ناپلیۆن پۆناپارت

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-08-30-15:26:00 - کۆدی بابەت: 5961
ناپلیۆن پۆناپارت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ناپلیۆن بۆناپارت (بە عەرەبی: ناپلیون بونابارت، بە ئینگلیزی: Napoleon Bonaparte) ناپلیۆن سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی فەڕەنسی و ناوداری مێژووە. ئیمپڕاتۆری فەڕەنسا بووە لە نێوان ساڵانی ١٨٠٣-١٨١٥. ناپلیۆن بە یەکێک لە بڵاوکەرەوەکانی پەیامی شۆڕشی فەڕەنسا دادەنرێت کە کاریگەری شۆڕشی فەڕەنسا و پەیامەکەی گەیاندە هەموو ئەورووپا و بەشێکی ئاسیا، کە هەموو ئەو شۆڕش و چالاکییە سەربازیانەی لە ساڵانی دواتر ئەو وڵاتانەی گرتەوە هۆکارەکەیان شۆڕشی فەڕەنسا بوو. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواو ناپلیۆن شاڕڵ پۆناپارت
بەرواری لە دایکبوون ١٥ـی ئابی ١٧٦٩ 
شوێنی لە دایکبوون شاری ئاجاکسیۆ، دوورگەی کۆرسیکا
بەرواری مردن ٥ـی ئایاری ١٨٢١ 
شوێنی مردن لۆنگ وود، دوورگەی سەنت هێلینا
تەمەن ٥١ ساڵ
هاوژین جۆزفین بۆناپارت ١٧٩٦-١٨١٠، مێری لویس ١٨١٠-١٨١٤
برا لویس، جۆزێف

منداڵی و خوێندن

ناپلیۆن دەڵێت "بەهۆی ئەوەی لە منداڵیدا بارودۆخی سیاسی دوورگەکەیان ناهەموار بووە، کەسێک بووە نەچووەتە ژێر بار و کاریگەری هیچ کەسێکەوە، شەڕەنگێز و ئاشوبچی بووە. هەمیشە لەگەڵ جۆزێفی برایدا شەڕی دەکرد و برینداری دەکرد" هەروەها دەڵێت "لە شەڕکردنمدا لەگەڵ جۆزێف هەمیشە من براوە بووم چونکە پێش ئەوەی ئەو خۆی بگەیەنێتە لای دایکمان من بە گریانەوە زووتر دەگەیشتم و دایکم هێندەی تری لێدەدا". 

ساڵی ١٧٧٩ شاڕڵ هەردوو کوڕەکەی (جۆزێف و ناپلیۆن) ناردە فەڕەنسا تا لە قوتابخانەی ئوتن بخوێنن لە هەمان ساڵدا بە هۆی کێشە دروستکردنی زۆر ناپلیۆن گواسترایەوە بۆ ئەکادیمیای "بری بن"ـی سەربازی کە کەوتبووە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا. ناپلیۆن لە ئەکادیمیای بری بنیش هەر خوێندکارێکی لاسار و ئاژاوەچی بوو چونکە کەوتبووە ناو پەژارە و خەمۆکی. زوو توڕە دەبوو و درەنگ ئارام دەبووەوە. بەهۆی ئەوەی لە بەرزی باڵادا لە خوێندکارەکانی تر باڵای کورتتر بوو بۆیە گاڵتەی پێدەکرا ئەویش هەموو جارێک دەچوو خواردنی خوێندکارەکانی لە چێشتخانە دەڕشت.
ناپلیۆن وەک دەگێڕێتەوە " لە خوێندندا زیرەک بوو، مێژوو و فەلسەفەی یۆنان و ڕۆم تەواو شارەزا بوو، حەزی زۆری بە بیرکاری و جوگرافیای وڵاتان هەبوو". هەروەها دەڵێت "مامۆستاکانم ئاستی زانیاریان باش نەبوو بۆیە ناچار کتێبم دەخوێندەوە بۆ ئەوەی شارەزابم لە بابەتەکان". 

ناپلیۆن کاتێک لەگەڵ هاوڕێ هاونیشتمانییەکانیدا دەدوا هەمووانی توشی سەرسوڕمان دەکرد کە دەیوت "لە ڕوانگەی منەوە فەڕەنسا داگیرکەرن و دەستیان گرتووە بەسەر نیشتماندا و کولتووری فەڕەنسی زاڵ دەکەن بە جۆرێک تا چەند ساڵێکی تر دابونەریتی کۆرسیکی نامێنێت لە ئاجاکسیۆدا". 

