە بێ جیاوازی, نابێت هەندێک لە موسڵمانان بیکەن و هەندێکی تریان نەیکەن, بەڵکو ئەم ئەرکە لەسەر هەموویان پێویستە.

فەرزی کیفایە

ئەو فەرزەیە کە پێویست ناکات کە هەموو موسڵمانان جێبەجێی بکەن، ئەوەندە بەسە کە کۆمەڵێک لە موسڵمانان جێبەجێی بکەن, بەو شێوە فەرزەکە لەسەر ئەوانی تریش دەکەوێت، بەڵام گەر هاتوو هیچ کەسێک لە موسڵمانان ئەم فەرزەی جێبەجێ نەکرد ئەوا هەموویان گوناهبار دەبن, وە بۆیە ناودەبرێت فەرزی کیفایە, واتە ئەوەندە کیفایەتە کە بەشێک لە موسڵمانان جێبەجێی بکەن.

جیاوازی نێوان فەرزی عەین و کیفایە

لە ڕووی حوکمەوە هەردووکیان وەک یەک وان, واتە فەرزە و پێویستە جێبەجێ بکرێت, بەڵام فەرزی عەین لەسەر هەموو تاکێک پێویستە کە ئەنجامی بدات, واتە گەر کەسێکی تر ئەم ئەرکە بەجێ بێنێت ئەوە ئەم ئەرکە لەسەر کەسی یەکەم لاناچێت تا ئەویش جێبەجێی نەکات, وە گەر جێبەجێی نەکرد گوناهبار دەبێت لەسەری, وە هەرگیز فەرزی عەین نابێت بە فەرزی کیفایە, بۆ نموونە نوێژ فەرزە لەسەر هەموو تاکێکی موسڵمان, نابێت کە هەندێک نوێژ ئەنجام بدەن و هەندێکی تر ئەنجامی نەدەن, بەڵام دەکرێت لە هەندێک حاڵەتدا کە فەرزی کیفایە ببێت بە فەرزی عەین, وەک فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگری کردن لە خراپە, بۆ نموونە گەر کاتێک موسڵمانێکت بینی کە یەکێک کاری خراپ و ناباش ئەنجام دەدات و بێجگە ئەم کەسی تر لەو شوێنەدا نەبوو, ئەوا پێویستە کە دڵسۆزی بۆ ئەو کەسە بنوێنێت و ئامۆژگاری بکات کە واز لەو کارە خراپ و ناباشە بهێنێت, بەم شێوە فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگری کردن لە خراپە  بوویە فەرزی عەین کە لە بنەڕەتدا خۆی فەرزی کیفایەیە.

بەڵام فەرزی کیفایە ئەو فەرزەیە گەر کۆمەڵێک لە موسڵمانان هەڵبستن بە ئەنجامدانی ئەوە لەسەر ئەوانی تریش دەکەوێت, بۆ نموونە نوێژی مردوو, کاتێک کە کەسێک دەمرێت شۆردن و نوێژ کردن و کفن و دفن کردنی واجبە جێبەجێ بکرێت, هەر بۆیە گەر کۆمەڵێک هەستن بە شۆردنی مردووەکە و نوێژ کردن لەسەری و کفن و دفنی بکەن ئەوە ئەم فەرزە لەسەر هەموو موسڵمانانی ئەو شوێنە لادەچێت, بەڵام گەر هیچ کەسێک هەڵنەستێت بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی سەرەوە بۆ مردووەکە ئەوە تێکڕای موسڵمانانی ئەو شوێنە گوناهبار دەبن.

نموونە بۆ فەرزی عەین و کیفایە

فەرزی عەین

  • نوێژکردن.
  • ڕۆژووگرتن.
  • زەکاتدان.
  • حەجکردن.
  • پاپەندبوون بە بەڵێن و پەیمانەوە.
  • پاپەندبوون بە ڕەوشتە جوانەکان.
  • چاکبوون لەگەڵ دایک و باوک.
  • گەیاندنی پەیوەندیەکان.

نموونە لەسەر فەرزی کیفایە

  • فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگری کردن لە خراپە.
  • نوێژی مردوو.
  • تێکۆشان لە پێناو خودای گەورە.
  • بانگەواز کردن بۆ دینی خودای گەورە و بڵاوکردنەوەی ئیسلام بە هەموو زەویدا.
  • وەڵامدانەوەی سڵاو, کاتێک کە یەکێک دەچێتە نێو کۆمەڵێک موسڵمان و سڵاو دەکات بەو شێوەی کە ئاینی پیرۆزی ئیسلام فێری کردووین, ئەوە پێویستە کە یەکێک لەو کۆمەڵە موسڵمانە وەڵامی سڵاوەکەی بداتەوە.


سەرچاوەکان



1951 بینین