یەکەم شت کە خودای گەورە درووستی کرد چیبوو؟

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-18-16:37:00 - کۆدی بابەت: 5951
یەکەم شت کە خودای گەورە درووستی کرد چیبوو؟

ناوه‌ڕۆك

توانا و دەسەڵاتی خودای گەورە

خودای گەورە بە شێوەیەکی زۆر ناوازە و داهێنانکارە گەردوونی دروست کردووە, کە نیشانەی دەسەڵات و بەهێزی خودای گەورەیە, وە بەهیچ جۆرێک هیچ کەسێک لە مرۆڤ و جنۆکە ناتوانێت هاوشێوەی ئەوە بهێنن, خودای گەورە ئاسمانەکان و زەوی و مرۆڤ و جنۆکە و گیانلەبەران و هەموو دروستکراوەکانی تری لە نەبوونەوە هێناوەتە بوون, وە خودای گەورە پەیوەندیەکی لە نێوان هەموو دروستکراوەکانیدا دروست کردووە کە دەیانبەسێت پێکەوە بۆ بەدەستهێنان و گەشتن بە ئامانج لە دروستکردنیان, هەموو شتێک کە خودای گەورە بەدیهێناوە و هێناویەتە بوون سەرەتایەک و کۆتاییەکی هەیە, بە تەنها خودای گەورە هەمیشەییە و دەمێنێتەوە, پەرستنی خودای گەورە ئامانجی سەرەکییە لە بەدیهێنانی دروستکراوەکاندا, وە ڕۆژی دوایی هەموو کەسێک ئەوەی شایەنیەتی وەری دەگرێت و پاداشتی دەدرێتەوە.

ئەگەر مرۆڤی موسڵمان بە جوانی و بە وردی بیربکاتەوە لە دروستکراوەکانی خودای گەورە ئەوە زۆر شتی بێوێنە و سەرسوڕهێنەری بۆ دەردەکەوێت کە نیشانەی دەسەڵات و بەهێزی و گەورەیی خودای گەورەیە, وە هەر شتێک کە دروستکراوە بێگوومان سوودی خۆی هەیە, هەرگیز ناتوانین دروستکراوەکانی خودای گەورە بژمیرێن.

یەکەم شت کە خودای گەورە دروستی کردووە

زانایان ڕای جیایان هەیە دەربارەی ئەوەی کە ئاخۆ یەکە شت چیبێت کە خودای گەورە دروستی کردووە, هەر بۆیە چەند ڕایەکی جیاواز هەیە لەوانە:-

ڕای یەکەم

ڕای ئیبن جەریر و پێشەوا طەبەری و ئیبن جەوزی ڕایان وایە کە (قەڵەم) یەکەم شتە کە خودای گەورە دروستی کردووە, لە پێغەمبەر ﷺـەوە گێڕدراوەتەوە کە فەرموویەتی: خودای گەورە یەکەم شت کە دروستی کردووە قەڵەم بووە, پێی فەرمووە بنووسە, قەڵەم وتوویەتی: چی بنووسم پەروەردگارم, خودای گەورە پێی فەرمووە قەدەر و هەرچییەک دەبێت بینووسە. (رواه الألباني، في صحيح الترمذي، عن عبادة بن الصامت)

ڕای دووەم

ڕآی دەووەم دەڵێت کە عەرش یەکەم شتە کە خودای گەورە دروستی کردبێت, کە ئەمەش ڕای ئیبن تەیمیە و ئیبن قەیم و ئیبن عەبباسە. لە صەحیحی موسلیمدا هاتووە کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: خودای گەورە تەقدیراتی دروستکراوەکانی نوسیوە پێش ئەوەی کە زەوی و ئاسمانەکان دروست بکات بە ماوەی پەنجا هەزار ساڵ وە فەرموویەتی: عەرشی خودای گەورە لەسەر ئاوە.

ڕای سێیەم

ڕای سێیەم دەڵێت کە ئاو یەکەم شتە کە خودای گەورە دروستی کردبێت، کە ئەمەش ڕای ئیبن مەسعود بووە (خودای گەورە لێی ڕازی بێت), وە بەدرەدین عونەینی بە ڕاستی داناوە, ئەوانەی کە ئەم ڕایە پەسەند دەکەن ئەوە بە بەڵگە دەهێننەوە کە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: (وجعلنا من الماء کل شیء حی)(الأنبیاء: 30) واتە: لە ئاو هەموو شتێکی زیندوومان دروست کردووە, هەروەها هاتووە کە ئەبو هورەیرە (خودای گەورە لێی ڕازی بێت) پرسیاری لە پێغەمبەر ﷺ کردووە لەسەر دروستکراوەکان, پێغەمبەر ﷺ ـیش پێی فەرمووە: هەموو شتێک لە ئاو دروست کراوە, واتە بنچینەی ئەو ماددەیەی کە خودای گەورە دروستکراوەکانی لێ دروست کردووە ئاوە, بەڵگەی ئەوەیە کە ئاو پێش دروستکراوەکان دروست بووە, هەروها ئەوانەی ئەم ڕایە پەسەند دەکەن ئەو فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە کە باس لەوە دەکات عەرشی خودای گەورە لەسەر ئاوە, دەڵێن ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی عەرش و ئاو یەکەم شتن کە خودای گەورە دروستی کردوون.

پاش ئەوەی زانیمان ئەم سێ شتەی سەرەوە ڕاجیایی هەیە لەسەر ئەوەی کامیان یەکەم شت بووە کە خودای گەورە دروستی کردووە, پاش ئەوانە خودای گەورە ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەی لە نێویاندایە دروستی کردووە, خودای گەورە ئاسمانەکان و زەوی لە شەش ڕۆژدا دروست کردووە, وە شاخەکانی دروست کردووە بۆ ئەوەی هاوسەنگ بێت لەگەڵ کێشی زەویدا, وە ئاسمانەکانی بێ پایە دروست کردووە, وە خۆر و مانگ و ئەستێرە و هەسارەکانی دروست کردووە, پاشان جنۆکەکان و ئەو هۆزە خراپەکارانەی کە خراپەیان لە زەویدا نابووەتەوە دروستی کردوون, پاشان خودای گەورە باوە گەورەمان پێغەمبەر ئادەم ـی (سەلامی خودای گەورەی لەسەربێت) دروست کردووە, پاشان ڕۆحی بە بەردا کردووە, وە فەرمانی کرد بە فریشتەکان و ئیبلیس کە کڕنووش بۆ ئادەم ببەن, ئەوە بوو کە فریشتەکان کڕنووشیان برد, بەڵام ئیبلیس کە یەکێک بوو لە جنۆکەکان کڕنووشی نەبرد, وە خودای گەورە ئیبلیسی لە ڕەحمی خۆی دەرکرد, پاشان ئادەم لە بەهەشتدا هەستی بە تەنیایی دەکرد, بۆیە خودای گەورە حەوای لە پەراسووی ئادەم دروست کرد, وە ناویش نرا حەوا چونکە لە شتێکی زیندوو (حی)ـەوە دروست بوو, پاشان ئەوە بوو شەیتان ئادەم و حەوای فریودا, ئەوانیش خرانە سەر زەوی، پاش ئەوەی کە ئادەم و حەوا (سەلامی خودایان لەسەربێت) هاتنە سەر زەوی, چیرۆکی ژیان و زۆربوون دەستی پێکرد, خودای گەورە منداڵی پێ بەخشین, بۆ ئەوەی ژیان دەست پێبکات و بەردەوام بێت تا گەیشتووە بەم ڕۆژەی ئێستامان.


سەرچاوەکان



3481 بینین