ناپلیۆن لە دۆخێکی دژواردا بوو چونکە لە پشووی هاوینانیشدا نەیدەتوانی بگەڕێتەوە نیشتمان و نەیدەتوانی نامەش بنێرێت بۆ خێزانەکەی چونکە نامە ناردن پێویستی بە پارە هەبوو ئەویش پارەی نەبوو. 

ساڵی ١٧٨٤ قۆناغی یەکەمی خوێندنی تەواو کرد و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا چووە کۆلێژی سەربازی پاریس بۆ پەروەردەیی ئەفسەری. لە کۆلێژ مامۆستای پلە یەک وانەیان دەوتەوە یەکێک لەوانە مامۆستا "مونپر" ١٧٤٦-١٨١٨ بیرکاری زانێکی فەڕەنسی و داهێنەری ئەندازەی دسکریپتو و دامەزرێنەری قوتابخانەی پۆلیتەکنیک بوو. هەروەها مامۆستا "لاپلسی" بیرمەند و پسپۆڕی ئاکارناسی بوو. 

ناپلیۆن لە کۆلێژ بێ گرفت و بە جۆش و خرۆشی وانەی دەخوێند و ڕۆژانە سەردانی کتێبخانەی دەکرد و کتێبی زیاتری دەخوێندەوە، بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٧٨٤ تووشی داڕوخانێکی دەروونی هات کاتێک هەواڵی پێگەیشت شاڕڵ بۆناپارتی باوکی بە نەخۆشی شێرپەنجەی گەدە کۆچی دوایی کرد. بنەماڵەکەیان بێ بەخێوکار مایەوە. ناپلیۆن تەمەنی ١٦ ساڵ بوو کاتێک ئەرکی چاودێریکردنی دایک و براکانی و خوشکەکانی گرتە ئەستۆ. دوای ساڵێک خوێندن بە پلەی سەرهەنگ چووە نێو سوپای فەڕەنسا و بووە لێپرسراوی پایەگای سەربازی شاری لانس.

ناپلیۆن بە تەنها لەو شارەدا دەژیا و موچەکەی وەریدەگرت ڕاستەوخۆ دەینارد بۆ دایکی تا بژێوی خۆیانی پێ دابین بکەن. بۆ خۆشی ژوورێکی لە نهۆمی سەرەوەی خانوویەک بە کرێ گرتبوو کە شوێنی ژیان کردن نەبوو هێندە کۆن و ڕزیو بوو. بەڵام ناپلیۆن ڕازی بوو بەم ژیانە لەگەڵ ئەوەشدا دووکانێکی کتێب فرۆشی هەبوو لە نزیک خانووەکەی لێی دەژیا، کاتەکانی دوای کارکردنی بە کتێب خوێندنەوە بەسەر دەبرد ناپلیۆن کتێبەکانی بە کرێ دەبرد و دوای تەواو کردنیان دەیگەڕاندنەوە فرۆشیارەکەش کە ئەم لاوەی دەبینی تامەزرۆی خوێندنەوەی کتێبە هەوڵی دەدا کتێبی باشتری بۆ بەردەست بخات.

ناپلیۆن لەو ڕۆژگارەدا کتێبەکانی هەر یەک له ڤۆڵتێر، جان جاک ڕۆسۆ، دالامپر، مابلی، رینال دەخوێندەوە. نووسینەکانی ئەو سەردەمە لە بارەی ڕووخانی "حکوومەتە ئەرستۆکراتییەکان و بورژوازییەکان" بوون ناپلیۆن گەرچی ئەم کتێبانەی دەخوێندەوە بەڵام لەو باوەڕەدا بوو ژیان لە فەڕەنسا بەو ئاسانییەی ئەوان باسیان دەکرد ناگۆڕێت. 

