پاوەند

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-18-01:33:00 - کۆدی بابەت: 5938
پاوەند

ناوه‌ڕۆك

دروای پاوەند

پاوەندی ئیستەرلینی (الجنيە الإسترليني - Pound Sterling) هێماکەی بریتییە لە (£) و بە کورتی پاوەندی پێ دەوترێت، پاوەند دراوی فەرمییە لە شانشینی یەکگرتوو و ئەو شوێنانەی سەر بە وڵاتەکەن وەک دورگەی مان و دورگەکانی کەناڵی ئینگلیزی و هەرێمەکانی پشت زەریا بەڕیتانییەکان لە جۆرجیای باشوورەوە و دورگەکانی ساندویچی باشووری، هەروەها کەرتە بەڕیتانییەکەی کیشوەری باشوور.

یەک پاوەندی بەڕیتانی دابەش دەکرێت بۆ سەد پنس (Pence) و بە تاک پێیان دەوترێت پێنی (Penny)، پاوەند سێهەم گەورەترین یەدەگی دراوە لە جیهاندا لە دوای دۆلار و یۆرۆوە، هەروەها چوارەم مامەڵەپێکراوترین دراویشە لە بازاڕی دراوە بیانییەکاندا (فۆڕێکس) لە دوای دۆلار و یۆرۆ و یەنی یابانییەوە.

مێژووی ناوی پاوەند

بە دیاریکراوی نازانرێت بنەچەی وشەی پاوەندی ئیستەرلینی لە چییەوە هاتووە، هەندیک دەڵێن ناوی ئیستەرلینی (Sterling) دەگەڕێتەوە بۆ سەدە ئەنجلۆسەکسۆنییەکان کاتێک بە دراو دەوترا ستەرلین Sterlings و دراوەکان لە زیو دروست دەکران و کێشی هەر 240 دانەیەک لەم ستەرلینانە دەگەیشتە یەک پاوەند، لە مامەڵە زۆر گەورەکاندا ڕێژەی پارەکە بە پاوەندە ستەرلین هەژمار دەکرا ''Pounds of sterlings''.

هەندێک سەرچاوەی دیکە وەک فەرهەنگی ئۆکسفۆرد دەڵێن کە ستێرلینگ جۆرێک دراوی لە زیوین بووە کە لە بەڕیتانیا لە سەدەی نۆرماندا لە ساڵەکانی 1300 بەکارهاتووە.

پاوەند و بریتن وودز

بەڕیتانیا لە ساڵی 1940ـدا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێککەوتن کە پاوەند ببەسترێتەوە بە دۆلارەوە بە بەهای 1£ = 4.03$، ئەم ڕێژەیە لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا بەردەوام بوو و بوو بە بەشێک لە سیستمی بریتن وودز کە لە قۆناغی دوای جەنگ بەردەوام بوو.

بەڵام بەهۆی ئەو فشارە ئابوورییە بەردەوامەی کە هەبوو حکومەتی بەڕیتانیا هەستا بە کەمکردنەوەی بەهای دراوەکەی بە ڕێژەی 30.5٪ و یەک پاوەندی کرد بە 2.80$ لە 19-9-1949ـدا.

لە ناوەڕاستی شەستەکاندا، دووبارە پاوەند ڕووبەڕووی فشاری نوێ بوویەوە بەهۆی ئەوەی کە دەوترا بەهای گۆڕینەوەی بەرامبەر دۆلار زۆر زیادە، لە هاوینی 1966ـدا و لەگەڵ داڕووخانی بەهای پاوەند لە بازاڕی دراوەکاندا حکومەت چاودێریی لەسەر ئاڵوگۆڕی دراو زیاد کرد، نموونەی ئەو ڕێکارانە وەک ئەوەی کە بڕیاردرابوو گەشتیاران نەتوانن زیاد لە 50£ لەگەڵ خۆیان بەرنە دەرەوەی وڵاتەوە، بەڵام لە ساڵی 1979 ئەم توندگیرییە لابرا، لە کۆتاییدا بەهای پاوەند بە ڕێژەی 14.3٪ دابەزی کە بووە 2.40$ بۆ هەر پاوەندێک لە 18-11-1967ـدا.

پاوەند دوای دراوی یەکگرتووی ئەوروپا

لە 8-10-1990 حکومەتی بەڕیتانیا بڕیاریدا بچێتە نێو میکانیزمی بەهای گۆڕینەوەی ئەوروپی (ERM)، تیایدا پاوەند بە 2.95 مارکی ئەڵمانی بەهای بۆ دانرا، بەڵام لە دواییدا حکومەت ناچاربوو کە لە سیستمەکە بکشێتەوە دوای قەیرانی ''چوارشەمەی ڕەش'' (16-9-1992)، لەبەر ئەوەی ئابووریی بەڕیتانیا ئیدی بەرگەی ئەو بەهایەی نەدەگرت کە بۆی دانرابوو، لەو قەیران و دۆخەدا جۆرج سۆروس کە لە بواری ئاڵوگۆڕی پشکەکاندا کاری دەکرد توانی بەهۆی ئاڵوگۆڕی ئاشکرای پاوەندەوە بە بەهای 1 ملیار دۆلار قازانج بکات.

چوارشەمەی ڕەش بووە هۆی ئەوەی نرخەکانی سوود لە 10ـەوە بۆ 15٪ کە ئەم کارە لە لایەن حکومەتەوە کرا تاوەکو پاوەند بەهاکەی نەچێتە ژێر ئاستی ئەو بەهایەی لە لایەن (ERM)ـەوە بۆی دانرابوو، بەڵام بەهای ئاڵوگۆڕ دابەزی هەتا ئاستی 2.20 مارک.


سەرچاوەکان



2165 بینین