شۆڕشی فەڕەنسا

شۆڕشی فەڕەنسا بە تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو بەڵکو هزری شۆڕشەکە کاریگەری لەسەر هەموو تاکێکی فەڕەنسی هەبوو لە ژێر تیشکی ڕۆشنایی کتێبی بیرمەندەکانی وەکو ڤۆڵتێر و جان جاک ڕۆسۆ و مۆنتیسکۆ. ئەم شۆڕشە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە سیستمی دەرەبەگایەتی لە فەڕەنسا لە نێوان ١٧٨٩-١٧٩٢ ناپلیۆن لەو ڕۆژگارەدا بە وردی دەیڕوانییە گۆڕانکارییەکان، لە ڕۆژی ١٠ـی تەممووزی ساڵی ١٧٩٢ کاتێک شۆڕشگێڕان هێرشیان کردە سەر کۆشکی لویسی ١٦ و بە دیل گرتیان ناپلیۆن بە هاوڕێکەی گووت "شانشینی فەڕەنسا کۆتایی هات و ئێستا کاتی دروستبوونی کۆماری فەڕەنسایە". 

ڕاستەوخۆ دوای شۆڕشی فەڕەنسا و سەرکەوتنی کۆماری خوازان لە خوارووی فەڕەنسا و لە شاری تۆڵۆن کە دوا شوێنی بۆربنەکان (لویسەکان) و لایەنگرانی پاشایەتی بوو جەنگی تۆڵۆن ڕوویدا لە ساڵی ١٧٩٤-١٧٩٥ کە ناپلیۆن تیایدا وەک سەر لەشکری سوپای کۆمارییەکان بەشداری بکات و پێشڕەوی کرد بۆ گەمارۆدانی شارەکە. هەرچەندە تەمەنی تەنها ٢٤ ساڵ بوو و ٧٠٠٠ سەربازیشی لەگەڵ بوو دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی سوپا متمانەیان بەم گەنجە نەبوو. ناپلیۆن چونکە لە بواری تۆپهاوێژی خوێندبووی توانی کەڵک ببینێت لە تۆپهاوێژەکان و توانی لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا لە شاری تۆلۆز یاخود تۆڵۆن کۆنتڕۆڵ بن و لایەنگرانی پاشایەتی شکست پێ بهێنن بۆربنەکانیش بەیارمەتی هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا دوورخرانەوە. 

هاتنی بۆ دەسەڵات

لە نێوان ساڵانی ١٧٩٦-١٧٩٩ ناپلیۆن لەشکرکێشی کردە سەر خاکی ئیتاڵیا و میسر و سووریا و توانی داگیریان بکات. دوابەدوای ئەم سەرکەوتنانە لەلایەن کۆمارییەکان کرایە کونسوڵی فەڕەنسا و دواتریش بووە کونسوڵی یەکەم. کە لە دەنگدانێکدا ١٠٠٪ ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆماری فەڕەنسا دەنگیان بە ناپلیۆن دا. دوای ئەمە ناپلیۆن هەوڵیدا دەسەڵاتی خۆی زیاتر بسەپێنێت بەسەر کۆمارییەکان ئەوە بوو لە ساڵی ١٨٠٠ دوای بردنەوەی جەنگی مارنگۆ لە باکووری ئیتاڵیا گەلی فەڕەنسا بە تەواوی متمانەیان پێی کرد تا ببێتە سەرۆکی فەڕەنسا.  بەڵام ناپلیۆن سەرۆکایەتی ڕەت کردەوە لە بری ئەوە لە ساڵی ١٨٠٣ لە ڕێوڕەسمێکدا خۆی وەکو ئیمپڕاتۆری ڕەهای فەڕەنسا ناساند و تاجی خرایە سەر. کە بەم جۆرە تا ساڵی ١٨١٤ ماوەی ئیمپڕاتۆریەتەکەی بوو و بەشێکی زۆری ئەورووپای داگیرکرد و زۆرینەی گەنجی وڵاتەکەی بە کوشتندا تاوەکو پەیامی شۆڕش بگاتە هەموو ئەورووپا. 

گرنگترین جەنگەکانی ناپلیۆن لە نێوان ١٨٠٣-١٨١٥

ناپلیۆن لە ژیانیدا ٦٥ جەنگی ئەنجامداوە و لە هەموو جەنگەکاندا دەسەڵاتی بەسەر سوپاکەیدا هەبووە واتا وەکو سەرباز بەشداری هیچ جەنگێکی نەکردووە. یەکەم جەنگی بریتیبوو لە ئازادکردنی شاری تۆڵۆن لە ١٧٩٤-١٧٩٥ کە توانیان لە ماوەی کەمتر ٢٤ کاتژمێر بڕۆنە شارەکەوە بەڵام ئازادکردنی هەرێمەکانی تری سەر بە تۆڵۆن درێژەی کێشا کە بەجەنگی بۆردۆکس ناسراون. کۆتا جەنگیشی بریتی بوو له جەنگی واتەرلۆ لە بەلجیکا ساڵی ١٨١٥. 

جەنگی مارنگۆ

یەکێک لەو جەنگانەی زۆر گرنگە لە ژیانی ناپلیۆن جەنگی مارنگۆیە لە باکووری ئیتالیا کە ساڵی ١٧٩٩-١٨٠٠ ڕوویدا و بە سەرکەوتنی فەڕەنسا و شکستی کۆماری باکوور (لامباردی) و ئیپڕاتۆریەتی ڕووسیا و نەمسا کۆتایی هات و خاکی مارنگۆ خرایە سەر فەڕەنسا. دوای ئەم جەنگە ناپلیۆن وەکو کونسوڵی یەکەم دەستووری فەڕەنسای نووسیەوە کە دەقی دەستوور پێچەوانەی خواستی کۆماری و شۆڕشگێڕان بوو هەر بۆیه ئەم جەنگە ناو دەبرێت بە جەنگی چەسپاندنی دیکتاتۆریەت. 

جەنگی ترافلاگەر

ئەم جەنگە لە سنووری ئاوی ئیسپانیا ڕوویدا ساڵی ١٨٠٥ لە ناوچەیەک کە پێی دەوترێت ترافلاگەر، کە تیایدا هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و ئیسپانیا دژی هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا کە کاپتن "هۆرۆ نێڵسن" ناسراو بە جەنگاوەری دەریا سەرکردایەتی دەکرد. ئەم جەنگە دابەش دەبێت بۆ دوو قۆناغ، قۆناغی یەکەم هێزی وشکانی تیایدا بەکارهێنرا و توانرا بەریتانیا ببەزێنن. بەڵام کاتێک قۆناغی دووەمی جەنگەکە دەستی پێکرد بەریتانییەکان توانیان زەبری کوشندە بدەن لە ئیسپانیا و فەڕەنسا. هەڵەی هاوپەیمانی یەکەم کە فەڕەنسا و ئیسپانیا بوون لە جەنگی ئاویدا ئەوە بوو بە دوو هێزی جیاواز شەڕیان کرد لە کاتێکدا بەڵگەی مێژوویی لەبەردەستن بەریتانیا لەم جەنگەدا هاوپەیمانانی دەریای کاریبی هێنابوو کە بە کەشتی ئینگلیزی شەڕیان دەکرد چونکە لە ناویاندا کەسانی ئەفریقی هەبوون.

هەڵەیەکی تریش کەوای کرد جەنگەکە لە بەرژەوەندی ئینگلیزەکان کۆتایی بێت ئەوەبوو فەڕەنسییەکان و ئیسپانییەکان شارەزای شەڕکردن و پلانی یەکتر نەبوون و بۆشایی هەبوو لە نێو هێزەکانیان کە ئینگلیزەکان ئەم خاڵە لاوازەیان لەبەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا و سەرکەوتن. 

مێژوونووسی ڕووس "تارلە" لەم بارەیەوە بۆچوونێکی هەیە دەڵێت "لە کشانەوەدا جارێکی تر هێرشیان کردەوە سەر ئینگلیزەکان گەرچی توانیبوویان هۆرۆ نێڵسن بکوژن بەڵام هەڵەشەیی فەڕەنسی و ئیسپانییەکان وایکرد هەست بە کوژرانی ئەو نەکەن و جەنگەکە بدۆڕێنن". 

جەنگی پروسیا

ئەم جەنگە لە ساڵانی ١٨٠٦-١٨٠٧ بوو واتا دوای تێکشکاندنی هاوپەیمانی دژی فەڕەنسا کە لە نێوان ڕووسیا و پروسیا و نەمسا و بەریتانیا بوو. داگیرکردنی پروسیا (ئەڵمانیا) کارێکی دژوار بوو بە گوێرەی فەڕەنسا چونکە پروسەکان خاوەنی هێزێکی تۆکمە بوون. بەڵام ناپلیۆن سوودی لە سیخوڕی ناوخۆی ئەڵمانیا بینی کە کۆمەڵەی خوێندکارانی پروسیا هەستان بە ئەنجامدانی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە وڵاتکەدا و بەم جۆرە توانیان یەکڕیزی سوپای پروسیا تێک بدەن. لە جەنگی ڤاگرامدا فەڕەنسا توانی پروسیا تێک بشکێنێت و پێشڕەوی بکەن بۆ ناو بەرلین

شاری بەرلین بێ جەنگ ڕادەستی فەڕەنسا بوون و پارێزگاری شارەکەش ئەمەکداری خۆی بۆ فەڕەنسا دووپات کردەوە. 

بۆچوونێک هەیە دەڵێت "ڕووسەکان پێش گەیشتنی ناپلیۆن بە بەرلین هۆشداریان دابووە پارێزگاری شارەکە کە بێ جەنگ شارەکە ڕادەست بکات" چونکە شتێک بەناوی پروس لە ئەڵمانیادا نەمابوو. 

جەنگی ئوستەلیتز

لە دوای جەنگی تێلیست، ڤاگرام، جەنگی ئوستەلیتز یەکێکە لە گرنگترین جەنگەکانی ژیانی ناپلیۆن کە ئەویش شەڕکردنی نێوان (ڕووسیا و نەمسا) بوو دژی ناپلیۆن لە ئوستەرلیتز لە ساڵی ١٨٠٨. لە جەنگەکەدا سوپای ڕووسیا بە سەرکردایەتی (میخائیل کۆتۆزۆڤ) بوو کە سەرکردەی هێڵی پێشەوە بوو لەگەڵ ئەندریاس بارکلای کە سەرکردەی هێزی پیادە بوو، ئیمپڕاتۆری نەمساش سەرکردەی باڵی دووەم بوو. فەڕەنسا بە سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی ناپلیۆن، مورات و میخائیل نەی وەکو هێزی ئەسپ سواری، مەشین سۆڵت وەکو سەرکردەی هێڵی تۆپهاوێژی. ناپلیۆن لەم جەنگەدا فشاری تووندی بەکارهێنا بۆسەر هێڵی پێشەوەی دوژمن کە کاریگەری فشارەکە بۆشایی لە ناو هێزەکان دروست کرد، ئینجا یەکەی ئەسپ سواری فشارەکەیان کاریگەرتر کرد و هێڵی بەرگری دوژمنیان بەزاند و توانیان هەردوو لەشکری ڕووسیا و نەمسا بشکێنن و نەمسا ملکەچ بکەن. 

ئەوپەڕی بەهێزی و لەشکر کێشی بۆ سەر ڕووسیا

مێژوونووسان دەڵێن ئەوپەڕی بەهێزی ئیمپڕاتۆریەتی فەڕەنسا لە نێوان ساڵانی ١٨١٠-١٨١١ بوو. کە لەو کاتەدا پانتاییەکی فراوانی لە ژێر دەستدا بوو هەروەها باری دارایی و ئابووری فەڕەنساش گەشەسەندووترینی ئەورووپا بوو. 

ناپلیۆن ساڵی ١٨١٠ لە جۆزفینی هاوژینی جیابووەوە چونکە جۆزفین توانای منداڵ خستنەوەی نەبوو. وەزیرەکانی فەڕەنسا جگە لە تالیرانی سەروەزیر پێیان باش بوو ناپلیۆن هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکی بچووکی قەیسەری ڕووسیا ئەنجام بدات. کاتێک هەواڵیان پێگەیشت بنەماڵەی ڕۆمانۆڤ گووتیان "کچەکەمان هێشتا ئامادە نییە کەمێک کاتمان پێ بدەن". تالیرانیش ئەمەی بە هەل زانی و لەگەڵ نەمسادا ڕێکەوت کەوا ماری لویزی کچی ئیمپڕاتۆر لەگەڵ ناپلیۆن هاوسەرگیری بکات. ئەوانیش بە دەستورە نهێنییەکەی تالیران کە تا ئەم ساتەش هیچی لە بارەوە نازانرێت ڕازی بوون. ماری لویز بووە دووەم هاوژینی ناپلیۆن و شاژنی نوێی فەڕەنسا کە تا ساڵی ١٨١٤ لە پۆستەکەیدا بوو. 

هێرش بۆ سەر ڕووسیا

هاوینی ١٨١٢ لە سنووری پۆڵەنداوە لەشکری فەڕەنسا چوونە نێو خاکی ڕووسیا. ئەم جەنگە بە دڵی سەردارە ڕووسییەکان نەبوو چونکە دەیان ویست ناپلیۆن پەلکێش بکەنە ناوەڕاستی خاکی ڕووسیا و بەشی زۆری خاکەکەی ڕادەست بکەن، چونکە سوپای ڕووسیا لە جەنگێک لە وەرزی گەرمادا بووبێت شکستی هێناوە بۆ ئەوەی شکست نەهێنن دەیان ویست تا وەرزی سەرما دێت شەڕ نەکەن. 

بەڵام ستەیت ماڕشاڵی ڕووسیا ئیڤان باگراتیۆن بە تەواوی دژی ئەم بابەتە وەستایەوە و بڕیاریدا بەرگری بکات لەگەڵ ستافەکەی خۆی لە وەزارەتی بەرگری. 

ناپلیۆن دەڵێت "ڕووسیا بە درێژایی مێژوو تەنها یەک سەرکردەی هەبووە لێوەشاوەی جەنگ بووبێت ئەویش باگراتیۆن بووە" باگراتیۆن دوو نازناوی هەیە ڕێوی و خواوەندی سوپا. ناپلیۆن تەنها ترسی لەو هەبوو لە ناو ١٠٠ سەرکردە پێشەنگەکەی سوپای ڕووسیا. 

لە هەمان  ساڵدا واتا ١٨١٢ لە سەربازگەی بۆردینۆ لەشکری باگراتیۆن و ناپلیۆن بە یەک گەیشتن، جەنگێکی کوشندە بوو زیاتر لە ١٢٠ هەزار سەرباز بەتەنها لەم جەنگەدا کوژراون، ناپلیۆن لە گێڕانەوەکانیدا دەڵێت "ڕووسەکان زۆر خۆڕاگر بوون تۆپەکانمان ئاڕاستە دەکردن، دەکەوتن و هەڵدەستانەوە" ئەم شوێنەی جەنگەکەی تێیدا ڕوویدا پێی دەڵێن دۆڵی مردووان لەم سەردەمەدا چونکە دوای سێ ساڵ ئینجا توانرا هەموو کوژراوەکان لاببرێن.

سوپای فەڕەنسا لەم جەنگە سەرکەوتووبوو چونکە ئیڤان باگراتیۆن لەم جەنگەدا کوژرا و سوپای ڕووسیا ورەیان شکا. دوای ئەمە کە تەنها ١٣ کیلۆمەتر دووربوون لە مۆسکۆ ناچار کران بە ڕێگایەکی دوورتردا خۆیان بگەیەننە مۆسکۆ چونکە لەشکرەکەیان زۆربەی لەناوچووبوو فەڕەنسییەکان چاوەڕێی سوپای پاڵپشتیان دەکرد، ئەمەش ئەو هەڵەیە بوو ئەنجامیاندا ئەگەر ڕاستەوخۆ ڕۆیشتبان ئەوا ڕووسەکان نەیان دەتوانی مۆسکۆ ئاگر تێبەربدەن. 

کاتێک گەیشتنە شاری مۆسکۆ ئیتر شەو کە پشوویان دەدا بڵێسەی ئاگر بەهۆی کاریگەری با خێراتر بڵاوبووەوە و لەو شەوەدا ٧٥-١٠٠ هەزار سەربازی تری فەڕەنسا لە ناو ئاگردا سووتان.

ساڵێک دواتر کە بەردەوام لە ناوخۆی ڕووسیادا هێزی فەڕەنسا بەردەوام بۆسەی بۆ دادەنرا و پردەکان دەتەقێنرانەوە و کۆگاکان دەسوتێنران لەشکری فەڕەنسا کە سەرەتا ٦٦٠ هەزار سەرباز بوون لە کاتی گەیشتن بە ڕووسیا، لە کاتی پاشەکشەدا تەنها ٩٥٠٠ سەرباز مابوونەوە.

جەنگی واتەرلۆ و کۆتایی ئیمپڕاتۆریەت

 لە ساڵی ١٨١٤ ناپلیۆن دەستی لە کارکێشایەوە چونکە ڕێژەی گەنجانی وڵاتەکەی کەم ببوونەوە هیچ کەس ئامادە نەبوو شەڕی بۆ بکات، هاوپەیمانان پێشوازیان لە بڕیارەکەی کرد بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ فەرمانڕەوایی دوورگەیەکی دەکرد بەناوی ئاڵپ. بەڵام دوای ئەم ١٠٠ ڕۆژە لە شەوێکدا گەڕایەوه پاریس و دەستی گرتەوە بەسەر حووکمڕانیدا و کاتێک هاوپەیمانان ئەمەیان بیست تەواو شۆک ببوون. نەیان توانی ڕێگری بکەن و ناچار بە داواکارییەکانی ناپلیۆن ڕازی بوون. 

ناپلیۆن لە ساڵی ١٨١٥ لە سنووری بەلجیکا لەناوچەیەک بەناوی واتەرۆ ڕووبەڕووی لەشکری ئینگلیز بووەوەکە دۆک ویلینگتۆن سەرکردایەتی دەکردن. فەڕەنساش ناپلیۆن سەرکردەی گشتی بوو، میخائیل نەی سەرکردەی ئەسپ سواری، جنڕاڵ گروجی سەرکردەی هێزی پاڵپشت، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەری تۆپخانە چوونە جەنگەکەوە. سەرەتا فەڕەنسییەکان پێشڕەویان کرد و واتەرلۆیان داگیرکرد و ئاڵای فەڕەنسایان هەڵکرد کاتێک میخائیل نەی ئاڵاکەی بینی ڕاستەوخۆ هێزەکەی جووڵاند، ویلینگتۆنیش پلانێکی خێرای دانا کە چوارگۆشەیان بە هێزی تفەنگ بە دەستەکان دروست کرد و لە هەموو لایەکەوە تەقەیان دەکرد و کۆتاییان بە لەشکری ئەسپ سواری هێنا. ئەوەی مابووەوە تەنها هێزی پاڵپشت بوو کە جەنڕاڵ گروجی سەرکردەی بوو کە دەیان توانی جەنگەکە یەکلا بکەنەوە بەڵام گروجی نەهات و خۆی ڕادەستی ئینگلیز کردبوو، بەم جۆرە ناپلیۆن شکا لە واتەرلۆدا.

کۆتایی ئیمپڕاتۆڕ

ناپلیۆن دوای شکستی واتەرلۆ خۆی ڕادەستی ئینگلیزەکان کرد ئەوانیش بە دیلکراوی گواستیانەوە بۆ دوورگەی سانت هێلینا لە ڕۆژاوای ئەفریقا تاوەکو لە ژێر چاودێری خۆیاندا بێت و نەتوانێت بگەڕێتەوە ئەورووپا. ئەوە بوو لە ساڵی ١٨١٦ بە کەشتی بولتفورد گواستیانەوە سانت هێلینا و تا کۆتایی تەمەنی لەوێ بوو. 

لەم دوورگەیەدا لەگەڵ ناپلیۆندا سێ کەسی تری فەڕەنسی لەگەڵ ناپلیۆن دەژیان جگە لە خەڵکی دوورگەکە ئەوانیش لاسکاز گورو و مۆنبلر بوون ئەم سێ کەسە یاداشتەکانی ناپلیۆنیان نووسیەوە تا ئەو کاتەی لە دوورگەکە بوون. 

ناپلیۆن ڕۆژانە لەم دوورگەیە نوێنەرانی وڵاتان سەردانیان دەکرد و دیاری و کەلوپەلیان بۆ دەهێنا. کاتەکانیشی بە خوێندنەوەی کتێب و گەڕان بە نێو دوورگەکە بەسەر دەبرد، ئینگلیزەکانیش بانگهێشتی ژەمی نان خواردنی نیوەڕۆ و شەویان دەکرد و کاتێکیان لەگەڵ بەسەردەرد.

مردنی ناپلیۆن

ناپلیۆن لە ساڵی ١٨٢٠ دا نیشانەکانی شێرپەنجەی گەدەی تێدا دەرکەوت کە وردە وردە لاوازی دەکرد، پزیشکەکەی دەڵێت "نەخۆشییەکەی ئیمپڕاتۆر بەهۆی گەرماوە خێراتر گەشەی دەکرد ئەو نەخۆشییە لە شوێنە گەرمەکاندا بەربڵاوە". لە شەوی ٥ـی ئایاری ١٨٢١ لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا گیانی لە دەستدا. لەسەر وەسێتی خۆی تەرمەکەی گەڕێنرایەوە پاریس و لە کڵێسایەکی لێواری ڕووباری سن دانراوە.


سەرچاوەکان



7485 بینین